ئەمە سێیەمین جارە، کە چەتەکانی پارتی (پەدەکە) لە خەلیفان بۆسە ئەو گروپە گەریلایانە دادەنێن، کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان دا بوون. لە یەکەم بۆسەدا لە ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢١دا، ٣ گەریلای هەپەگە بە ناوەکانی سەروەر سەرحەد، وارگەش چاڤرەش و دژوار بەرخودان شەهید بوون.
دوای ئەو ڕووداوە ئازاربەخشە، دوای نزیکەی مانگێک، لە ٢٨ی ئابی هەمان ساڵدا، گروپێکی پێکهاتوو لە ٧ گەریلا لە کاتی پەڕینەوە لە ئاوی زێی بچوک کەوتنە بۆسەی چەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و ٦ گەریلابە ناوەکانی تۆڵهەڵدان ڕامان، شۆڕش مێردین، ئاخین مەزرێ، شۆڕش جۆلەمێرگ، بروسک مونزور و سەردەم جودی شەهید بوون و گەریلا حەقی زیلان لە ڕووداوەکە ڕزگاری بوو و دوای چەند ڕۆژێک لە ڕێکردن خۆی گەیاندە یەکەیەکی گەریلا و ڕاستی و دروستیی ئەو ڕووداوەی بۆ ڕای گشتی گێڕایەوە.
لە کاتێکدا هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن، کە دەبێت تەرمی شەهیدان ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکرێنەوە و بنەماڵەکان بۆ ئەوەى تەرمەکان وەربگرنەوە ماوەی چەند مانگێک لەبەردەم دەروازەی سێماڵکا چالاکییان ئەنجامدا، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) خۆی لەوە کەڕ و کوێر و لاڵ کردووە.
سەرەڕای هەموو بانگەوازەکان و زانیاریەکان لەسەر ئەو دوو ڕووداوە، پارتی (پەدەکە) ڕاستیەکەی ئاشکرا نەکرد و سوور بوو لەسەر وتە بێ مانا و نانەتەوەیی و نانیشتمانییەکەى خۆی و دەیوت، 'پەکەکە لە خەلیفان چی دەکات' و خواستی بەو وتانە ڕای گشتیی گەلی کورد و جیهان فریو بدات و ڕەوایی بە هێرشە تاوانکارییەکەى بدات.
لە پڕۆسە و قۆناغێکدا، کە گەریلاکان لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا گورزی قورس لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەدەن، سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو چەکە قەدەغەکراو و کیمیاییەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە، بەڵام ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لە زەلکاودا چەقیوە و گەریلا یەک لەسەر یەک گورزی کەمەرشکێنیان لێدەدەن و مەرگیان بەسەردا دەبارێنن، لەم کاتە هەستیارەدا پارتی (پەدەکە) بەدروستکردنی ڕێگا و بنکەی سەربازی هاوکاریی سوپای تورک دەدات و سەربازانی تورک لە گورزی گەریلا دەپارێزێت.
لە قۆناغێکی وەهادا، کە گەریلاکان دواین گورزە بەهێزەکان لە داگیرکارییەکان دەدەن، لە خەلیفانەوە زانیاریی ئەوە هات، کە چەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆسەیان بۆ گروپێکی دیکە لە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان داناوە و زانیاریی سیخوڕییان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر داوە و ئەوانیشان گەریلاکانی بۆردومان کردووە و بەو هۆیەوە چەند گەریلایەک شەهید و بریندار بوون.
ئەمە سێیەمین ڕووداوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا بۆسە بۆ گەریلاکان دادەنێت و لەم بۆسەیەدا لە نزیک گوندی تاراڤا لە دۆڵی بالیسان گروپێکی ٥ گەریلایی لە کاتی تێپەڕبوون دا دەکەنە ئامانج و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردومانیان دەکات. هەپەگە لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، گروپەکە گەریلاکانیان بە ناوەکانی ڕێزان بۆتان، ئارمانج زیلان، کارۆ کۆبانێ، ئاشیکار هەکاری و زانیار تەڤ لەخۆ گرتبوو هەپەگە ڕایگەیاندووە، لەو گروپە گەریلایەدا ٣ گەریلا شەهید بوون و ٢ گەریلای تریش برینداربوون. تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە، کە کام یەک لە گەریلاکان شەهید و بریندار بوون. هەرچەندە هەپەگە داوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی کردووە، بەڵام نە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و نە هیچ لایەنێکی فەرمیی حکومەتی باشوری کوردستان زانیاریی ڕوون و ئاشکرایان لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکان بڵاونەکردووەتەوە.
لە کاتی ڕووداوی دووەمدا لە خەلیفان هەندێک لە سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردەوە، ئەو هێرشە بە فەرمانی فەرماندەی پێشمەرگە عەزیز وەیسی، کە فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانییە و بە فەرمانی بەرپرسی پێشمەرگەکانی ئەو ناوچەیە دلۆڤان ڕوبار ئەنجامدراوە. ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) لەوبارەیەوە لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاند، چەتەکانی ڕۆژ بە ناوەکانی شێران ڕەمەزان سیما، مێڤان عیسا براهیم، ئیسماعیل محەمەد ساڵح و ڕیاز عیسا بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە.
لە دواین ڕووداویشدا لە میدیاکانی سەر پارتی (پەدەکە) لە باشور، کە تایبەت کراون بە شەڕی تایبەت و زانیاریان لەبارەی ڕووداوەکەوە بڵاوکردەوە و ئەوەیان خستەڕوو، میدیاکانی تری باشووریش زانیارییەکانی هەمان ئەو سەرچاوانەیان بەدەست گەیشتووە و بڵاوکراونەتەوە و ڕایانگەیاند، چەند کەسێک شەهید و بریندار بوون. ئەوەش ڕوون بوویەوە، کە بریندارەکان لەلایەن هێزەکانی ئەو ناوچەیەوە بردراون.
ئێمە دەبینین تا ئێستا سەرەڕای ئەو زانیارییانەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو کراونەتەوە، بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە نەداوە. باشە گەریلا شەهید و بریندارەکان لە کوێن؟ تەرمی شەهیدەکان لەکوێن؟ دۆخی بریندارەکان چۆنە؟ ئایا بریندارەکان ڕادەستی تورکیا کراون یان نا؟ ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر چاوەروانی وەڵام دانەوەن، بەڵام بۆچی پەرلەمان و حکومەت لەو بارەیەوە بێدەنگن؟
لە هەر شوێنێکی جیهان ڕووداوێک ڕووبدات، بەرپرسانی حکومەت لەبارەی چۆنیەتیی ڕووداوەکەوە زانیاری بڵاو دەکەنەوە، بەڵام بۆچی پارتی (پەدەکە) ئەم ڕووداوانە دەشارێتەوە؟ شاردنەوەی ئەم ڕووداوانە نیشانەی بەرپرسیاربوونیانە لە ڕووداوەکە.
نە گەلی کورد و نە شۆڕشگێڕانی کورد ئەم هاوکاری و خیانەتە لەبیر ناکەن.
ژ.ت