پێنجوێنی: ٥ ساڵ لەمەوبەر وتمان، ئەمڕۆ عێراق باوەڕ دەکات -١-

پێنجوێنی: بەر لە ٥ ساڵ وتمان کە دەوڵەتی تورک هاتووە بەشێک لە هەرێم و عێراق داگیر بکات، پرسەکە پەکەکە نییە، تیرۆر نییە. ئەمە داگیرکردنی باشوری کوردستان، داگیرکردنی موسڵ و کەرکوکە.

لەبارەی دۆخی عێراق و باشوری کوردستان، رووداو و ئاڵۆزیەکانی عێراق  باشوری کوردستان، بە دوو بەش چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ محەمەد ئەمین پێنجوێنی سیاسەتمەداری ناوداری باشوری کوردستان ئەنجامدا.

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لەبارەی دۆخی عێراق، ئاڵۆزی و دەستوەردانەکانی دەرەکی و هۆکاری دروستنەبوونی حکومەتی نوێی عێرقە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.
 

لەسەر داواکاری گەل هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا ئەنجامدرا. نزیکەی ٩ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێدەپەڕێت، بەڵام حکومەت پێکنەهێنراوە. کێشەی سەرەکی لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت چییە؟ دەستی دەرەکیە، یان پرسێکی دیکەیە؟

زۆر هۆکاری هەیە، یەکێک لەوان کە سەرەکیە؛ دەستوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ و دەوڵەتە زلهێزەکانە. ئێران دەیەوێت لە رووی سیاسی، ئابۆری و سەربازیەوە لە عێراق هێزی خۆی زیاد بکات. ئێران خۆی خاوەنی عێراق دەبینێت و دەیەوێت دەسەڵاتی لەسەر شیعەکانی عێراق زاڵ بکات. ئێستا لە دەستی ئێراندایە، نایانەوێت بە ئاسانی لەدەستی بدەن. یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە ناکۆکی ئەمریکا و ئێرانە. ئێران و ئەمریکا بە ناوی شەڕی سارد لەنێو ئاڵۆزیدان. هەردووکی دەیانەوێت سەروەری خۆیان لە عێراق زیاد بکەن. شیعەکانیش لە عێراق بوونەتە دوو بەش. بەشێک سەر بە ئێران و بەشێکی دیکەش کە سیستانیە کە لە نەجەفە. هەروەها بەریتانیا دەستی درێژی لە عێراق هەیە. لەلایەکی دیکەوە دەستی تورکیا هەیە. بە تایبەتی لەنێو عەرەبە سونەکاندا کە سەر بە ئیخوانن. لەلایەکی دیکەوە ناکۆکی نێوان لایەنە کوردیەکانیش وایکردووە کە حکومەتی نوێ پێکنەهێنرێت. ئەمانە هەمووان هۆکاری سەرەکین کە تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێنراوە.

کێشە ناوخۆییەکانی عێراق چین؟ بۆچی ناتوانن حکومەت پێکبهێن؟ ئایا متمانەی بە یەکدی نییە؟

شیعە دەست لە دەسەڵات هەڵناگرێت. ئێران لە پشتیانە. هێزیان لە عێراق هەیە. ژمارەی شێعەکان لە عێراق نزیکەی ٦٥٪ـە. هەرچەندە دەستووری عێراق بە قسەی ئەوان باشە، 'دەستوری سازشی دیموراسی' و سوننە و شیعە و کورد گەیشتنە سازش. بەڵام داهاتی نەوت وایکرد کە دواتر نێوانی شیعە و سوننە تێک بچێت. هەروەها کورد و حکومەتی ناوەندی تێکچوون و نێوانیان ئاڵۆزی تێکەوت. هەروەها شیعەکانی سەر بە ئێران و شیعەکانی نەجەف دەستیان بە ناکۆکی کرد. کاتێک بە گشتی سەیری دەکەین، بۆیەش نەتوانرا دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. هەوڵەکانی هەموو هێز، گروپ و لایەنەکان ئەوەیە کە زیاتر پارەی نەوت بەدەست بهێنن. شەڕەکە هەمووی لەسەر نەوتە. بابەتی مەزهەبیش زیاد بووە. بابەتی نەتەوە و مەزهەب بووەتە کێشە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە کێ دەسەڵاتدارە، دەست بە سەر داهات و پارەدا دەگرێت.

بۆ ئەوەی لەم دۆخە رزگاریان ببێت، دەبێت چی بکەن؟

بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان، گەڕانەوەیە بۆ دەستووری بنەڕەتی. مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لە خۆی بگرێت و ٨٠٪ی خەڵکی عێراق دەنگی بە دەستوور داوە و بەڵێی بۆ کردووە. هەموو لایەنەکان، چ کورد، چ عەرەب، چ عەرەبی شیعە و پێکهاتەکانی دیکە، ئەگەر بەم شێوەیە بێت، بێنە سەر دەسەڵات رێگە نادەن دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. ئەگەر دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرایە، کێشەی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی چارەسەر دەبوو. ئەگەر بتوانن کاریگەری وڵاتانی دەرەکی وەک ئێران و تورکیا لەسەر عێراق کەم بکەنەوە، ئەگەر بتوانن رێگە لە دەستوەردانی وڵاتانی دیکە بگرن، دەتوانن بەپێی دەستوور هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام رێگە نادەن. پێدەچێت چەند مانگی داهاتوو حکومەتێک پێکبهێنرێت، ئەمە بۆچوونی شەخسی منە؛ پێشبینی دەکەم شەڕێکی گەورە لە عێراق رووبدات. لەوانەیە لەنێوان شیعەکاندا دروست بێت، یان لەنیوان شیعە و سوننە. هەروەها لەنێوان کورد و حکومەتی ناوەندی. یەک لەسەر سێی هەرێمە کوردیەکان لەژێر دەستی تورکیادایە و پێدەچێت زیاتر داگیری بکات. رووداوەکان ئەوەمان پێدەڵێن. ئەوەی ٥ ساڵ لەمەوبەر وتمان، کە دەوڵەتی تورک بەشێک لە خاکی هەرێم و عێراقی داگیرکردووە، پەیوەندی بە پەکەکەوە نییە کە لەسەر ناوی لەناوبردنی' تیرۆر' ئەم کارە دەکات. ئەمە داگیرکردنی باشوری کوردستانە. داگیرکردنی موسڵ و کەرکوکە. ئێستا هێزە سیاسیەکانی عێراق تازە بە تازە دەگەنە ئەو قەناعەتە. ئێمە ٥ -٦ ساڵ لەمەوبەر وتمان. پەکەکە و گەریلا هوشداریاندا و وتیان ' ئەوانە بۆ ئێمە نایەن' بۆ داگیرکردنی عێراق دێن. ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنجومەنی ئاساییش نێودەوڵەتیدا وتی، " تورکیا بەشێکی زۆری لە عێراق و هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە. پێویستە بچێتە دەرەوە. ئەمڕۆ گەیشتوونەتە ئەم قەناعەتە.

بۆ بڕین و کەمکردنی دەستی دەرەکی لە عێراق بێ جیاوازی، پێویستە چی بکرێت؟

ناتوانن. هەوڵ هەیە، بەڵام هەوڵێکی چۆن. ئەمریکا دەیەوێت دەستی ئێران لە عێراق ببڕێت، یان کەم بکات. هاوکات ئێران بە هەمان شێوە دەیەوێت سیاسەتی ئەمریکا و لایەنەکان کەم بکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە تورکیا ئامادەکاری دەکات بەشێک لە خاکی عێراق داگیر بکات. لە موسڵ بگرە تاوەکو کەرکوک و خانەقین کە زیاترین سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی هەیە لەم هەرێمانە. بە بۆچوونی من شەڕ روودەدات. خوێن دەرژێت. بەپێی پێشبینی من جارێکی دیکە هێزی ئەمرئکا و بەریتانیا بە شێوەی سیاسی و سەربازی دێنە هەرێمەکە. ئەمە لەژێر دەستی ئەوان چارەسەر دەبێت. یان پێچەوانە گۆڕانکاریەک لە ئێران و تورکیا دروست ببێت، گۆرانکاری لەو دوو وڵاتانە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە گۆڕانکاری لە عێراق دروست ببێت. بە بۆچوونی من چارەسەری نزیک ئەوەیە کە شەڕێک دروست ببێت، ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانە نزیکەی ٨ بۆ ١٠ ساڵ بەردەوام دەبێت. دواتر کام هێز و لایەن سەربکەوێت، ئەو کاتە ئارامی و ئاسایش دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمەکە.

پێشنیازتان چییە کە عێراق لەم دۆخە ئاڵۆزە بێتە دەرەوە؟

ئەوەی بۆ عێراق باشترین بژاردە بێت ئەوەیە کە شێعەکان سازش بکەن. کورد لەنێو خۆیدا سازش بکات. لەنێو سونەکانیشدا ناکۆکی هەیە، بەڵام لەسایەی عەرەبەکان و سعودیادا دۆخیان باشترە. ئەگەر هەمووان رێبکەون، لەسەر دابەشکردنی نەوت و سامانەی، پێکهێنانی حکومەت رێبکەون و جێگەی خۆیان لە حکومەتدا بگرن، چارەسەری دەبێت. بۆچی ئەمەم وت؛ بۆ ئەوەی لەم دۆخە رزگار ببن، ٨ -١٠ ساڵی پێویستە. بۆ ئەوەی هەندێک هێز هەڵبوەشێن. داهاتیان کەم دەبێت، یان ببڕدرێت، ئەو کاتە هوشیار دەبنەوە. ئەگەر لایەنەکان رێبکەون، لە ماوەی چەند ساڵدا حکومەتێک باش پێکدەهێنرێت."

ف.ق