"پێویستە لە دەوری ڕۆژئاوای کوردستان یەکبگرین"

موحسین عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فراکسیۆنی یەنەکە و ئەندامی کەنەکە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا و هێرشە داگیرکارییەکانی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند؛ گەلی کورد لە قۆناغێکی مێژووییدایە، بۆیە پێویستە هێزە کوردییەکان یەکبگرن.

موحسین عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژئاوا و هێرشەداگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و ڕایگەیاند؛ گەلی کورد لە ڕۆژئاوا رووبەڕووی دەرفەتێکی مێژوویی بوەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە بەرامبەر هەڕەشەکان هەڵوێستی نەتەویی بگیرێتەبەر.

دەرفەتە مێژووییەکان و هەڕەشەی دوژمنان

موحسین عوسمان لەسەرەتای قسەکانیدا؛ "سڵاوی ئاراستەی گەنجانی کوردستان، گەریلا و پێشمەرگەکانی بەرەکانی شەڕ، شەڕڤانان و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و هەروەها سڵاوی لە بەرخۆدانی زیندانیان و ئەوانەی لە دەربەدەریدا دەژین و ئەوانەی بە هەوڵ و چالاکییەکانیان بەشداری لەم بەرخۆدانە مێژووییە دەکەن کرد."

موحسین عوسمان ڕایگەیاند؛ کە گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، ئەمڕۆ دەرفەتێکی گەورە بۆ گەلەکەمان هاتووتە ئاراوە. ڕۆژئاوای کوردستانیش وەک باشور کوردستان لە سەروبەندی گەیشتن بە دەستکەوتەکاندایە. بەڵام دوژمنانمان هەوڵ دەدەن بەهەر شێوازێک بێت دەرفەتەکان لەناوببەن. سکاڵا و گلەیی لە دوژمنان نەکەین، پێویستە ئێمە بۆ خۆمان یەکگرتوو بین.

موحسین عوسمان دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای وەک هەلێکی گەورە بۆ گەیشتن بە یەکگرتوویی کورد هەڵسەنگاند و وتی: "هەرچەندە دژایەتی زۆر هەیە لەنێوان دوژمنانمان، حکومەتی تورکیا، وڵاتانی عەرەبی و فارس، بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد، هەموویان دژایەتییەکانیان بەلاوە دەنێن و یەکدەگرن. هەروەها دەبێت ئێمەش لە پێناو گەلەکەماندا ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین."

موحسین عوسمان ئاماژەدان بەوەکرد کە ڕۆژئاوای کوردستان بە قۆناغی سەختدا تێدەپەڕێت و داوای لە هەموو گەلی کورد کرد لەم دەرفەتە مەزنە لە دەوری شۆڕشی ڕۆژئاوا یەکبگرن و وتی: "لێرەدا بانگەوازی من بۆ هەموو لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی بە ئاشکرا یان بە نهێنی هاوکاری دوژمن دەکەن و ئاسانکاری بۆ هێرشەکانی دوژمن دەکەن ئەوەیە کە بە هۆشی خۆتاندا بێنەوە و ئاو بە ئاشی دوژمندا مەکەن. ئەگەر ئەمڕۆ دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا لەدەست بچێت، سبەی دەستکەوتەکانی باشوریش لەدەست دەچێت. دوژمنانی گەلی کورد یەکێکن و دژی تەنیا بەشێک و لایەنێك نین بەڵکوو دژی هەموو کورد و دەستکەوتەکانین."

موحسین عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە لۆبی کورد لە دەرەوەی وڵات وتی: "ئەگەر ناتوانن بچنە ڕۆژئاوا، لە هەر شوێنێک هەن بە نووسین، پەیام و چالاکییە دیپلۆماسی و چالاکییەکان دەتوانن پشتیوانی لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ڕۆژئاو بکەن. بەو شێوەیە ئەگەر کەمێکیش بێت، هیز و مۆڕاڵ بدەن بە گەلەکەمان."

"چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی ئاشتی"

موحسین عوسمان بە ئاماژەدان بەوەی کە کورد لە دوای پەیمانی لۆزانەوە بەردەوام ڕووبەڕووی ئێش و ئازارێکی قورسی بووەتەوە و پرسی ئازادی گەلی کوردی بە سەرچاوەی کێشەکانی وڵاتانی تورکیا، عەرەب و فارسی زانی و وتی: "هەتا کورد نەبێتە خاوەن ستاتۆ و پێگەی خۆی دانەمەزرێنێت و ئازادیەکانی بەدەست نەهێنێت ، نەک گەلی تورک، نە عەرەب و نە فارس ناتوانن بە ئارامی بژین. لەبەر ئەوەی پرسی سەرەکی چارەسەر نەکردنی پرسی کوردە."

کۆبانی هێمای بەرخۆدانە

موحسین عوسمان، قسەکانی مەزلوم دۆغان، یەکێک لە کادیرە پێشەنگەکانی پەکەکەی بە بیر هێنایەوە کە وتی: "بەرخۆدان ژیانە"، کۆبانی بە هێمایەک لە مێژووی کورد بەناو کرد و وتی: "کۆبانی هێمای بەرخۆدانە، بەهەزاران قارەمانمان لەوێ بەهایەکی گەورەیان بەخشی و بۆ ئازادکردنی تێکۆشانێکی ئەفسانەویان بەڕێوەبرد. ئەمڕۆش بەهەمان شێوە قارەمانەکانمان بەرخۆدان دەکەن. پێویستە ئەم بەرخۆدانە لە هەموو شوێنێک بڵاوبکەینەوە و بە هێزەوە خاوەنداریان لێبکەین."