پیران هەرکی: دەنگی ئازاد بە زیندانکردن کپ نابێت

پیران هەرکی، یەکێک لە زیندانیکراوانی بادینان لە بارەی زیندانیکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان لەلایەن پەدەکەوە دەڵێت: "دەنگی ئازاد بە زیندانکردن کپ نابێت"، هاوکات چەند پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤ لەناو زیندانی هەولێر ئاشکرا دەکات.

سلێمان ئیسماعیل ناسراو بە پیران هەرکی، یەکێکە لە زیندانیکراوانی بادینان و چالاکوان و چاودێری سیاسی و پێشمەرگەی دێرین بووە. ئەو لەبارەی زیندانکردنی زیندانیکراوانی بادینان لەلایەن پەدەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی وت: "ماوەی ساڵێک و دوو مانگ لە زیندانی گشتیی هەوڵێر بە ناحەق دەستگیرکرام، پەدەکە ئەم هەڵمەتەی لە ساڵی ٢٠٢٠ دژی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییە سیاسییەکان دەستپێکرد و لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە ٢٣ کەسی لە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان لە زیندانی گشتیی هەولێر زیندانی کرد."

پیران هەرکی سەبارەت بەوەی بۆچی پەدەکە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیندانی دەکات و ئەشکەنجەیان دەدات وتی: "یەکێک لەو هۆکارانەی وا لە پەدەکە دەکات دەنگی ئازاد زیندانی بکات ترسە لەوەی ڕای ئازاد ڕاستی و حەق بە گەل دەگەیەنێت و بێ پلانی و بێ سیستمی و گەندەڵی ئەوان دەدات بە گوێی گەلدا، پەدەکە زیاتر لە دەوروبەر و سنورەکەی خۆی دەترسێ، بۆیە ڕێ بە ئازادی لە سنوری خۆیدانادات و زیندانیمان دەکات، بەڵام دەبێت ئەوە بزانێت دەنگی ئازاد بە زیندانیکردن کپ نابێ، ڕای ئازاد بە ئازادی بێدەنگ دەبێت، بەڵام پەدەکە هیچ کات خۆشی لەدەنگی ئازاد نەهاتووە هەمیشە بەسەرچاوەی ئاشکرابوونی بێ پلانی و گەڵدەڵییەکانی خۆیی زانیوە."

پیران هەرکی لەبارەی مامەڵەی ناو زیندانی پەدەکە ئەوەشی خستەڕوو:" ئەگەر پێیان بووتمایە لەناو کوردستان زیندانێکی وەها هەیە هیچ کات باوەڕم نەدەکرد، زیندانێک کە پانتاییەکەی ٥.٥ بە ١٢ مەتر بوو، ١٥٠ زیندانیکراوی لە مامۆستای زانکۆ و ڕۆژنامەنووس، ئەندازیار و زیندانی سیاسی لە گەڵ کەسانێک کە کەیسی دزی و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەریان هەبوو هەبوو، راگیرابوون، ئەمەشیان بەو ئامانجە بەکاردەهێنا تا دۆخی دەروونیمان تێکبدەن و هیوامان بە ژیان لەدەست بدەین. ڕۆژێک ئەو شوێنەم هەژمارکرد کە من و دووان لە زیندانیکراوانی بادینان تێیدا نان و ئاومان دەخوارد و دادەنیشتین کە تەنها ٦٥ سم بوو، ئەمە تەنانەت بۆ مافی ئاژەڵیش ناشێت نەک مرۆڤ. یەکێکی تر لە گرفتەکانی ناو زیندان ئەوە بوو کە نە خواردنێکی باش هەبوو کە بخورێت نە دکتۆر و هیچ دڵنیاییەکی تەندروستی بوونی هەبوو، ئەمەش یەکێک بوو لەو ڕێگایانەی پەدەکە شەڕی دەرونی لە دژی ڕۆژنامەنوسان و دەنگی ئازاد پێدەکرد. لەناو زیندانی گشتیی هەولێردا بەهیچ جۆرێک کتێب و سەرچاوەی هەواڵی لە تیڤییەکان بوونی نەبوو کە یەکێک بوو لە پێویستییەکانمان، ئەوەی هەبوو تەنها کۆمەڵێک کەناڵی تەرفیهی بوون و هیچی تر."

پیران هەرکی چالاکوان و چاودێری سیاسی سەبارەت بە مامەڵەی دادگا لەگەڵ ئەواندا وتی:" ئێمە ٧ جار ڕووبەڕووی دادگا کراینەوە و کەیسەکەمان ناکام مایەوە، هەرچەندە چەندین دادوەرلەسەر کەیسەکەی ئێمە سزا دەدران، بەڵام نەیاندەتوانی بڕیار بدەن لەسەرمان و بێدەنگمان بکەن."

هـ . ب