کۆمیتەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی نۆزدەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دڵبرین ماکۆ، هەژدەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شاهۆ دیجلە و سیروان بێستون و چوارەم ساڵیادی شەهیدبوونی ئاریوان شۆڕشگێڕ یاد و ناوی ئەو شەهیدانەی بەرزڕاگرتووە و داواسی لە سەرجەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی ژنان و گەنجان کردووە کە لە رێگەی بەشداری لە ریزەکانی گەریلاوە یاد و بیرەوەری شەهیدان بەرزڕابگرن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "٢٤ی حوزەیران (ژوئەن)ی ٢٠٢٤ هاوکاتە لەگەڵ نۆزدەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ محەمەد لەتیف ئەمیری ناسراو بە دڵبرین ماکۆ، هەژدەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هاوڕێیان زاهید حیسامی ناسراو بە شاهۆ دیجلە و محەمەد عەلی سەیدی ناسراو بە سەیوان بێستون و هەروەها رۆژی ٢٥ی ژوئەنیش چوارەم ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ رێبوار قولی زادە بەناوی کۆد ئاریوان شۆڕشگێڕە. بەم بۆنەوە یاد و بیرەوەری ئەو تێکۆشەرە شۆڕشگێڕە راستەقینانەی گەل و هەروەها یادی سەرجەم شەهیدانی مانگی ژوئەن بەرز رادەگرین".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دڵبرین ماکۆ ساڵی ١٩٨١ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپاڕێز لە گوندی بەغچەلی سەر بە شاری ماکۆ چاوی بە جیهان پشکوتووە، ساڵی ١٩٩٩ دوای پیلانگێری نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رۆڵی لە رێکخستنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر بەو پیلانگێرییە هەبووە و لە هەمان ساڵدا پەیوەست بووە بە ریزەکانی گەریلا و لە دامەزراندنی پەژاکیشدا لە ساڵی ٢٠٠٤ رۆڵی پێشەنگایەتی گێڕاوە و ٢٥/٦/٢٠٠٥ لە بۆسەیەکی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران و بەکرێگیراواندا لە ناوچەی دەشتەبێلی سنۆ دوای پێکدادانێکی سەخت و خۆڕاگرییەکی قارەمانانە شەهید بووە.
سەبارەت بە سەهید سەیوان بێستونیش هاتووە: ساڵی ١٩٨١ لە کرماشان لەدایکبووە و دوای ناسینی ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٨ پەیوەست بووە بە ریزەکانی گەریلا و وەک تێکۆشەرێکی کۆڵنەدەر و لەخۆبوردە هەموو ئەرکەکانی بەسەرکەوتوویی بە جێگەیاندووە و وەک فەرماندەیەکی گەنج و ئازا ساڵی ٢٠٠٦ لە شەڕ دژی سوپای تورکی داگیرکەر لە هەرێمی زاپ لە دوای چەند رۆژ بەرخودانی شکۆدار شەهید بووە.
لەراگەیەندراوەکەی کۆمیتەی شەهیدانی پەژاک لەبارەی شەهید شاهۆ دیجلەش هاتووە، کە ساڵی ١٩٨٠ لە شاری جوانڕۆ هاتووەتە دنیا، ساڵی ١٩٩٩ دوای بەشداری لە رێکخستنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی پەیوەست بووە ریزەکانی گەریلا و وەک گەنجێکی رۆسنبیر و داهێنەر تێگەیشتنی قووڵی لەسەر ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەبووە و لە کایەی رۆژنامەگەریشدا جێپەنجەی دیاربووە و ئەندامی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بووە و ٢٤/٦/٢٠٠٦ لە شەڕ لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر لە هەرێمی زاپ لەگەڵ شەش هەڤاڵی دیکەی شەهید بووە.
هەرچی سەبارەت بە شەهید ئاریوان شۆڕشگێڕیشە هاتووە، کە لەدایکبووی بۆکانە و گەنجێکی خوێنگەرم و نیشتمانپەروەر وخۆشەویست لای خەڵک بووە کە بە تێگەیشتن لە "داگیرکەری سیستمی دەسەڵاتداری ئێران و دۆخی نالەباری کۆمەڵگا و تێگەیشتنی دروست لە پرسی کورد رێگەی چیا سەرکەشەکان و درێژەدا بە رێبازی پێشەنگانی وەک عاکیف مامۆ زاگرۆس، دلێر بۆکان، دڵگەش و ئاراسی گرتووتەبەر و لەماوەیەکی کورتدا پێشکەوتووە و بەردی بناخەی ئازادیخوازی و پێشەنگایەتی شۆڕشگێڕانەی بە پتەوی داناوە و بە شێوەیەکی گیانبازانە تێکۆشاوە. شەهید ئاریوان ٢٥/٦/٢٠٢٠ لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەی شارباژێری سلێمانی شەهید بووە.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "جارێکی دیکە وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری هەڤاڵان "دڵبرین ماکۆ"، "سیروان بێستون"، شاهۆ دیجلە" و "ئاریوان شۆڕشگێڕ و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پەیمان نوێدەکەینەوە کە پاڵپشت بە میراتی بەنرخ و پڕاوپڕ لە ورەی ئەم شەهیدان، تا هێنانەدی ئامانج و ئاواتەکانیان کە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکە درێژە بە تێکۆشان دەدەین، هەروەها داوا لە سەرجەم گەلەکەمان بەتایبەتی گەنجان و ژنان دەکەین بە بەشدارییان لە ریزەکانی تێکۆسان و پێداگری لە سەر رێبازی شەهیدان، یاد و بیرەوەری شەهیدان بە باشترین شێوە بەرزڕابگرن".
هـ . ب