پەژاک: تێکۆشانی شەهید سمکۆ، حەقیقەتی هێڵی بەرگریی رەوای لە دژی کۆمەڵکوژی سەلماند

مەجلیسی پەژاک لە سیانزەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان رایگەیاند، تێکۆشانی هێزەکانی گەریلا بە فەرماندەیی شەهید سمکۆ، راستی و حەقیقەتی هێڵی پاراستنی رەوای گەلی کوردی لە دژی کۆمەڵکوژی و جینۆساید سەلماندووە.

لە سیانزەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندە سمکۆ سەرهەڵدان پێشەنگی داستانی قەندیل مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە دەقەکەی بەم جۆرەیە:

"لە سیانزەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید سمکۆ سمکۆ سەرهەڵدان (ماجد کاویان) یاد و بیرەوەری ئەو وهەموو شەهیدانی رێگەی ئازادیخوازی بە بەرزی رادەگرین. هێڵ و رێبازی شکۆمەندانەی شەهید سمکۆ بۆ خزمەت بە گەلی کورد و ئازادی گەلانی چەوساوە، رێگەی شۆڕشی گەلی کورد لە دژی سیستمە ستەمکارەکانە و شێوەی فەرماندەیی و شۆڕشگێڕبوونە رۆشنگەرانەکەی لەگەڵ وانەکانی فەرماندەیی پاراستنی رەوا، پڕواتا بووە.

هێرشی سیستمی کۆماری ویلایی ئێران بۆ سەر قەندیل و سەنگەرەکانی گەریلاکانی رێگەی ئازادیی کوردستان لە هاوینی ٢٠١١ بە ئامانجی سڕینەوە و پاکتاو ئەنجامدرا، بەڵام تێکۆشانی ئازایانەی هێزی گەریلا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی بەو خەونە نەزۆکە دایەوە. ئەم هێرشانە لە درێژەی یەک سەدە ستەمکاری و چەوسانەوە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدرا تا بە خەیاڵی خۆیان دوایین گورزی وێرانکەر لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بوەشێنن. ئەو هێرشانە وەک هەوڵی سیستمی ئاماژەبۆکرا بۆ ئەنجامدانی جینۆسایدی جەستەیی بە ئاراستەی جینۆسایدی کولتوری بوون، بەڵام لەسایەی فەرماندەیی فەرماندە سمکۆ و هێزی فیدایی گەریلا شکستیان پێهێنرا.

تێکۆشانی هێزەکانی گەریلا بە فەرماندەیی شەهید سمکۆ راستی و حەقیقەتی هێڵی پاراستنی رەوای گەلی کوردی لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی جینۆساید وێناکرد و سەلماندی کە گەلێکی وەک گەلی کورد بە هۆی ئەوەی خاوەن ئەندێشەی و پراتیکی ناوازەیە بۆ بەرگریی رەوا، هەرگیز پاکتاو ناکرێت. ئەوەی شێوازی بێهاوتای فەرماندەیی هێزەکانی گەریلای لە کەسایەتی شەهید سمکۆکان ئاوێتەی حەقیقەت کرد، ئیرادەی ئازادیخوازانەیە کە ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆی کردووەتە بنەمای هەنگاو و پراتیکی خۆی. ئەم داستان و حیماسەیە بە هەموانی نیشاندا کە زیاتر لە سەد ساڵە ستەم و چەوسانەوە لە دژی گەلی کورد لە رێگەی هێرشی سەربازی و مامەڵەی ئەمنیەتی بە ئامانجی پاکتاوی تەواوەتی، هیچ ئەنجامێکی نابێت و تاکە رێگە قەبوڵکردن و داننانە بە هەبوونی گەلی کورد و ئازادییەکانی. لە سایەی هێزی گەریلا و فەرماندەیی شەهیدانێکی وەک فەرماندە سمکۆ، چۆن دەکرێت گەلێکی فیداکاری وەک گەلی کورد، چۆک بۆ پەستی خۆبەدەستوەدان دابدات. دەرکەوت کە داستانی قەندیل، چیای نەبەزیوتر و لە شکان نەهاتووتر کرد و کردی بە گۆڕەپانی گەورەترین تێکۆشانی سەدە. هەربۆیە لەمەودوا گەلەکەمان ئاسودەیە کە هەبوونی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە چیائازادەکانی کوردستان دەستەبەر و گەرنتی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئازادیی تەواوەتیە و ئەگەرچی رێگەکە دژوارە، بەڵام سەرکەوتن نزیکە.

گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکەوتنی پەژاک و فەرماندە سمکۆ و هەڤاڵانمان، وەها بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی بونیادناوە کە لە سایەی ئەو بزوتنەوەیە ئەمڕۆ لە قۆناغی وشیاربوونەوە باگاهاتنەوە و ئۆپراسیۆنی ئازادیخوازانەدایە. راستترین شێوازی تێکۆشانی هەڵبژاردووە و بڕوای تەواوەتی بە داهاتووی شکۆداری هەیە. بەم ورە پتەو و لەبننەهاتووەوە لەسەر راستەرێگەی دژواری ئازادی دیموکراسی هەنگاوی هەڵگرتووە و بووەتە نمونەی بێهاوتا بۆ گەلانی چەوساوەی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. بە دڵنیاییەوە پەژاک بووە بە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بۆ گەلەکەمان، چونکە هیوای دوژمنانی بە جینۆسایدی تەواوەتی لەباربردووە و هەر ئەمەش ببووە هۆی رقی دوژمن و هۆکاری هێرش بۆ سەر قەندیل بوو لە ساڵی ٢٠١١.

روونە کە حیماسەی قەندیل لە سایەی گیانبازی شەهید سمکۆ و هەڤاڵانی شەهیدمان و هێزی گەریلا، پەیوەندیی قووڵی نێوان گەریلا و گەلی پتەوترکردووە. لەم حیماسەیەدا شێوازی نوێی فەرماندەیی لە شکاننەهاتوو و فیدایی تاقیکرایەوە و لەسایەیەوە، بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە چەند قۆناغدا پلەکانی گەشە و پێشکەوتنی بڕی. چیتر دەبێت سیستمی کۆماری ویلایی ئێران بزانێت کە پرسی کورد لە رێگەی سەربازی و پاکتاوی توندوتیژانە و جینۆساید چارەسەرناکرێت و تا بەدەستهێنانی ئەنجامی دیموکراتیک، گەلەکەمان لە سەر ئەم رێگەیە ناوەستێت. چونکە تاکە رێگەی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان، کۆمەڵکوژیەکان، ستەمەکان و رزگارکردنی هەموو گەلانی ئێران، چارەسەری پرسی کورد لە رێگەی دیموکراتیک و بەدەر لە هەموو جۆرە رێکارێکی شەڕ و جەنگسالارانە و کوشتارە.

ئەنجومەنی "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)" لە سیانزەهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندەی شەهید، سمکۆ سەرهەڵدان، یاد و بیرەوەری سەرجەم شەهیدانی حیماسەی قەندیل و بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان بەرزڕادەگرێت. بێگومان هێزی گەریلای ژنانیش لە خوڵقاندنی حیماسەی قەندیل گیانبازییان کرد و میراتی ئەوان لەمڕۆدا لە سەر رێبازی شەهیدانی پێشەنگی وەک "شەهید بەرفین، شەهید عەگید توشپا، شەهید عەگید مەهاباد، شەهید ساریا و شەهید ئەویندار" بەنرخترین ماف ئازادییە بۆ گەلەکەمان. داری ئەم بزوتنەوەیە لە لایەن شەهیدانی گەلەکەمان بە خوێنی خۆیان پاراوکراوە و بە دڵنیاییەوە ئاکامەکەی جوان، دروست، چاک و ئازاد دەبێت. ئەم رێگەیە دەتوانێت ئازادی بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە دیاریبهێنێت، چونکە لە هەبوونی پەژاکدا پوختەی سەرجەم بزوتنەوەکانی ژنان، ژینگە، گەنجان، کرێکاران، مامۆستایان و رۆشنبیران و توێژەکانی کۆمەڵگا شاراوەتەوە. بە داکۆکی رۆڵە ئازا و قارەمانەکانی گەلەکەمان لەم رێبازە ئازادیخوازیە و لە هێزەکانی گەریلا، زیاتر لە ئازادی نزیک دەبینەوە".