' قەدەغەی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان مایەی قەبوڵکردن نییە'

پارێزەر جەمال دەمیر ناڕەزایەتی بەرامبەر سەپاندنی قەدەغەی ٦ مانگەی ئەنجامدانی دیدار بەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندا و وتی، "ئەمە مایەی قەبوڵکردن نییە. دەبێت دەسەڵات هەستیاری رای گشتیی کوردان بە هەند وەربگرێت. ئەمە رووداوێکی زۆر جدییە".

پارێزەر جەمال دەمیر رایگەیاند، دەبێت هۆکاری سەپاندنی قەدەغەی شەش مانگەی دیدار بە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٦ی نیسان دەرکراوە بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێت و وتی، "دەبێت رابگەیەندرێت کە بە هۆی چ هەڵوێستێکەوە بەڕێز ئۆجالان سزای دیسپلینی بەسەردا سەپێندراوە. ئەمە بابەتتێکە مایەی قەبوڵ کردن نییە. دەبێت دەسەڵاتداری هەستیاری رای گشتیی کوردان بە هەند وەربگرێت. ئەوە رووداوێکی جددییە".

لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ بەدواوە هیچ هەواڵێک لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ەوە بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی برایەوە بۆ تورکیا و ٢٤ ساڵە لە ژێر هەلومەرجی دژواردا لە زیندانی جۆری ئێفی ئیمراڵی زیندانی کراوە، بەردەست نییە. گۆشەگیری و قەدەغەی دیداری عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە و تادێت قووڵتر دەبێتەوە. دوایین جار ٣یەمین دادگای سزا قورسەکانی بورسا بە بڕیاری ٢٦ی نیسانی خۆی سزای ٦ مانگ قەدەغەی دیداری بەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپاند. پارێزەر جەمال دەمیر باسی لەوەکرد قەدغەی دیداری شەش مانگە کە لە ٢٦ی نیسان دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرچووە، نایاساییە.

'چاو و گوێی هەموو کەس لە دوورگەی ئیمراڵییە'

دەمیر باسی لەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠٢٠بەدواوە هیچ دیدار و پەیوەندییەکی رووبەڕوو لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالاندا ئەنجام نەدراوە و وتی، "هەم دیدار لەگەڵ پارێزەران و هەمیش بنەماڵەکەی بە رێکوپێکی ئەنجام نەدراوە. دوای توڕەییەکی قورس لە ناو کۆمەڵگادا لە ٢١ی ئاداری ٢٠٢١ رێگەیان دابوو کە بە تەلەفون قسە لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برایدا بکات، بەڵام پەیوەندییە تەلەفونیەکەش زۆر کورت بوو، واتە پچڕێنرابوو. لەو کاتەوە تایئێستا هیچ پەیوەندییەکی رووبەڕوو و دەنگی لەگەڵ بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام نەدراوە. نە تەلەفون، نە نامە، نە سەردانی فەرمی، نە سەردانی بنەماڵە و پارێزەران ئەنجام نەدراوە. ئەمە رووداوێکی زۆر جددییە. ئاشکرایە کە لە دەرەوەی یاسا شێوازێکی دژواری ئەشکەنجە پەیڕەو دەکرێت. زۆر جار داوا لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرا لە پێناو هەڵگرتنی گۆشەگیری، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە. سەرباری ئەوەی سی پی تی ساڵی ٢٠٢٢ سەردانی ئیمراڵی کردبوو، لەبارەی ناوەرۆکی سەردانەکەوە هیچ راگەیەندراوێکی بۆ رای گشتی نەداوە. لەبارەی دۆخ و هەلومەرجی ئۆجالان، دۆخی گۆشەگیری، هەلومەرجی تایبەت، هەلومەرجی تەندروستی و سەلامەتیدا زانیاری رانەگەیەندراوە. لەو رۆژە بەدواوە کۆمەڵگا لەسەرپێن و لەچالاکیدان، چاو و گوێی هەموو کەس لە دوورگەی ئیمراڵییە. کەس نازانێت لە دوورگەی ئیمراڵی چی روودەدات".

'کۆمەڵگای کورد بەرامبەر بەڕێز ئۆجالان هەستیارە'

دەمیر وتی، "زۆر بە باشی ئەوە دەزانرێت کە کۆمەڵگای کورد بەرامبەر بە بەڕێز ئۆجالان هەستیارە. ئەو هەستیارییە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە. لەبەر ئەوەی حکومەتی هاوپەیمانی گەیشتووەتە ئەم ئاستە دەبێت تورکیا بە شێوەیەکی جدی ئەو بابەتە چارەسەر بکات. لەبارەی هەلومەرجی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان روونکردنەوەیەکی پێویست و قایلکەر بە رای گشتیی بدرێت. لەو رووەوە چاوەڕوانیەکیش هەیە. ئەم هەڵوێستەی دەسەڵات هەم لە دژی یاساکانی خۆی و هەمیش لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێلکارییەکی قورسە. ئەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەی واژۆیان کردووە بە شێوەی دژوار پێشێل دەکرێن. ماوە ماوە نوسینگەی پاڕێزەران سەردانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا یان دادگای دەستووری هەمیشەیی دەکات. بە تایبەت لەم بابەتەدا پێشێلکاری بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش هەیە. لەچوارچێوەی رێککەوتنەکان تائێستا حکومەت هیچ پەیڕەوێک لەسەر ئەو بابەتە دەرنەکردووە.درێژەپێدان بەو هەلومەرجانەی گۆشەگیریی دژوارکراو مایەی قەبوڵکردن نییە".

' ئەو دۆخە مایەی قەبوڵکردن نییە'

دەمیر باسی لەوەکرد کە لە مانگی نیساندا قەدەغەی نوێ لەسەر دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان داندراوە و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "لەم ماوەیەی دواییدا دیسان بە پاساوی سزای دیسپلین دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵە ئاستەنگ کراون. سزای دیسپلین بوونە دۆخێکی نائاسایی. ئەو سزایانەی دیسپلین بەردەوام وەک پاساو نیشان دەدرێن. ئەم سزایانەی دیسپلین چین، دەبێت بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێن. واتە دەبێت روونبکرێتەوە کە کام هەڵوێستی بەڕێز ئۆجالان پاساوی سەپاندنی سزای دیسپلین بوون. ئەمە بابەتێکە مایەی قەبوڵ کردن نییە. دەبێت دەسەڵات هەستیاری رای گشتیی کوردان بە هەند وەربگرێت. ئەمە رووداوێکی جددییە. دەبێت هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێت".

هـ . ب