قەسەدە: ٢ چەتە کوژراون و ٦ی دیکەش بریندار کراون

قەسەدە ڕایگەیاند لە شەڕ و چالاکییە بەرپەرچدانەوەکانییاندا ٢ چەتە کوژراون و ٦ی دیکەش بریندار کراون. ئاماژەش بەوەکراوە ٢ درۆن خراونەتەخوارەوە.

ڕاگەیاندراوی قەسەدە

هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە بەرخۆدانەكانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەكانی دەوڵەتی تورك لە دەوروبەری قەراقۆزاق ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دوێنێ شەڕڤانانمان لە میحوەری پردی قەرەقۆزاق بەچەند ئۆپەراسیۆنێك وەڵامی هێرشی هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی دایەوە، كە تیایدا بنكە داگیركەرەكانی تورك و شوێنی كۆبوونەوەی چەتەكان كرایە ئامانج، بەڵام ڕێژەی زیانەكان نەزانراوە.

 ئاماژە بەوەشكراوە، فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك زنجیرەیەك هێرشیان دەستپێكرد و چەند گوندێكی دەوروبەری پردی قەرەقۆزاقییان لە باشووری كۆبانی كردە ئامانج، لەوانە گوندەكانی 'غەسەق، مەلحە، تینح' و فڕۆكەخانەی سارین،  بۆردومانەكەش تەنیا زیانی ماددی لێكەوتەوە .

هاوكات فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی تورك هێرشی بۆ سەر دەوروبەری بەنداوی تیشرین دەستپێكرد، هەروەها تۆپبارانی توندی گوندێكیشیان كرد، شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەكانی داگیركەری توركیان دایەوە، لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی وردەوە شوێنی كۆبوونەوەی بەكرێگیراوانیان كردە ئامانج لە گوندەكانی باكووری بەنداوەكە، كە تێیدا ژمارەیەك چەتە كوژران و برینداربوون، بەڵام ژمارەیان نەزانراوە.

چالاکیی یەکنەکانی شەهید هارون

ئەوەش خراوەتەرٍوو، یەكینەكانی شەهید هارون ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی چەتەكانیان كردە ئامانج، جگە لە خاڵێكی كۆبوونەوە كە تیایدا تونێلیان درووستكردبوو، كە لە ئەنجامدا دوو چەتە كوژراون و شەشی دیكەش برینداربوون.

باس لەوەشكراوە، فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك هێرشیان كردە سەر گوندی شێخ عوبەید، دواتر شەڕڤانانمان دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی خۆكوژی چەتەكانیان خستە خوارەوە.

لە كۆتای ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، چەتەكان هێرشیان بۆ سەر گوندی 'شوخ فەوقانی' لە ڕۆژئاوای كۆبانێ دەستپێكرد، كۆمپانیای ئاوی شارەكەیان كردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەر كۆمپانیاكە كەوت. ئاماژەش بەوەکراوە بە درێژای دوێنی جموجۆڵی ئاسمانی فڕۆکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر هەرێمەکە بەردەوامە.