سڵاو لە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ کرا و هێرشەکان شەرمەزارکران

سیاسەتمەداران کە لە "چالاکییەکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادی" قسەیان کرد، سڵاویان لە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ کرد و گوتیان: "پێویستە دەوڵەت هەنگاوبنێت، هێرش و پرۆسەیەک پێکەوە نابن".

کۆبوونەوەی ئازادی

پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە چوارچێوەی "چالاکییەکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئازادی" لە چەند شارێکدا کۆبوونەوە لەگەڵ گەلدا ئەنجامدرا.

قەرس

دەبەپە و دەم پارتی لە قەرس لەگەڵ گەلدا کۆبوونەوە. پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی شارەوانی و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن پەرلەمانتار یەڵماز هون تیشکی خستەسەر گۆشەگیری و پلانەکانی لەناوبردنی گەلی کورد، گوتی: "هەر چوار پارچەی کوردستان دژی ئەم گۆشەگیری و پلانی لەناوبردنە بەرخۆدان دەکەن. هەروەها لە ٧٢ وڵات گەل لە گۆڕەپانەکانن، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان و ئازادیی جەستەیی وی".

هون تیشکی خستەسەر پرۆسەی دیالۆگی ئێستە، ڕایگەیاند نابێت لەلایەک باس لە پرۆسە بکرێت و لەلایەکی تر هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا و دانانی قەیوم هەبێت، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بۆ پێکەوەژیانی گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیک پێشنیاری خستەڕوو. ئیتر کاتی هەنگاونانی دەوڵەتە. بەڕێز ئۆجالان و گەلی کورد بۆ ئاشتی ئامادەن. پێویستە سەرەتا گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت. دەبێت دەوڵەتی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا کۆتایی پێ بهێنێت و ستاتۆی ڕۆژئاوا قبووڵ بکات".

مێرسین

دەم پارتی لە مێرسین لەگەڵ گەلدا کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە لە بینای دەم پارتی مێرسین ئەنجامدرا.

سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی سەزای تەمەلی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند ڕێگەی سێیەم تاکە ڕێگەیە، گوتی: "هۆکاری قەیرانی سیاسی لە تورکیا، پرسی کوردە کە هەموو جیهان قبووڵی کردووە. تا پرسی کورد چارەسەر نەکەن. ناتوانن لەم خاکەدا هیچ پرسێک چارەسەر بکەن".

تەمەلی ڕایگەیاند ڕێگەی ئاشتی بە ئیمراڵیدا تێدەپەڕێت و موخاتەبی چارەسەر ڕێبەر ئاپۆیە، گوتی: "چارەسەری پرسکەنا بە نەتەوەی دیموکراتیک دێتەدی. چارەسەر لە بنیاتنانی پێکەوەژیاندایە".

تەمەلی تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەر، دووپاتی کردەوە پاش شکستی پرۆسەی ئاشتی ساڵانی ٢٠١٣_٢٠١٥ تورکیا کەوتە نێو پشێوییەوە، لەبری بەدیهێنانی دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ، دەسەڵات "پلانی لەناوبردنی ئامادەکرد.

تەمەلی جەختی کردەوە پێویستە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی مەزن بکرێت بۆ ئامادەکردنی زەمینەی دانوستان، دووپاتی کردەوە ئەم سەردەمە سەردەمی گۆڕانی دیموکراتیکە، دانانی قەیوم و گرتن و بۆردوومانی بەنداوی تشرین هیچی لێ سەوز نابێت، گوتی: "ئەوەی لەسەر ئێمەیە مەزنکردنی تێکۆشان و ڕێکخستنە. بەڕێز ئۆجالان وەک دانوستانکاری سەرەکی هەر هەنگاوێک بنێت ئێمە پشتگیری دەکەین".

کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەردەوام بوو.

سەمسور

لە سەمسوریش لە هۆڵی بۆنەکان کۆبوونەوە ئەنجامدرا. ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و گەل بەشداربوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن، هاوسەرۆکی دەم پارتی سەمسور، حوسەین جۆشکون، ڕایگەیاند ئەرکی هەمووانە کاربکەن بۆ ئەوەی دیدارەکان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامیان هەبێت، گوتی: "پێویستە وەک کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجان، هەموومان زەمینەی تێکۆشانی هاوبەش بەهێز بکەین. بە سیاسەتی قەیوم ئیرادەی گەلی کورد لەبەرچاو ناگیرێت. پێویستە لەمەودوا پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت. بۆ ئەمەش هەرچیمان لەدەست بێت دەیکەین".

کۆبوونەوەکە بە پێشنیار و ڕەخنەی بەشداربووان کۆتایی هات.

بەدلیس

لە هۆڵی شارەوانی ناوچەی تەتوانی بەدلیس کۆبوونەوەی گەل ئەنجامدرا.

هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیک (کەجەدە) بەردان ئۆزتورک تیشکی خستەسەر تێکۆشانی گەلی کورد بۆ پاراستنی ناسنامە و کەلتووری خۆی، تیشکی خستەسەر هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و شەهیدکردنی هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان.

ئۆزتورک ڕایگەیاند هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا بۆ بێدەنگکردنی گەلی کوردە، بەڵام سەرناکەون، گوتی: "ئابووری تورکیا بەهۆی دوژمنایەتی و هێرشی سەر کورد ڕووخا. ئەگەر چارەسەرێک هەبێت، لای بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. بەڕێز ئۆجالان بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە و بەدیهێنانی ئاشتی، دەستی درێژ کردووە. بەڕێز ئۆجالان باوەڕی بە گەلی خۆیەتی و گەلیش باوەڕی بە بڕیارەکانی بەڕێز ئۆجالانە".

کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕاگەیاندن بەردەوام بوو.