دەنیز ئارارت گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) شیکاریی بۆ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، بەرخودانی حەفتانین و هێرشی دەوڵەتی تورک کرد و رایگەیاند، لە ئەنجامی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دا رێبەری گەلی کورد ناچار بوو لە سوریا بڕواتە دەرەوە و راشیگەیاند، "پێش هەموو شتێک یادی شەهیدانی شۆڕش بەرز رادەگرم، کە دوای پیلانگێڕیی نێونەتەوەی بە دروشمی "ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن" چالاکییان ئەنجامدا.
یەکیک لە ئامانجەکانی پیلانگێڕییەکە دەستوەردان بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گەورەترین لەمپەری بەردەم پرۆژەى هێزە پیلانگێڕەکان پەکەکە و رێبەر ئاپۆ بوون. زۆرێک بزووتنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیدا بوون، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانەوە هیچیان پێشنەکەوتن. بەڵام پەکەکە و ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر سەرکەوتنی پرۆژەی هێزە ئیمپریالیستەکاندا بووە لەمپەر. پەکەکە ٤٠ ساڵە لە دژی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە تایبەتی لە دژی دەوڵەتی تورک تێدەکۆشێت. چەتەکانی داعش کە بوونە بەڵا بەسەر جیهانەوە تەنها لەلایەن هێزە ئاپۆییەکانەوە راوەستێنرا. لەبەر ئەوەش دەوڵەتە پیلانگێڕەکان ناچار بوون لەگەڵ هێزە ئاپۆییەکاندا رێبکەون".
تووشی سەندرۆمی حەفتانین بوون
ئارارت باسی بەرخودانی حەفتانین لە دژی سوپای داگیرکەری دەوڵەتى تورک کرد و وتی، سوپای تورک شانازی بە تەکنەلۆژیا سەربازییەکەى خۆیەوە دەکات و دەیەوێت پەکەکە پاکتاو بکات. سوپای تورک چاوەڕێ بوو گەریلا لە بەرامبەر تەکنەلۆژیاکەیاندا نەتوانێت چالاکی ئەنجام بدات و وتی، "لە سەرەتای هێرشە داگیرکەرییەکانەوە هێزەکانی گەریلا چالاکییان ئەنجامدا. سوپای تورک ئێستا لە ناو سەندرۆمی حەفتانین دایە. لەبەر ئەوەشە بەرپرسانی تورک تاوەکو سەر سنوور دێن و سەردانی سەربازەکانیان دەکەن و دەیانەوەێت ورە بە سەربازەکانیان بدەن. سەربازانی تورک لە ناوچەى حەفتانین لە پێ کەوتوون، بۆیە دەیانەوێت بەو سەردانانە بیانخەنەوە سەرپێ.
دەوڵەتی تورک هەموو رۆژێک پڕوپاگەندەی "ئێمە لەناومان برد، کۆتایمان پێهێنا، گورزمان لێدان" بڵاودەکاتەوە، بەڵام هیچ یەک لەوانە راست نین. هەموو ساڵێک دەڵێن، پەکەکە لە ناو دەبەین، بەڵام پەکەکە ساڵ بە ساڵ گەورەتر دەبێت، هەنگاو و هەڵمەتی نوێ دەنێت و گورزی گەورە لە دوژمن دەدات. گەریلاش لەم قۆناغەدا بە رێباز و تاکتیکی نوێ خۆی بەهێزتر کردووە. دەوڵەتی تورک لە گۆڕەپانەکانی ناوخۆ تەنگاو بووە و بە بنبەست گەیشتووە و بۆ ئەوەى خۆی لەو دۆخە رزگار بکات هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی گەریلا، بەڵام ئەو پلانەیان لەلایەن گەریلاوە پووچ دەکرێنەوە".
تێکۆشانی گەل و گەریلا سەرکەوتن مسۆگەر دەکات
ئارارات ئاماژەى بەوەکرد، دەوڵەتی تورک بەهۆی ئەو گورزانەى لەلایەن گەریلاوە لێی دەدرێت شۆک بووە و لەبارەی رێبازی نوێی شەڕی هەگەپەوە وتی، "رێبازی نوێی شەڕی هەپەگە لە حەفتانین ئاشکرا بوو. گەریلاکانی کوردستان بە تێکۆشانی ٤٠ ساڵەیان سەلماندیان، کە دەوڵەتى تورک بەو ئۆپراسیۆنانە ناتوانێت سەربکەوێت. زۆرێک لە ئۆپراسیۆنەکانیش لەسەر دەستی گەریلا تێکشکاون. رێبازی نوێی هەپەگە تەکنەلۆژیای سەربازی پووچ دەکاتەوە. هەر خۆی جگە لە تەکنەلۆژیا هیچیان بۆ نەماوەتەوە، کە پڕوپاگەندەی پێوە بکەن. ئێمە لە حەفتانین جارێکیتر ئەوەمان بینی، کە سەربازەکان توانا و هێزی ئەوەیان نییە، کە بتوانن لە دژی گەریلا شەڕ بکەن.
راستە لە حەفتانین چوونەتە چەند شوێنێک، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە، کە گەریلا لەو ناوچانەدا نییە. گەریلا لە هەموو شوێنێکدایە. دەبێت هەموو کەس لەو راستییە تێبگات. هەڵمەتی کەجەکە بە ناوی "گۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری بەسە، کات کاتیی ئازادییە" تەنها لەلایەن گەریلاوە بەڕێوەنابرێت. کاتێک گەل و گەریلا بە بەرپرسیاریی خۆیان هەستن، ئەو کاتە ئێمە باشتر و زیاتر بەهێز دەبین. لە ساڵی ٢٠١٢دا ئێمە بە تێکۆشانێکی لەم شێوەیە دوژمنمان بردە بەر پێی رێبەرایەتی. تێکۆشانی گەل و گەریلا سەرکەوتن مسۆگەر دەکات. هێزە ئاپۆییەکان چۆن داعش-یان تێکشکاند، ئەوا بە دڵنیاییەوە چتەکانی ئەردۆغانیش تێکدەشکێنین. بۆ ئەوەى پیلانگێڕی پووچ بکرێتەوە و کۆتایی بە داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بهێنرێت، ئێمە گۆڕەپانی بەرخودان بەهێزتر دەکەین".
ژ.ت