رێپێوانی ٨ی ئادار لە سلۆپی: کەس ناتوانێت رامانبگرێت
لەناوچەی سلۆپی ژنان بە بۆنەی ٨ی ئادار رێپێوانیان کرد و جەختیان لەوەکردەوە کە کەس ناتوانێت تێکۆشانی ئەوان رابگرێت.
لەناوچەی سلۆپی ژنان بە بۆنەی ٨ی ئادار رێپێوانیان کرد و جەختیان لەوەکردەوە کە کەس ناتوانێت تێکۆشانی ئەوان رابگرێت.
ژنانی بۆتان بە بۆنەی ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنانەوە بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) و ئەنجومەنی ژنانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە سلۆپیی شڕنەخ بە دروشمی "کات کاتی ئازادی ژنانە" رێپێوانیان کرد.
ژنان لە گەڕەکی جودی کۆبوونەوە و بەرەو بینای هەدەپە دەستیان بە رێپێوان کرد. پەرلەمانتاری هەدەپەی شڕنەخ نوران ئیمیر، هاوسەرۆی شارەوانی سلۆپی عەداڵەت ئایدن، رێکخستنەکانی هەدەپە لە ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر ژن بەشدارییان لە رێپوانەکەدا کرد.
لە رێپێوانەکەدا پلاکاردی "کات کاتی ژن، ژیان، ئازادییە" و وێنەکانی ناوچەکانی بومەلەرزە، وێنەکانی ئەو ژنانەی تیرۆر کراون وەک ناگیهان ئاکارسەل، ئەڤین گۆیی، دەنیز پۆیراز و هەروەها وێنەی زۆر ژنی دیکە کە کوژراون بەرزکرانەوە. دواتر لەبەردەم بینای رێکخستنی هەدەپە لە ناوچەکە نوڕان ئیمیر لێدوانی دا.
ئیمیر وتی، "لێرەوە سڵاو لەسەرجەم ژنانی چوار پارچەی کوردستان دەکەین کە لە دژی ستەم و زۆرداری خۆڕاگری دەکەن. ٨ی ئادار لەوان پیرۆز بێت.ئێمە لە سەدەی ٢١دا لە دژی ئەو کەسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر ئیرادەی ژنان تێدەکۆشین. با بیبینن کە ژنان لە گۆڕەپانەکاندان. ژنان دەیانەوێت سیستمی هەنووکەیی بگۆڕن. ئەوانەی بەرامبەر بە کۆیلایەتی و ستەم دەوەستنەوە و خۆڕاگری دەکەن ژنانن. ژنان لە دژی تواندنەوەی کولتوری و جینۆساید دەنگی خۆیان هەڵدەبڕن. کۆمەڵکوژکردنی ژنان نەک هەر لە وڵاتەکەمان، بەڵکوو لە سەرتاسەری جیهان بەردەوامە. ژنانی کورد ج ئازارێک بچێژن، ژنانی تورک، عەرەب و ئەرژەنتینیش هەمان ئازار دەچێژن. ئێش و داواکارییەکانمان هاوبەشن".
نوران ئیمیر بە ئاماژەدا بو هێرش و گوشارەکان بۆ سەر ژنان باسی لەوەکرد، " ناتوانن سەرمان پێدانەوێنن. ئێمە ئەو دۆخە قەبوڵ ناکەین و گوڕ بە تێکۆشان دەدەن. بەو گیانەوە ئاڵای تێکۆشانە دەشەکێنینەوە. بە گیانی ژن، ژیان، ئازادی پەرە بە تێکۆشانی ژنان دەدەین. نەک هەر ٨ی ئادار ئێمە هەموو رۆژێک لە گۆڕەپان و مەیدانەکاندا دەبین. کەس ناتوانێ لە بەرامبەر ئەم تێکۆشانە بوەستێت و رامانبگرێت".
چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.
هـ . ب