سەبارەت بە ئاستەنگییەکانی زمان و خوێندنی کوردی لە کەرکوک کۆڕێک بەڕێوەچوو
لە کۆڕێکدا، باس لە "ئاستەنگییەکانی زمان و خوێندنی کوردی" لە کەرکوک کرا و تێیدا ڕەخنە لە دەسەڵاتی کوردی گیرا کە کەمتەرخەم و بێ پلان بووە لە ئاست زمان و خوێندنی کوردی.
لە کۆڕێکدا، باس لە "ئاستەنگییەکانی زمان و خوێندنی کوردی" لە کەرکوک کرا و تێیدا ڕەخنە لە دەسەڵاتی کوردی گیرا کە کەمتەرخەم و بێ پلان بووە لە ئاست زمان و خوێندنی کوردی.
کاتژمیر ٤ی ئێوارە لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەژێر ناونیشانی "هەڵوەستەیەک لەسەر ئاستەنگییەکانی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکوک" کۆڕێک بۆ عەبدولرەحیم حەسەن نووسەر مامۆستا ڕێکخرا.
لە کۆڕەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستا و کەسایەتیی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوان ئامادەبوون، سەرەتای کۆڕەکەش بە ناسینی ژیاننامەی نووسەر دەستی پێکرد، پاشان عەبدولڕەحیم حەسەن نووسەر بە ووتنەوەی شعرێکی بێکەسی شاعیر دەربارەی نشتیمان دەستی بە کۆڕەکەی کرد، پاشان ناوبراو باسی لە قەدەغەکردنی زمان و خوێندنی کوردی کرد لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس، دواتر باسی قۆناغی دوایی ڕووخانی رژێمی بەعس کرد و تیشکی خستسەر ئاستەنگییەکانی بەردەم زمان و خوێندنی کوردی کرد لە شارەکە و ناوچەکانی دیکەی عێراق کرد.
خراپی دۆخی زمان و خوێندنی کوردی کەمتەرخەمی دەسەڵاتی کوردییە
نووسەر لە کۆڕەکەدا ووتیشی: "تا کار لەسەر ئەوە نەکەین کە زمانی کوردی لە دامودەزگاکان وەکو زمانی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەوە زمانی کوردی قەتیس دەمینێت، سەرەڕای ئەوەی زمانی کوردی لەدەستوری عێراق زمانێکی فەرمییە بەڵام کەمتەرخەمی دەسەڵاتی کوردی هەبووە لە پەرپێدان و بەرفراوان کردنی زمانی کوردی لە عێراق".
عەقڵیەتی بەرتەسکی حزبی زاڵ بووە
هەروەها مامۆستا عەبدولڕەحیم حەسەن ووتیشی: "بەداخەوە جێگای ڕەخنەیە کە دەسەڵاتی کوردی کاتێک دوای ڕووخانی رژێمی بەعس گەرانەوە بۆ کەرکوک و ناوچەکە بێ پلان بوون و لە ئاستی گەورەیی کەرکوک نەبوو و لە ئاستی گەورەیی زمانی کوردی نەبوو بەڵکو عەقڵیەتی بەرتەسکی حزبی زاڵ بوو بەسەر دیاری کردنی بەڕێوبەرەکان بڕیارەکاندا".
زمان و خوێندنی کوردی لەیەکتر جیاناکرێنەوە
نووسەر عەبدوڵرەحیم حەسەن، سەبارەت بە کۆڕەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئاستەنگییەکانی بەردەم خوێندنی کوردی لە کەرکوک ناونیشانی کۆڕەکەی ئەمرۆمان بوو، منیش لە کۆڕەکەدا ئەو ئاستەنگیانەم پۆڵین کرد بۆ دوو جۆرە کە بریتیین لە ئاستەنگی سەرەکی و لاوەکی، هەروەها تیشکمان خستەسەر چۆنیەتی گەشەکردنی زمانی کوردی چونکە زمان و خوێندنی کوردی لەیەکتر جیاناکرێنەوە، بۆتە تا کار لەسەر فراوان کردنی زمانی کوردی بکەین ئەوەندە دەتوانین کار لەسەر پێشکەوتنی خوێندی کوردی بدەین لە کەرکوک".
هەوڵ و خەباتی ئێمە بۆ بەرفراوان کردنی زمانی کوردییە
هەروەها ئەو نووسەرە لەدرێژەی قسەکانییدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتیشی: "دەبینین لە دامودەزگاکاندا زمانی کوردی جێگای خۆی نەگرتووە لەم شارەدا، بۆیە خوێندنی کوردی تووشی ئاستەنگ بووە و لەناو بەڕێوبەرایەتی خوێندنی کوردیدا قەتیس کراوە، هەوڵ و خەباتی ئێمە بۆ ئەوەیە کە خوێندنی کوردی زمانی دەوڵەتی وەربگرێت و بەرفراوان بێت".
دەسەڵات کەمتەرخەمە لەبەرامبەر مافی مامۆستایان
لە کۆتای قسەکانیدا، عەبدوڵرەحیم حەسەن نووسەر و مامۆستا، باسی خراپی دۆخی مامۆستایان کرد لەسایەی پشتگوێ خستینیان لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە و ڕایگەیاند: "ئاستەنگی لاوەکیش هەیە کە لای هەمووان ئاشکرایە لە ئەمرۆدا مامۆستایانی کورد کۆمەڵێک کێشە و گرفتی هەیە و لەنێوانیشیاندا مامۆستا بەهۆی بێ مووچەی دەناڵێنێت، بۆیە ئەرکە لەسەر دەسەڵات کە لەئاستی خۆیدا هەڵوەستە لەسەر کێشە و گیروگرفتەکانی مامۆستا بکات، وە دەسەڵات وەڵامی داخوازییەکانی مامۆستایان بداتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت، ئەگەر بێت و کار لەسەر کێشە گیروگرفتەکانی مامۆستا نەکرێت و کەمتەرخەمی بەرامبەر مافی مامۆستا بکرێت ئەو کاتە مامۆستا ناتوانێت ئەو پەیامەی کە پێیەتی وەکو خۆی بیگەینێت".