بەڕێوەبەری دەزاگی بنەماڵەی شەهیدان سەعدون میرزا عەلی لە ٢١ی شوباتدا لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە شەنگال شەهید بوو و بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی چیای شەنگال بەخاکسپێردرا.
سەعدون میرزا عەلی لە دوای فەرمانەکەی ٢٠١٤ەوە بەشداری لە بەرگریکردن و پاراستنی شەنگال کردبوو، لەماوەی ١٠ ساڵی رابردووشدا لە بواری بەرگرییەوە تا کاروبارەکانی ئەنجومەنەکانی گەل، لە چەندین بواردا خاوەن رەنج و تێکۆشان بوو. گەلی شەنگال کە خاوەنداری لە شەهیدانی کردووە، ئەو بەڵێنەی دوبارەکردەوە کە لەبەرامبەر هێرشەکاندا هەرگیز چۆک دانادات و تۆڵەی شەهید سەعدون میرزا لە دوژمن دەکاتەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی گەلی گوهبەل عەلی خێری رایگەیاند، کۆمەڵگەی ئێزدی چەندەش شەهید ببەخشێت هەرگیز دەستبەرداری دۆزی خۆی نابێت و وتی، " دەوڵەتی تورک دەڵێت، 'من پەکەکە دەکەمە ئامانج'، بەڵام لە راستیدا دەوڵەتی تورک پێویستە بڵێت، شەنگال دەکەمە ئامانج تا کۆمەڵگەی ئێزدی لەناو بچێت'. دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی کە لە فەرمانی ٢٠١٤دا گەلەکەیان پاراست. ئێمە وەک گەنجانی شەنگال ئامادەین کە بە توندترین شێوە بەرپەرچی داگیرکەرن بدەینەوە. کاتێک گەنجێک شەهید دەبێت، ئێمە بە سەدان گەنج خۆمان ئامادە دەکەین کە شوێنی ئەو شەهیدە بگرینەوە".
'شەهیدانمان نەیانهێشت پلانێکان لە دژی شەنگال بگەنە ئەنجام'
عەلی خدر ئاماژەی بە هەوڵەکانی هێنانەوە بەرباسی پەیماننامەی ٩ی تشرینی یەکەمیس کرد و ئەم پەیامەی راگەیاند، "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، عێراق و بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت پەیمانەکە جێبەجێ بکەن، شەهیدانی ئێمە رێگەیان نەدا کە ئەو پەیمانە جێبەجێ بکرێت. ئەوانەی لە فەرمانەکەدا ئێمەیان فرۆشت، هەرگیز لە شەنگال جێگەیان نابێتەوە. تا ئێزدییەک مابێت، پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەم جێبەجێ ناکرێت".
' عێراق رێگە لەبەردەم هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکاتەوە'
دایکێک بە ناوی وەڵات جانۆ وتی، سەعدون میرزا عەلی تا رۆژی شەهیدبوونیشی لەپێناو خاکی شەنگال تێکۆشاوە و بەم جۆرە بەردەوامبوو: " فرۆکەی شەڕی دەوڵەتی تورک بەسەر ئاسمانی عێراقدا دەسوڕێنەوە، رۆڵەکانی ئێزدی لە بەردەم ماڵەکانیاندا شەهید دەکەن. ئێمە عێراقیش شەرمەزار دەکەین، کە رێگە لەبەردەم ئەو هێرشانە دەکاتەوە. ئێمە ئەوە نە لە دەوڵەتی تورک و نە لە دەوڵەتی عێراق قەبوڵ ناکەین. ئەو رۆڵانەمان شەرەف و خاکی ئێمە دەپارێزن. دەوڵەتان هەموویان دەزانن ئەوانە رۆڵەی ئێمەی ئێزدین. روفاتی شەهیدانی فەرمان تائێستاش لە بەغدان رادەست ناکرێنەوە".
وەڵات جانۆ بەبیری هێنایەوە کە برایەکی سەعدون میرزاش لە پێناو خاکی شەنگالدا شەهیدبووە و هەڵوێستی کۆمەڵگای ئێزدی بەم جۆرە خستەڕوو، "ئێمە چەندەش شەهید ببەخشین، بەهێزتر دەبین. ئێمە بەرامبەر بە دوژمنمان دەوەستینەوە و ئێمە وەڵامیان دەدەینەوە".
'تۆڵەی شەهید سەعدون دەکەینەوە'
ئەندامی ئەنجومەنی گەلی خانەسۆر یوسف جوان ئەوەی خستەڕوو، کە سيعدون میرزا لە کاتی فەرمانەکەوە تا رۆژی شەهیدبوونی لەپێناو کۆمەڵگاکەیدا خەباتی کردووە و بەم جۆرە دوا: "نزیکەی سێ ساڵ لە یەبەشەدا ئەرکی بەرگری لە کۆمەڵگاکەی بەجێ گەیاند، لە کار و خەباتی ئەنجومەنی گەلدا بەشداربوون، لەم دواییەشدا لەپێناو بنەماڵەی شەهیداندا کاری دەکرد. برایەکیشی بەناوی گەنجۆ شەهیدببوو. شەهید سەعدونیش ئەندامی بنەماڵەی هەموومانە، هەموومان باش ئەومان دەناسی. تۆڵەی شەهید سەعدون دەکەینەوە و ناهێڵین ئەوە بەسەر دوژمنەوە بچێت".
هـ . ب