لەبەردەرگای کۆمەڵەی کرێکارانی مێزۆپۆتامیا لە سلێمانی ئەندامێکی کۆمەڵەکە کە تائێستا ناوەکەی رانەگەیەندراوە لەئەنجامی هێرشێکی چەکداری و هەوڵێکی تیرۆرکردندا بە سەختی برینداربووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شارەکە. بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی کرێکارانی مێزۆپۆتامیا لە ژێر چاودێری چڕدایە و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.
مێژوویی هێرشە تیرۆریستیەکانی میت و هاوکارە سیخوڕەکانی
لەم دوایانەدا لەباشوری كوردستان تیرۆری سیاسی روو لەهەڵكشان دەكات. بەتایبەتی لەشاری سلێمانی لەماوەی یەك ساڵی دەربازبوودا تا ئێستا پێنج كردەوە و هێرشی چەكداری تیرۆریستی ـ سیاسی پێكهاتوون و لەئەنجامی ئەو كردەوە تیرۆریستیانەشدا چوار كەس شەهید بوون و لە دهۆکیش وڵاتپارێزێک شەهیدبووە.
یەكەمین هێرش:
لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢١دا لەشاری سلێمانی هاووڵاتیەك بەناوی فەرهاد بارش كۆندۆ كوردێكی باكوری كوردستان كرایە ئامانج و بەسەختی بریندار بوو.
دووهەمین هێرش:
لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ئەندامی كۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پەكەكە لەباشوری كوردستان"یاسین بۆلووت"، ناسراو بەهەڤاڵ شۆكری سەرحەد لەشاری سلێمانی لەئەنجامی هێرشێكی ئەندامانی میتی دەوڵەتی داگیركەری تورك كرا ئامانج و شەهید بوو.
سێیەمین هێرش:
شەوی ١٧ی گوڵانی ٢٠٢٢ محەمەد زەكی چەلەبی كەسایەتی وڵاتپارێزی باكوری كوردستان و خاوەن رستۆرانتی دەنیز لەگەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی درایە بەدەسترێژی گوللە و لە ١٨ی گوڵان لەنەخۆشخانەی شاری شەهید بوو. تا ئێستا لەسەر بكەرانی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە هیچ زانیاریەك ئاشكرا نەكراون.
چوارهەمین هێرش:
لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢ وڵاتپارێز و كەسایەتی ناسراو و ئەندامی دیوانی سەرۆكایەتی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان"سۆهەیل خۆرشید عەزیز"مامۆستا شەماڵ" تیرۆر كرا.
پێنجەمین هێرش:
لەگەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی لەچواری تەشرینی یەكەمی ٢٠٢٢ سەرنوسەری كۆڤاری ژنۆلۆژی و ئەندامی ناوەندی لێكۆڵینی ژنۆلۆژی و چالاكی بواری ژنان و ئاكادیمسین"ناگیهان ئاكارسەل"، تیرۆر كرا.
شەشەمین هێرش:
لە شاری دهۆکی باشووری کوردستان لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٣ دا لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری وڵاتپاڕێزک بە ناوی حسێن تورەلی کە وەک پەنابەر لەو شارە دەژیا تیرۆر کرا و شەهیدبوو. پێشتریش لە هێرشێکی چەکداریدا تورەلی بریندارببوو.
جێگای سەرەنجە تا ئێستا لەسەر دەستگیركردنی بكەرانی ئەو كردەوانە هیچ زانیاریەك بۆ رای گشتی لەلایەن دەزگا ئەمنی و ئاسایشیەكانەوە بڵاو نەكراوەتەوە.
بکوژان لە هەولێر داڵدەدەرێن
خاڵی جێی راوەستەلەسەرکردن ئەوەیە کە بکوژانی ئەو هێرشانە هەموویان بەرەو هەولێر هەڵدین و لەلایەن دەزگای هەواڵگری پارتی (پاراستن)ەوە داڵدە دەدرێن. لە رووداوی تیرۆرکردنی یاسین بوڵوت و زەکی چەلەبیدا سەرباری هەموو بەڵگە سەلمێنراوەکان بکوژان دەستگیرنەکران و ئاشکرابوو کە روویان کردووەتە هەولێر.
لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ٢٠٢١ لانیکەم ١١٢ مەدەنی شەهیدکراون
جێگەی بیرهێنانەوەیە کە دەسەڵاتداری ئاکەپە مەهەپە لە ٢٤ی تەموزی ٢٠١٥ بەدواوە کۆنسێپتی شەڕی خستووەتەکار. لە تەموزی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا تورکیا سەدان جار لە ناوچەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و لە رۆژانی رابردوودا ئەو هێرشانەی چڕکردووەتەوە. لەئەنجامی هێرشی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، شەنگال و مەخمور لانیکەم ١١٢ کەس کە ژن و منداڵیشیان لە نێودایە شەهیدبوون.
هـ . ب