سپای پاسدارانی ئێران هێزی شاراوەی دەوڵەتە

سپای پاسداران وەک دامەزراوەیەکی ئایدۆلۆژی، رێکخستنی و مەزهەبی دامەزراوە، هاووڵاتییەکی گوندی قومقەڵا بە ناوی خوداداد دەروێش زادە لەوبارەیەوە شیکاریی بۆ کردین.

دەوڵەتی ئێران دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژییە، کە خۆی لەسەر مەزهەب بونیاتناوە. عەقڵیەتێکی وشک و دۆگماتیک بەسەریدا زاڵە، بەڵام لە مێژوودا لە ناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لە رووی زانین، فەلسەفە، زانست، پزیشکی و تەکنەلۆژیاوە یەکێک لەو وڵاتانە بوو، کە زۆر پێشکەوتو بوو. کولتور و رۆشنبیریی گەل دەوڵەمەندە و خاوەنی فرە رەنگییە، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو بونیادە وشک و بەرتەسکەی دەوڵەتی ئێراندا نیشانی دەدات، کە گەل نەرمە و بۆ دیالۆگ کراوەیە. بێگومان ئەوەش سەرچاوەکەى بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی هونەر، زانست و پزیشکی لەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە.

سپای پاسداران دامەزرا

لە ئێران لە دەرەوەی "ئەرتەش"ی فەرمی، سپایەک بە ناوی رابەری ئایینی هەیە، کە سپای پاسدارانە. سپای پاسداران ئەو هێزەیە، کە  لە "ئەرتەش" بەهێزترە. سپای پاسداران لە دەرەوەی ئەرتەشی وڵاتان، سوپایەکی ئایدۆلۆژیک، رێکخستنی و مەزهەبییە. سوپای پاسداران سەر بە دامەزراوەی ویلایەتی فەقیهە، کە لە رووی ئاینییەوە پێناسەی بۆ کراوە. لەبەر ئەوەى رێبەری ئێستای ویلایەتی فەقیهـ عەلی خامنەئییە، فەرمانەکان راستەوخۆ لەلایەن ئەوەوە بۆ سپای پاسداران دەردەکرێن. ئەو سپایە زۆربەى گەشەسەندنەکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازیی وڵاتەکەى گرتووەتە دەست. لە رووی چەک و کەرەستەوە جبەخانەیەکی زۆر و گەورەی هەیە.

"سپای پاسداران دەوڵەت بەڕێوەدەبات"

لەبەر ئەوەی ئەو هێزە سەربازییە بونیادێکی ئایدۆلۆژییە، کاتێک لە ناو سپایەدا خیانەتێک، یان بڕوا پێنەکردنێک رووبدات، کەسەکە، یان کەسەکان بە کوشتن سزا دەدرێن. لەوبارەیەوە هاووڵاتییەکی گوندی قومقەڵا لە مەهاباد بە ناوی خوداداد دەروێش زادە دەڵێت،  "ئەوەى دەوڵەتی ئێران بەڕێوەدەبات سوپای پاسدارانە. لە رووی ئایدۆلۆژییەوە زۆر کاریگەرە. ماوەیەک لەو پێش بەهۆی ئەوەى گومانیان لە کەسێک کردبوو، ئەوە کەسە لەلایەن سەربازانی سوپای پاسداران وەک ئەوەى لە کەمینێکدا کوژرابێت، کوژرا، بەڵام لە دواوە لێیانداوە و بە ئەنقەست کوشتویانە. رووداوی وەک ئەوە زۆر روودەدەن. یانی کاتێک لە ناو سپای پاسداراندا خیانەتێک بەرامبەر بە ئایدۆلۆژیای دەوڵەت رووبدات، لە ناوخۆیاندا ئەو کەسە دەکوژن".

"بۆ ئانالیزکردنی سایکۆلۆژیی مرۆڤەکان راهێنان بە ئیتڵاعات دەکرێت"

دەروێش زادە وتی، سوپای پاسداران تەنها دەزگایەکی سەربازیی دەوڵەت نییە، بەڵکو دەزگایەکی ئایدۆلۆژیشە و وتی، "رژێمی ئێران دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژییە و دەیەوێت ئایدۆلۆژیی خۆی لە هەموو شوێنێکدا و لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکاتەوە. لە رووی ئایدۆلۆژییەوە دەیەوێت لە مێشک و عەقڵی کۆمەڵگەدا جێگای خۆی بکاتەوە. هەواڵگریی ئێران، واتە ئیتڵاعات بە ئایدۆلۆژیایەکی وشکی ئیسلامی بە رێکخستنکراوە و بە تایبەتی بۆ ئەوەى سایکۆلۆژی و دەروونی مرۆڤەکان شیکار و ئانالیز بکەن راهێنانیان پێکراوە. بۆ نمونە زانیارییەک بڵاودەبێتەوە، ئەرکدارەکانی ئیتڵاعات لە هەموو شوێنکدا هەن و یان خۆیان بەو شێوەیە نیشان دەدەن، کە وەک گەلێک کەس ئەندامی بەسیجن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کارانە دەکەن بۆ ئەوەى کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکەن وگەل، خزم، بنەماڵە لە یەکتر داببڕن و کەس بڕوا و متمانە بە کەس نەکات، بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەوانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگەى وڵاتپارێز و بەها و نرخاکانیان نییە.

"ئەوەى دەبێت بە بەسیج دەبێت بە هەموو شتێک"

دەروێش زادە لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی، مرۆڤ لە شوێنێک کار بکات، ئەوەى بەسەردا دەسەپێنن، کە دەبێت ببێت بە بەسیجی.  دەڵێن، ئەگەر بەسیجی قبوڵ بکەیت، لە رووی پەروەردە، ئابووری و تەندروستییەوە دەرفەتت دەخرێتە بەردەست و بە ئاسانی سوودمەند دەبیت و لەبەر ئەوەش هێشتا کەسەکە منداڵە هانی دەدەن بۆ ئەوەى ببێتە بەسیج. یانی دەیانەوێت لە منداڵییەوە پەیوەستی بکەن بە هێڵی ئایدۆلۆژیی دەوڵەتەوە. بۆ ئەوەش هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە منداڵان دەکەنە بەسیج.

 دەروێش زادە ئەوەشی وت، منداڵان نازانن دەبنە ئەندامی چی و لە خوێندنگەکانی قۆناغی ناوەندی بە ئەنقەست رێگای بەسیبجبوون دەگرنەبەر و کاتێک پۆلێکی تر، یان قۆناغێکی تر دەبڕن ئیدی دەبنە کادێر و دەتوانن لە رێگەى تۆماری بەسیجبوونەکەیانەوە بڕۆن بۆ زانکۆ. لە راستیدا تا نەبێت بە بەسیج ناتوانێت، یان زۆر زەحمەتە بتوانێت بڕوات بۆ زانکۆ و خوێندنی زانکۆ بخوێنێت.

دەروێش زادە باسی ئەوەشیکرد، وەک شتێکی زۆر ئاسایی و سادەی نیشان دەدەن و کارتێکیان پێدەدەن و دەیانەکەن بە ئەندامی خۆیان، بەڵام لە راستیدا لە کوردایەتی و شکۆی خۆیان دووریاندەخەنەوە. بۆ ئەوەى ئایدۆلۆژیای دەوڵەت بڵاوبکەنەوە و لە منداڵییەوە لە مێشکیاندا دەیچەقێنن و بیرکردنەوەیان ئاراستە دەکەن و بۆ ئەوەش پێویست ناکات کەسەکە ببێت بە شیعەش، ئەگەر ئەو کەسانە هەندێک بنەما و خاڵی دەوڵەت قبوڵ بکەن، دەتوانن لە ناو دەوڵەت دا بۆ خۆیان ببن بە خاوەن قسە و پۆست و پارە.

دەروێش زادە هەروەها وتی، لەبەر ئەوەى هەموو شتەکان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای شیعە دروستکراون، ئەو کەسانە ئیدی هێدی هێدی شیعەبوونیشیان بۆ ئاسایی دەبێتەوە و بڕوای پێدەکەن و تەنانەت بۆ خۆیان دەبنە شیعەش.

"گەلی رۆژهەڵات نابن بە بەسیج"

دەروێش زادە ئەوەشی وت، سەرباری هەموو هەوڵەکانی رژێمی ئێران، بەڵام گەلی رۆژهەڵاتی بڕوایان پێ ناکەن و راشیگەیاند، گەلی رۆژهەڵات زۆربەیان خۆیان لە برسێتی و هەژاریدا دەهێڵنەوە، بەڵام ئامادە نین ئەو کارتە بەسیجییە وەربگرن و ئەگەر کەسێک ئەوە قبوڵ بکات وەک ئەوەى کەرامەتی خۆی شکاندبێت و رێزی خۆی لە دەست دابێت سەیر دەکرێت، بەڵام سەرباری دژواریی دۆخەکەش و چی دەبێت با ببێت، دەبێت گەل بەسیج بوون قبوڵ نەکات.

" هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەى کورد چەک لە دژی یەکتر هەڵگرێت"

دەروێش زادە لە بەشێکی تری وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، سپای پاسداران دەوری کوردستانی گەمارۆداوە و داگیری کردووە، چونکە رۆژهەڵات بە درێژایی مێژووی خۆی بە بەرخودان و بەرەنگاری دەناسرێت و ئەوە روونە، کە داگیرکەران هەموو کات گوشار و زۆردارییان لە دژ ئەنجامداوە و سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنیان لە دژ بەڕێوەبردووە.

دەروێش زادە ئەوەشی وت، "لە کوردستان برەویان بە ئیتڵاعاتبوون و سیخوڕی داوە. لە بنکە سەربازییەکانی سەر سنوور سپای پاسدارانیان داناوە. زۆربەی ئەندامانی سپا لە کوردستان کوردن. هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەى کورد لە دژی گەلی خۆی چەک هەڵبگرێت و بەکاری بهێنێت. ئەو کوردانە، کە کراون بە سیخوڕ لەسەر بنکە سەربازییەکانی سەر سنوور دایاندەنێن. کاتێک لە سنوور کۆڵبەرێک، گەریلایەک، یان هەر کەسێکی تر بیەوێت بپەڕێتەوە، دەیانکەنە ئامانج و تەقەیان لێدەکەن. بەڵام ئێرە خاکی کوردستانە و پەرێنەوە لەمدیوی سنوور بۆ ئەو دیوی سنوور بە درێژایی مێژوو هەبووە. هەموو ئەرکدارانی سەر سنوور لەو بنکە سەربازییانەدا کوردن. گەریلاش، کە لەو سنوورانەوە بۆ ئازادیی وڵاتەکەى خۆی دەپەڕێتەوە کوردە. هەروەها ئەو کۆڵبەرانەى ناتوانن سوود لە بەروبوم و دەوڵەمەندیی وڵاتەکەى خۆیان وەربگرن و بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە هەژار و برسی بوون، بۆ ئەوەى پارویەک نان بۆ ماڵ و منداڵیان پەیدا بکەن باری قورس لەسەر سنوور لە کۆڵ دەنێن و دەپەڕنەوە، ئەوانیش هەر کوردن".

ژ.ت