ئێران دەوڵەمەندی و جیاوازیی کولتوری لە دژی گەلان بەکار دەهێنێت

ئێران دەوڵەمەندیی کولتوری لە دژی گەلان بەکار دەهێنێت، شێواز و رێگایەکی گرتووەتەبەر، کە بە گژ یەکیاندا بکات و لە یەکیان دووربخاتەوە، تەنز و نوکتە لەسەر  یەک دروست بکەن و یەکتر بە کەم و سوک سەیر بکەن.

ئێران دەوڵەمەندیی کولتوری لە دژی گەلان بەکار دەهێنێت، شێواز و رێگایەکی گرتووەتەبەر، کە بە گژ یەکیاندا بکات و لە یەکیان دووربخاتەوە، تەنز و نوکتە لەسەر  یەک دروست بکەن و یەکتر بە کەم و سوک سەیر بکەن.

ئەفروخ فەروخزادە خەڵکی گوندی بارامئاوای سەوڵاوا لە نزیک مەریوان لێکۆڵینەوە لە بارەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەکات و بەمجۆرە باسی کارەکانی رژێمی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات:

"دەوڵەت بۆ هەر ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەتێکی جیاوازی تواندنەوە بەڕێوەدەبات. بۆ نمونە بۆ ئەوەى کورد و ئازەری بکات بە گژی یەکتردا سیاسەتی زۆر و جۆراوجۆری گرتووەتەبەر. کورد و ئازەرییان تێکەڵ بە یەک کردووە و لە ناوەندەکانی دەوڵەت ئەرک و کار بە ئازەرییەکان دراوە. زۆربەیان مەئمورن. هەروەها لە ناوەندە سەربازییەکاندا کار و بەرپرسیارییان پێدراوە، لەبەر ئەوەش کوردان هەموو کات ئازەرییەکانیان وەک دەوڵەت بینیوە و بە دەوڵەتیان زانیوە".

"عەشیرەتەکان لە دژی یەکتر هان دەدەن"

فەڕوخزادە ئەوەشی وت، یەکێکی تر لە سیاسەتەکانی رژێم ئەوەیە، کە خێڵ و عەشیرەتەکان لە دژی یەکتر هان بدەن و لەو رێگەیەوە دەیانبەستێتەوە بە رژێمەوە. رژێمی ئێران هەوڵ دەدات عەشیرەتەکان لە موکریان و لوڕستان بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەت بەکار بهێنێت، لە موکریان ئەوە نمونەى زۆرە و زۆرێک لە عەشیرەتەکانی ئەوێیان راکێشاوەتە ناو دەوڵەت، بەشێکی زۆر لە عەشیرەتەکانیان کردووە بە بەسیج و کردونیان بە مەئمور. بە تایبەتیش و بۆ ئەوەى لە نێوانی هەورامی و سۆرانی جیاوازی دروست بکەن، ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبەن.

وتیشی، "عەشیرەتەکانی موکریان لە دژی کورمانجەکان هاندراون و رێکخراون. بۆ ئەوەى رێگایان پێ نەدەن پێکەوە بژین بە بەردەوامی لە دژی یەکتر دنەیان دەدەن. کاتێک لە دژی کوردان ئۆپراسیۆن دەکەن، بۆ ئەوەى ئەوان  زیاتر بکەن بە گژی یەکتردا، چەتەکانی ئەندامی عەشیرەتەکان دەبەن و بەشداریی ئۆپراسیۆنەکەیان پێدەکەن. هەروەها لە هەرێمەکانی هەورامان، سۆران، ئەردەڵان، مەریوان، هەورامییەکانیان کردووە بە مەئمور".

"بۆ ئەوەى گەنجان بەلاڕێدا ببەن ماددەی هۆشبەر بڵاودەکەنەوە"

فەڕوخزادە لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، رژێمی ئێران لە ناوچانەدا کە شەڕڤانی و تێکۆشانی بەهێزیان تیادایە ماددەی هۆشبەر بڵاودەکاتەوە و گەنجان تووشی ماددەی هۆشبەر دەکات.

 ئەوەشی راگەیاند، دەوڵەتی ئێران لە کرماشان، کە کرماشان بە لایەنی شەڕڤانی و جەنگاوەری ناوبانگی هەیە، ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبات. ئەو کەسانەشی بۆ لای خۆی رادەکێشێت راهێنانی سەربازییان پێدەکات و ئەو هێزە سەربازییەى کرماشان لە شوێنەکانی وەک سنە، کە بۆ بەرەنگاری و بەرخودان بە ناو بانگن، جێگیر دەکات و ئەرکیان پێدەسپێرێت.

ئەوەشی وت، زۆربەى ئەشکەنجەگەرەکان، پۆلیس و ئەوانەى لە سنە لێکۆڵینەوە دەکەن خەڵکی کرماشانن و لەو رێگەیەوە وەستانەوەی  گەل لە دژی کرماشان زیاتر دەکات و بەو شێوەیە کوردان بە گژ یەکتردا دەکات و لە یەکیان دەکات بە دوژمن.

فەڕوخزادە وتیشی، "شیعەکان لە کرماشان لە ناوەندە دەوڵەتییەکاندا دەکەن مەئمور و ئەرکیان پێدەدەن. لەو رێگەیەوە دەیەوێت ئەو ئاماژەیە بە گەل بدات، کە کرماشان لەگەڵ دەوڵەتە".

"مەزهەب بەکار دەهێنن"

فەڕوخزادە لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، رژیم بۆ ئەوەى گەل بکات بە گژی یەکتردا و لە یەکیان دووربخاتەوە مەزهەب بەکار دەهێنێت. لەو چوارچێوەیەدا لە سنە هێرشێکی ئایدۆلۆژیی چڕ و قورس لە دژی گەنجان بەڕێوەدەچێت. لە سنە سەلەفییەکانیان قوت کردووەتەوە. برەو بە توندڕەویی ئایینی دەدەن و ئەمانە لە دژی کوردە شیعەکانیش بەکار دەهێنن. لە دوای ئەوەی جیاوازیی کولتوری و رۆشنبیریی ناوچەکان دەستنیشان دەکەن دەستدەکەن بە دنەدانی توندڕەوی و فاناتیزم و وەهمی دینی و ئایینی".

"جیاوازیی نێوان زاراوەکان بەکار دەهێنن"

فەڕوخزادە ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەت بۆ ئەوەى گەل لە یەکتر دووربخاتەوە جیاوازیی نێوان زاراوەکان بەکار دەهێنێت و وتی، "موکریانییەکان خۆیان لە شکاکەکان بە گەورەتر دەزانن. عەشیرەتی شکاکیش خۆی لە هەموان پێ گەورەترە. زۆر جار ئەوە وەک نوکتە و گاڵتەکردن باس دەکرێت، بەڵام دروستکردنی ئەو گاڵتە و نوکتانە لە شوێنێکەوە ئاراستە دەکرێن و وێنەیەکی خراپ لە مێشکی خەڵکدا دروست دەکات. هەورامی نوکتەکانی لەسەر سۆرانەکانە، سۆرانەکانیش نوکتەکانیان لەسەر هەورامییەکانە. بەو شێوەیە کورد دەکەن بە گژی یەکتردا و لە یەکیان دوور دەخەنەو و پارچەیان دەکەن. لەو چوراچێوەیەدا هەورامی لە دژی مەریوانی و مەریوانی لە دژی سنەیی و سنەیی لە دژی هەورامی هان دەدەن".  

رژێمی ئێران لە بریی ئەوەى رێز لە دەوڵەمەندی و جیاوازیی زاراوەکان، ئایین، زەهەب و تایبەتمەندیی ناوچەکان بگرێت، ئەو دەوڵەمەندییە لە دژی خەڵکی ناوچەکان بەکار دەهێنێت. لەبەر ئەوەى گەل لە ئازادی بێبەشکراوە گەل بە بابەتی دروستکراو و لاوەکییەوە سەرقاڵ دەکەن. لە رژێمە داخراوە دیکتاتۆرییەکاندا ئەوە یەکێکە لە سیاسەتەکانی دژ بە گەل. بۆیە گرنگە گەلەکەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەموو تایبەتمەندی و جیاوازیی خۆیانەوە لە دژی ئەو سیاسەتە بوەستنەوە و نەکەونە داوی ئەو یارییەى رژێمی ئێرانەوە.

ژ.ت