هەژاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە و دەوڵەتیش بنکەى سەربازیی زیاتر دروست دەکات

لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەژاری زۆر زیادیکردووە و گەل ناتوانن نان و بژێویی خۆیان دابین بکەن و لە بەرامبەریشدا دەوڵەت یەک لەسەر یەک بنکەى سەربازی و ئەمنیی زیاتر دروست دەکات.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سیاسەتی ئابووریی دەوڵەتەوە قەیرانی ئابووریی گەورە هەیە. ئەو قەیرانە ئابوورییە زۆرترین کاریگەریی لەسەر هەژاران دروستکردووە. نمونەى زۆر بەرچاو و سەرەکیی کاریگەریی ئەو قەیرانە ئەوەیە، کە گەل ناتوانێت وەک پێویست نانیش بۆ ماڵەوە ببنەوە، هەرزانترین نان بە هەزار تمەنی ئێرانییە، بنەماڵەیەکی ٥ کەسی  بەلانیکەمەوە رۆژانە ١٥ نانیان دەوێت.  بنەماڵە بچووکترەکان دەبێت رۆژانە لە ٥ هەزار بۆ ١٠ هەزار تمەن بە نان بدەن. هاوکات بەهای کارەبا بۆ مانگێک بە لانیکەمەوە ٣٥ هەزار تمەنە. گازیش هەندێکجار دەگاتە ١٨٠ هەزار تمەن. ئاویش ٤٠ هەزار تمەنی دەوێت. بەهای پەنیر لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ هەزار تمەندایە. بەهای خواردمەنییەکانی تری وەک برنج، گۆشت، مریشک، هێلکە، رۆن و میوە زۆر زۆر بەرزن. گەل بەهۆی ئەو دۆخە داسەپاوەوە تووشی ناڕەحەتی و شپرزەیی بوون، چونکە ناتوانن نانیش بکڕن. دەوڵەت بە ناوی "یارانە"ەوە هاوکاریی هاووڵاتییان دەکات و مانگانە تەنها ٤٥ هەزار و ٥٠٠ تمەن بە یەک کەس لە بنەماڵەیەکی هەژار دەدات. دەوڵەت چەند "یارانە" دەدات لەوە زیاتر پارەی ئاو و کارەبا لە هاووڵاتییان دەسەنێتەوە.

بەهۆی هەژارییەوە خۆیان دەکوژن

دانیشتوانی ئێران ٨٥ ملیۆن کەسە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان سەدا ٧٠ی خەڵک بێکارن. سەدا ٦٠ی خەڵکیش لە ژێر هێڵی هەژاریدان. رێژەى خۆکوشتن بەهۆی هەژاری و برسێتییەوە زیادیکردووە. لە ئێران ژمارەی ئەو پیاوانەى خۆیان دەکوژن لە ژمارەی ئەو ژنانەی خۆیان دەکوژن زیاترە. قەیرانێکی کۆمەڵایەتی هەیە. دەوڵەتیش بۆ ئەو دۆخە و قەیرانە هیچ پرۆژەیەکی بۆ هەژاران و کەمدەرامەتەکان نییە.

لە بەرامبەردا دەوڵەت لە کوردستان قورسایی خۆی خستووەتە سەر دروستکردنی بنکەى سەربازی و رێگای سەربازی و ناوەندی ئەمنی. ئێران دەوەێت کوردان هەر لە منداڵییەوە بکاتە ئەندام و کادیر و لایەنگری خۆی و بەو سیاسەت و گوشارانەى ئەوە بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت و خەڵک ناچاری ئەو کارە بکات. یەکێکیتر لە پرۆژەکانی دەوڵەت ئەوەیە، کە بەناوی خۆپاراستن و بەرگریکردنەوە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان یەک لە دوای یەک زیاد دەکات.

گەل داکۆکی لە ژیانێکی شکۆمەندانە دەکات

گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە خاوەنی کولتور و نەریتی بەرخودان و بەرەنگاری و خۆڕاگرییە، سیاسەتەکانی دەوڵەتیان لە بواری سیخوڕیدا پووچەڵ کردووەتەوە. گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان گەلێکی زەحمەتکێش و ماندونەناسە. بە دروستکردنی گەزۆ، بنێشت، کۆکردنەوەى ماز و سماق بە کاری کشتوکاڵ و بە ئاژەڵداری بژێویی ژیانی خۆیان دابین دەکەن. گەل لە ناچاریدا کۆڵبەری دەکات، بەڵام کاتێکیش کۆڵبەری دەکەن، پاسدارەکانی رژێمی ئێران هێرشیان دەکەنە سەر و دەیانکوژن. پاسدارەکان و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەو رژێمە زۆر جاریش بار و کەلوپەلی کۆڵبەرەکان تاڵان دەکەن و تەنانەت دەست لە ئاژەڵەکانیشیان ناپارێزن و هێستەرەکانیان دەکوژن.

لە کوردستان دەوڵەمەندیی سەر عەرز و ژێر عەرز زۆر زۆرە، بەڵام گەل لە سامان و دەوڵەمەندیی وڵاتەکەى خۆی بێبەشکراوە. گەل سەرباری ئەو قەیران و گوشارانەى رژێم و هەموو ئەو رێگرییانەى بۆیان دروست دەکرێت، بەڵام هەر بەپێی سیاسەتەکانی دەوڵەت ناجوڵێنەوە و بە رەنجێکی زۆر و بە پاروە نانێک داکۆکی لە ژیانی شکۆمەدانەى خۆیان دەکەن و چۆک بۆ رژێم دانادەن.

ژ.ت

 

****