سوپای عێراق درۆنێکی سوپای تورکی لە کەرکوک خستەخوارەوە-نوێکراوەتەوە
سوپای عێراق رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی تورکی لە کەرکوک خستووەتە خوارەوە.
سوپای عێراق رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی دەوڵەتی تورکی لە کەرکوک خستووەتە خوارەوە.
کاتژمێر١٠:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان دەنگی هەڵدانی چەند موشەکێک بیسترا، پاشان لە ئاسمانی شارەکە سووتانی فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی لە جۆری ئەنکا بینرا و لە گەرەکی (تسعین)ی شارەکە فرۆکە بێفڕۆکەوانەکە کەوتە خوارەوە و خۆی بە ماڵێکدا کێشاوە کە ماڵەکە کەسی تێدانەبوو و لە ئەنجامدا کەوتنە خوارەوەی دڕۆنە تورکییەکە کرێکارێک بریندار بوو.
سەرچاوەیەک لە گوندی چیمەن لە باکوری شاری کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)ی ڕاگەیاند: " فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تورکیەکە لە ئاسمانی ناحیەی قەرەهەنجیر نزیک کەرکوک سوڕاوەتەوە، لە خاڵی پشکنینی هاتنەوە ژوورەوە بۆ شاری کەرکوک، بنکەیەکی سەربازی مووشەکەی دژە فڕۆکەی سوپای عێراق هەیە، لەکاتی بینینی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی تورکیا، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سەربە سوپای عێراق چوار مووشەکیان ناوە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تورکییەکە و لە ئەنجامدا فڕۆکەکە بە تێکشکاوی خۆی گەیاندۆتە ناوەندی شاری کەرکوک و لە شەقامی کۆڕنیشی کەرکوک باڵێکی کەوتۆتە خوارەوە لە گەرەکی (تسعین)ی شارەکەش فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کە لە جۆری ئەنکای تورکی بووە کەوتۆتە خوارەوە و تێکشکاوە".
جێگری فەرماندەی هێزی بەرگری ئاسمانی عێراق ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لەلایەن هێزەکانی بەرگری ئاسمانی عێراقەوە خرایەخوارەوە.
بەپی زانیارییە سەربازییەکانی کەرکوک، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە تورکییە و کامیرای چاودێری پێشکەوتووی پێوەبووە، هەروەها یەکێک لە مووشەکەکانی نەتەقیوەتەوە لەکاتی کەوتنە خوارەوەی بۆیە تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی گەیشتنە ناوچەکە و خەڵکی ناوچەکە و ڕۆژنامەنووسانیان لە شوێنی ڕووداوەکە دوورکردەوە.
لەلای خۆیانەوە پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاند، کڕێکارێک کە لەشوێنی کەوتنەخوارەوە فڕۆکە بێ فڕۆکانەکەی تورکیا کاری کردووە بڕینداربووە.
پاش لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و سوپای عێراقەوە، فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی سوپای عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیدا هاتووە: "کاتژمێر ١٠ی ئەمڕۆ ٢٩ی ئاب ڕادارەکانی بەرگریی ئاسمانی عێراق - کەرتی کەمپی کیوان- لە باکوری شاری کەرکوک، ھاتنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراویان بۆ ناو ئاسمانی باکور و ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوک دەستنیشان کرد، بەپێی پرۆتۆکۆڵی بەرگری ئاسمانی، بۆ ئاگادارکردنەوە کراوەتە ئامانج، پاشان کاتژمێر ١٠:٢٥ لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی "بانێستیری فەرەنسییەوە" خراوەتە خوارەوە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەسەر یەکێک لە خانووە نیشتەجێبووەکانی ناو شاری کەرکوک لە گەڕەکی (تسعین) کەوتووەتە خوارەوە".
هەروەها لە بەیاننامەیەکەی بەرگری ئاسمانی عێراقدا هاتووە، بە پشتبەستن بە پشکنینی بەشێک لە پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، دەرکەوتووە کە جۆری ئەنکای تورکییە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا پێشتر چەند حاڵەتێکی بەرکەوتنیان لەگەڵ بەرگری ئاسمانی عێراق لە دەوروبەری شاری کەرکوک هەبووە بەڵام بەگوێرەی پرۆتۆکۆلی هۆشداری دەکشانەوە".