سوپای عێراق لە شەنگال هێرشی کردە سەر بازگەکانی یەبەشە و ئاسایشی ئێزدخان

سوپای عێراق دوێنێ ژمارەیەکی زۆر سەربازی گواستەوە بۆ شەنگال و چەند خاڵێکی ئاسایشی ئێزدخانی گەمارۆدا. سوپای عێراق لە سنون و ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هێرشی کردە سەر هێزەکانی خۆپاراستنی شەنگال.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە بە دەست گەیشتوون، سوپای عێراق لە ناوچەی سنون و ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان  هێرشی کردووەتە سەر بازگەکانی ئاسایشی ئێزدخان و یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە).

بەپێی ئەو زانیارییانە، هێزەکانی خۆپاراستنی شەنگالیش وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە و لە ناوچەکەدا شەڕی ڕوویدا.

شەڕەکە بەهۆی هێرشەکەی سوپای عێراقەوە بەردەوامە، بەڵام هیچ ئەنجامێک دیار نییە.

دوێنێ بەهۆی هێرشی سوپای عێراقەوە بۆ ماوەیەکی کەم لە ناوچەی سنون شەڕ و پێکدادان ڕوویدا و سوپای عێراق ناچار بوو لەو ناوچەیە بکشێتەوە.

ڕۆژی ١٨ی نیسان سوپای عێراق چەندین خاڵی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ئێزدخان و یەبەشە و یەژەشەی لە شەنگال گەمارۆدا و بەو هۆیەشەوە شەڕ ڕوویدا.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا چەندین کۆبوونەوە لە بەغدا و لە شەنگال بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجامدراون، بەڵام سوپای عێراق سوورە لەسەر سیاسەتی گەمارۆدان و هێرشکردن.

ژ.ت