بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر، لەبارەی هێرش و داگیركەرییەكانی دەوڵەتی تورکی داگیركەری بۆ سەر هەرێمی كوردستان قسەی کرد و ئاشکرای کرد، کە "ناتوانێت بچێتە تورکیا چوونکە بەبێ هۆ سێ قارەمانی هێزەکانی یەنەکەی لە فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی عەربەت شەهید کرد، هەروەها لە بەرامبەردا تورکیا چەند داوایەکی هەیە کە نامەعقولن و هەرگیز جێبەجێی ناکەن".
ڕوونیشی كردەوە، کە "داوا دەکرێت چەند بارەگا و حزبێک لەنێو سلێمانی دابخرێت، چوونکە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، ئەو شوێنانە مۆڵەتی فەرمییان لە حكومەتی هەرێم و بەغدا هەیە، ئەوان ناتوانن و مافی ئەوەیان نییە بارەگای ئەو حزبانە دابخەن".
باسی لەوەش كرد، "پێم سەیرە پێم دەڵێن وەزیری بەرگری توركیا هەڕەشەی لێ كردوویت، بەڵام ئێمە کوردین و عینادین، بە فشار و هەڕەشە و درۆن گفتوگۆ ناكەین، بەكارهێنانی ئەم ڕێگەیە هەڵەیە، چوونكە ئەمە زمانی شەڕە و ئێمە لە شەڕدا نین لەگەڵیان".
ئاماژەی بەوەش كرد، "هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان بیانووە، چارەسەركردنی كێشەكانی كورد بە گفتوگۆ دەكرێت، بە فشار كێشەكان چارەسەر ناكرێت، من بەیانیان هەڵدەستم فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان بەسەر سەرمدا دەخولێتەوە، ئێمە حەز دەكەین بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەین".