ئەمڕۆ ژنانی باشوری کوردستان لە شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) کۆبوونەوە، بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەمیان دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرد.
ڕاگەیاندراوی ژنان، لەلایەن ڕووناک مەجید خوێنرایەوە، تێیدا باس لەوە کرا، ٢٥ ساڵ بەسەر پیلانگێڕییەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام فیکر و ڕێبازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە و تا دێت شوێنکەوتووانی زیاتر دەبن.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ژنان هاتبوو: "دوژمنانی کورد بەهۆی ترسیان لە فەلسەفە و ڕێبازی ڕێبەر ئۆجالان بڕیاری گۆشەگیرکردنیان دا، بەڵام نەیانزانی لە دوای ئەو چەندین کەسی تر درێژەپێدەری ڕێباز و فکری ئەو دەبن".
دووپاتیان کردووە، پاش ئەم هەموو ساڵە لە پیلانگێڕی و گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تێکۆشانی گەلی کورد دژی پیلانگێڕی و گۆشەگیری نەوەستاوە، فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیش تا دێت فراوانتر دەبێت و شوێنکەوتووی زیاتر لە خۆی کۆدەکاتەوە.
ژنان بە یادکردنەوەی ئەو گوتەیەی "ئەو کەسە ئازادە کە فیکری ئازادە"، تیشکیان خستە سەر ئەو ڕاستییەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و فەلسەفەکەی زیندانی ناکرێن، تا دێت کاریگەری زیاتر دەبێت بۆ هۆشیاکردنەوە و ئازادکردنی تاک، دووپاتیان کردەوە، پیلانی دوژمنان بێجگە لە ڕیسوایی و شەرمەزاربوون هیچی تری لێ سەوز نەبوو.