تەرمی حوسێن ئاراسان لە قەندیل بەخاکسپێردرا

تەرمی حوسێن ئاراسان، ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا کە لە سلێمانی شەهیدبوو، لە قەندیل بە مەراسیمێک بەخاکسپێردرا.

تەرمی حوسێن ئاراسان، ئەندامی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا کە ڕۆژی ٩ ی حوزەیران لەبەردەم بارەگای کۆمەڵەکە لە سلێمانی هێرشی چەکداری کرایەسەر و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو، بە مەراسیمێک لە قەندیل بەخاکسپێردرا.

پاش کاتژمێر ٩:٠٠ کاروانێک لە دەیان ئۆتۆمبیل بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وێنەی شەهید، بە بەشداری ئەندامانی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا و تەڤگەری ئازادی و کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان و بەشێک لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارەکان، لە مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلییەوە بەڕێکەوتن بەرەو قەندیل.

کاتی گەیشتنیان بە قەندیل کاروانەکە لەلایەن دەیان کەسەوە پێشوازییان لێ کرا، تەرمی شەهیدیان تا گۆڕستانی محەمەد کەرەسونگور بە دروشمی "شەهید نامرن" هەڵگرت. پاشان بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان مەراسیمەکە دەستیپێکرد. موسلم کاپلان بەناوی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا قسەی کرد و گوتی: "دوژمن دەیەوێت لە ڕێکخستن دوورمان بخاتەوە، بەڵام با بزانن ئێمە لەسەر ڕێگەی ڕاستی شەهیدانین، ئامانجی شەهیدان هەر ئامانجی گەلی کوردە".

کاپلان دووپاتی کردەوە، درێژە بە تێکۆشان دەدەن تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و گوتی: "بە حکومەتی پەدەکە و یەنەکە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێین، باشوری کوردستان بۆتە پەناگەی خیانەتکاران، ئەگەر یەنەکە نایەوێت لەسەر ڕێگەی پەدەکە و فاشیستەکان بڕوات، پێویستە ڕێگە لەم کارانە بگرێت و بکوژان دەستگیربکات و سزایان بدات".

ڕەحمان ڕەسوڵ بەناوی تەڤگەری ئازادییەوە قسەی کرد و گوتی: "ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی لەسەر ڕێگەی شەهیدان بەردەوام دەبین، پێویستە بکوژان دەستگیربکرێن و سزا بدرێن".

پاش پێشکەشکردنی وتارەکان بە درووشمی "شەهید نامرن" و "شەهید حوسێن، نامرێ"، تەرمی پیرۆزی بەخاکسپێردرا.

جێگەی ئاماژەیە سبەینێ لە کاتژمێر ١٠ بەیانی تا کاتژمێر ٥ ی ئێوارە، پرسەکەی لەبەردە، کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بەردەوام دەبێت.