تەرمی مەنسوور کەریمیان لە سلێمانی بەخاک سپێردرا
ئەمڕۆ بە بەشداری گەلی باشور، بنەماڵەی شەهید، لایەن و کەسایەتی سیاسی و ئازادیخوازان، تەرمی مەنسور کەریمیان (شەهید پیرۆ سنە) سینەماکار و هونەرمەند لە گۆڕستانی 'شێخ عەباس' بەخاک سپێردرا.
ئەمڕۆ بە بەشداری گەلی باشور، بنەماڵەی شەهید، لایەن و کەسایەتی سیاسی و ئازادیخوازان، تەرمی مەنسور کەریمیان (شەهید پیرۆ سنە) سینەماکار و هونەرمەند لە گۆڕستانی 'شێخ عەباس' بەخاک سپێردرا.
کەریمیان لە ٢٦ ی کانوونی یەکەم، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر تورک بۆ سەر هەرێمی باکور و ڕۆژئاوای سوریا شەهید بوو. داوی ئەوەی بنەماڵەی ویستیان کەریمییان لە زێدی خۆی و لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنێژرێت، بەڵام لەبەر ڕێگری کردنی دەوڵەتی ئێران نەیانتوانی لەوێ بینێژن. بۆیە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بنەماڵە و هاوڕێیان و ئازادیخوازان و جەماوەرێکی بەرفراوانی گەلی باشور، لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەكێک وەستان لە کەسێتی شەهید پیرۆ سنەدا یادی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان بە ڕێز و منەتبارییەوە کرایەوە. دواتر بەبێ ناوبڕ دروشمی "شەهید نامرێ"و "وڵاتمان بێسنورە، کوردستان ماڵی مەنسورە" لە لایەن گەلەوە دەگوترانەوە.
سەرەتا، دایە پرشنگ لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهیدانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: "لە کەسایەتیی شەهید مەنسووردا تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان بە ڕێزدارییەوە بەبیر دەهێنینەوە، نموونەیەکی باڵا و تێکۆشەر بوو، هەموو هەوڵی بۆ بونیاتنان و ئاواکردن بوو، لەبواری هونەردا خزمەتێکی زۆری بە پێشکەوتنی ڕۆشنبیریی گەلەکەی و کوردستان کرد".
پاشان، شێرکۆ حەمەئەمین، لەسەر ناوی کەنەکە وتی:" پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی شەهید و گەلەکەمان دەکەین، شەهیدبوونی مەنسوور کەریمیان ئەو ڕاستییە بەرجەستە دەکات، کە کورد یەک چارەنووسی هەیە، لە ڕۆژهەڵات لە دایک دەبێت و لە ڕۆژئاوا شەهید دەکەوێت و لە باشووری کوردستان بە خاک دەسپێردرێت، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە دوژمنەکانمان جیاوازی ناکەن لە نێوانماندا".
لە درێژەی مەراسیمەکەدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتەیەکی پیشکەش کرد و وتی: "ئەمڕۆ شین و شەرم و شکستە، پەرتەوازەیی ئێمە وایکردووە، دوژمنەکانمان گەر لاوازیش بن، بە ئاسانی بتوانن زەفەر بە ئێمە بەرن، چونکە ئێمە پەرت و کەرتین، لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا نەمانتوانیوە بەرنامەیەکی گشتگیریی نیشتیمانیمان هەبێت".
لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادیی، ئەبوبەکر مەجید وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: "سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدی نەتەوەیی مەنسووری کەریمیان دادەنوێنین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی شەهید و گەلە تێکۆشەرەکەمان دەکەین، شەهید بە هونەرەکەی خزمەتێکی گەورەی بە دۆزی گەلەکەی کرد، دەبێت وەک کەسێکی نەتەوەیی سەیر بکرێت، ڕێگە نەدان بە گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ زێدی خۆی نیشانەی ئەوەیە شەهید کەسێکی ئاسایی نەبوو".
لە درێژەی مەراسیمەکەدا، پەیامی هاوڕێ و سینەماکارانی لە ڕۆژهەڵات پێشکەشکرا و تێیدا هاتبوو: "دەوڵەتی تورک، سەرەکییترین دوژمنی گەلەکەمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ دەوڵەتی فاشیست هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان کوردان، بە یارمەتی وڵاتانی زلهێز هەوڵ دەدات لە هەموو شوینێک دەستی قێزەوەنی خۆی بە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد ڕەنگین بکات".
هەروەها پێشەوا رەمەزان، لەسەر ناوی چاند و هونەری باشووری کوردستان وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی: "تێکۆشانی هونەرمەند مەنسوور کەریمیان کە نزیکەی ٢٠ ساڵ لە بوارە جیاوازەکانی سینەمادا کاری دەکرد بەرز دەنرخێنین، بە شەهیدبوونی پەیامی بە هونەرمەندان دا تا رێگەی ئازادیی بکەن بە هەوێنی هونەر و ئەو ڕاستییەی بە گوێ هەموواندا دا کە هونەر شۆڕش و بەرخۆدانی نەبڕاوەیە".
پاشان پەیامی کۆمینی فیلمی رۆژئاوا پێشکەشکرا و تێیدا هاتبوو: "بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام بین، ئەوانەی کە لەگەڵ شەهید مەنسووردا کاریان دەکرد، دەزانن کە خاوەندارێتی لە کەلتوور و هونەری دۆزی کورد دەکرد، دەزانین هەر پارچەیەک لەگەڵ ئازاریی پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا ژیان دەکات، بۆیە شەهید مەنسووریش بەو شێوەیە ئەم ڕیگەیەی هەڵبژارد".
دواتر، یونس کەریمیان، برای شەهید، بەناوی خانەوادەی شەهیدەوە وتی: "هاوڕێ و بنەماڵەی شەهید زۆر هەوڵیاندا تەرمی شەهید لە زێدی خۆی بە خاک بسپیردرێت و لەوێ مەراسیمێکی شایستەی بۆ بەڕێوەبچێت، بەڵام بەداخەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیرانەوە ڕێگەی پێ نەدرا، بۆیە بڕیارماندا لێرە سپاردەی خاکی بکەین، سنە و سلێمانی ڕۆڵەی یەک دایکن واتا کوردستان".
وتیشی: "سووپاس و پیزانینی خانەوادەی شەهید ئاراستەی هەموو هاوڕێیان و ئەو کەسانە دەکەین، کە بە هەموو جۆرێک خەمخۆری ئێمە بوون، ئەوەی ئەوان کردیان ئەرک نەبوو بەڵکو پیشاندانی خۆشەویستی و برایەتی بوو".
لە کۆتاییدا، فەرهاد سەنگاویی، ڕۆشنبیر و کەسایەتیی سیاسیی وتی: "شەهید مەنسوور و هەموو شەهیدان لە هەزاران ساڵی ڕابردوودا هەوێنن دەکرێنە خاکی کوردستانەوە، ئەردۆغان باوکی ئیخوان باش بزانە، لەک و لووڕ هەتا بۆتان، سنە تا سلێمانی، قامیشلۆ تا هەمەدان یەک کوردستانە، تا هەموو توێژەکان پەنجە نەخەنە سەر ئەوەی کە کێ لە دژی یەکبوونمانە، ئێمە هەمیشە تێکدراوین".
پاشان بەدەم وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێت"، تەرمی شەهید مەنسوور کەریمیان، لە گۆڕستانی شێخ عەباس لە شاری سلێمانی سپاردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.