تەرمی شەهید سەعدون میرزا عەلی بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپێردرا

تەرمی ئەندامی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال، سەعدون میرزا عەلی کە لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا شەهید بوو، بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپێردرا.

ئەندامی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال، سەعدون میرزا عەلی کە لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بوو، لە مەراسیمێکی جەماوەریدا لە گۆڕستانی شەهیدانی شەهید دڵگەش و شەهیدان بەرخۆدان بە خاک سپێردران و پەیامی 'ئێمە بۆ شەنگالێکی سەربەخۆ باجێکی قورسمان داوە و هێشتا هەر دەدەین، بەڵام ناوەستین و هەنگاوێک بۆ دواوە نانێین تا جێگیرکردنی شەنگالێکی سەربەخۆ. ئەوانەی هاوکاری دوژمن دەکەن و دەبنە هۆی شەهیدکردنی پێشەنگی ئێزدییەکان، لێیان خۆشنابین و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت'.

دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئۆتۆمبیلی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی شەنگالی لە نێوان گوندەکانی وەردیە-زراڤکێ سەر بە ناوچەی تلزێرەی شەنگال بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا ئەندامی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال، سەعدون میرزا عەلی شەهید کرا. شەهید سەعدون خەریکی ئامادەکردنی مەراسیمی ئەمڕۆ بوو بۆ یادی شەهید شێرزاد شەمۆ، لەکاتی ئامادەکارییەکەدا هێرش کرایە سەری.

ئەمڕۆ شەهید سەعدون بە کاروانێکی جەماوەری لە شەنگالەوە لە دۆڵی شیلۆ هێنرایە خانەسۆر و لەوێ لەلایەن جەماوەرەوە پێشوازی لێکرا و بەشێوەیەکی جەماوەرییەوە بەرەو مەزارگەی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان لە چیای شەنگال بەڕێکرا و لەوێ بەخاک سپێردرا.

بە خولەکێک بۆ یادی شەهیدانی ئیزیدخان ڕێوڕەسمی شەهید بە ئامادەبوونی سەرجەم دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی شەنگال و بنەماڵەی شەهید و گەلی هەرێمەکە و هێزەکانی بەرگری بەڕێوەچوو.