تەرمی شەڕڤانانی یەبەشە فەقیر و شەنگالی بە مەراسیمێک بەخاک سپێردران

تەرمی شەڕڤانانی یەبەشە، ئەرگەش فەقیر و بەرخۆدان شەنگالی بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاک سپێردران.

تەرمی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە)، ئەرگەش فەقیر و بەرخۆدان شەنگالی کە دوێنێ لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوون، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهید بەرخۆدان بەخاکسپێردرا.

زۆرینەی پارت و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی شەنگال بەشداری مەراسیمەکە بوون، بەردەوام درووشـمی "شەهید نامرن" دەگوترایەوە.

لەسەر ناوی فەرماندەیی یەبەشە، قەندیل قیرانی، گوتی: "لە ساڵیادی ڕزگارکردنی شنگالدا، لە ڕۆژێکی وا پیرۆزدا، جڤاکی ئێزدییەکان هەستان و بەرەنگاری داعش بوونەوە، ئەم دوو هاوڕێیە لەلایەن دوژمنەوە کرانە ئامانج، بەڵام هەرچەندە هێرش بکرێتە سەرمان، هەرگیز هەنگاوێک ناچینە دواوە".

هەروەها قەندیل گوتی: "هەر شەڕڤانێک ببێتە شەهید هەزاران شوێنکەوتووی هەیە و هەڤاڵانی ئەرگەش و بەرخۆدان لە ڕۆژانی تاریکدا وەک گەنجی ئێزدی وەڵامی دوژمنیان دایەوە، ئەو دوو هەڤاڵەش بەهۆی ئەمەوە بوونە ئامانجی دوژمن، کاتێک چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شنگال، هاوڕێ بەرخۆدان یەکێک بوو لەو هەڤاڵانەی کە وەڵامی دوژمنی دایەوە، تا کچێک و کوڕێکی یەبەشە و ئاسایشی ئیزیدخان هەبێت، کەس ناتوانێت هەنگاوێک بمانباتە دواوە، هەڤاڵەکانمان گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو ئازادی ئێزیدخاندا، بەڵێنەکەیاندا بردە سەر و لەم ڕێگەیەدا بەردەوام بوون".

"تۆڵەی شەهیدان دەکەینەوە"

قەندیل دەربارەی هێرشەکە گوتی: "ئەم هێرشە لە تەنیشت خاڵێکی سوپای عێراق ڕووی داوە، ئەگەر لە شوێنێکی وا ئۆتۆمبێلەکانی یەبەشە بۆردوومان بکرێن، حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەمەیە، ئەمەش لەژێر چاودێری حکومەتی عێراقدا دەکرێت، هەڤاڵ دیندار، هەڤاڵ چیا، لە بەردەم خاڵی سوپادا کرایە ئامانج، ئەمڕۆش ئەو هەڤاڵانە لە بەردەم خاڵی سوپا کرانە ئامانج، بێگومان تۆڵەیان دەکەینەوە".

"تێکۆشان گەشتر دەکەین"

لەسەر ناوی دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان، حەلوا فەقیر گوتی: "ئەمڕۆ شەهیدەکانمان دەزانن تێکۆشان بۆچی دەکەن، با دوژمن باش بزانێت ئەگەر ئەمڕۆ ئارگەشێک شەهید بوو، ئەگەر بەرخۆدانێک شەهید بوو، هەزاران بەرخۆدان و ئارگەش دێنە دنیاوە، تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان و کەس ناتوانێت پێیە پیسەکانی بخاتە سەر خاکی شەنگال، هەرگیز کەس ناتوانێت ئیرادەی ئێزدییەکان بشکێنێت و ئێزدییەکان بترسێنێت، لە پێناو بەدیهێنانی خەونی شەهیدان هەنگاوی بەهێزتر دەنێین".

"شوێنی دۆزی شەهیدەکان دەکەوین"

 بە ناوی بنەماڵەی شەهید ئارگەشەوە، خەڵەف سنجار گوتی: "ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد. بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ جارێک لە ژێر ئاڵایەکدا فەرمانێک بەسەر ئەم جڤاکەدا دێت، ئامانجی سەرەکی ئەوان تەواوکردنی جڤاکەکەمانە، بەڵام ئێمە بە شەهیدان کۆتاییمان نایەت، هەردەم شوێنی دۆزی شەهیدان دەکەوین".

پاشان تەرمی ٢ شەهیدەکە بەخاک سپێردرا.