شەڕڤانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) مەجدەل حەسەن خەڵەف دوێنێ لە گوندی ڕەزکای سەر بە سیکێنیای تەل عوزێر لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوو. سەرەتا بە سەختی بریندار بوو، برایە نەخۆشخانە موسڵ و لەوێ شەهیدبوو. ئەمڕۆ تەرمەکەی هێنرایە نەخۆشخانەی شەهیدانی خانەسۆر پاشان بە کاروانێکی جەماوەری برایە ماڵی شەهید برا لە گەلی ڕمێ، دوای ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان، تەرمی شەهید بە مەڕاسیمێکی شکۆدار بەرەو مەزارگەی شەهید دلگەش و شەهید بەرخۆدان بەڕێکرا لە ناوچەی سەردەشتی چیای شنگال و بە خاک سپێردرا.
هەڤاڵانی شەهید و دامەزراوەکانی شەنگال و گەلی هەرێمەکە بەشداری مەراسیمەکە بوون و درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی بەرخۆدانی شەنگال" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە.
لەسەر ناوی فەرماندەیی یەبەشە قەندیل محۆ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید کرد و تێکۆشانی شەهید مەجدەلی بەرز نرخاند، ڕایگەیاند هەرکەس بۆ شەنگال بەرخۆدان بکات و ڕێگە لە هێرشی دوژمن بگرێت، دەکرێتە ئامانج.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر مەجدەلێک شەهید بێت، سەدان مەجدەل دێنە جێگەی، هەموو شەڕڤانانی یەبەشە و کوڕان و کچانی ئێرە مەجدەلن، گوتی: "پێویستە دەوڵەتی تورک باش بزانێت، ئێمە بە شەهیدبوونی هەڤاڵانمان لاواز نابین، چونکە شەنگال بە خوێن ڕزگارکراوە، هەرگیز دەستبەرداری هێڵی هەڤاڵ مەجدەل نابین، تۆڵەسەندنەوەی هەڤاڵ مەجدەل، ئەرکی ئێمەیە".
٧٣ ئەردۆگان هاتن و چوون، نەیانتوانی ئیرادەی گەلەکەمان بشکێنن
هاوسەرۆکی مەجلیسی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال، نایف شەمۆ ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی پێشەنگانی ئێزدی واتای بەئامانجگرتن و لەناوبردنی ئایینی ئێزدایەتییە، واتای قڕکردنی جڤاکی ئێزدی و چۆڵکردنی شەنگالە و دەیانەوێت بەم هێرشانە ئیرادەی ئێزدیان بشکێنن، گوتی: "ئەمە خەونی ئەردۆگان و بارزانییە، با ئەردۆگان و دەوڵەتی تورک بزانن، ٧٣ ئەردۆگان پێش ئەوان هاتوون، بەڵام کەسیان نەیانتوانی ئیرادەی ئێزدیان بشکێنن و ئەم ئایینە دێرینە بسڕنەوە. کەس ناتوانێت ئەم ئایینە بسڕێتەوە کە خودا دایناوە. ئیرادەمان ٧٣ هێندە لە جاران بەهێزترە. ئەوانەی بەناو مرۆڤایەتییەوە دەدوێن، دەبێت بە زووترین کات سنوورێک بۆ ئەم ئەردۆگانە بێ باوەڕە دابنێن، نەهێڵن مناڵانی ئێزدی لە چیای شەنگال بکاتە ئامانج. وەک مەجلیسی خۆسەری شەنگال سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید مەجدەل و خزم و عەشیرەتەکەی دەکەین، دەڵێین "بژی ئێزیدخانی دەلال"، "بژی بەرخۆدانی شەنگال"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "شەهید نامرن".
پاشان لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهید، ئەندامی دەستەی عەشایەری شەنگال شێخ شەمۆ قسەی کرد، بەڵێنی دا بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهید، ڕایگەیاند بنەماڵەی شەهید مەجدەل پێشتریش شەهیدیان لەسەر ئەم ڕێگەیە بەخشیوە و گوتی: "سەرکەوتن بۆ ڕێکخستنی خۆمان و ڕێبەر ئاپۆ دەخوازین، دەڵێین، "شەهید نامرێت".
پاشان جەماوەری گەل و هاوڕێیانی شەهید مەجدەل، تەرمی شەهیدیان بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاکسپارد.