یەبەشە: هەوڵەکانی پەدەکە بەرپەرچدانەوەی توندیان بەدواوە دەبێت

فەرماندەیی یەبەشە لە ٧ەمین ساڵیادی هێرشەکەی خانەسۆردا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: " بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات، زۆر بەهەستیارییەوە جوڵاینەوە. بەڵام هەموو ئەو هەوڵانەی پەدەکە دەبنە مایەی بەرپەرچدانەوەی توند".

فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال بەبۆنەی ٧ەمین ساڵیادی هێرشەکەی سەر خانەسۆر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. یەبەشە لە سەرەتادا شەهیدانی خانەسۆری بە رێزەوە یادکردەوە و بەڵێنی پاراستنی گەل و دەستکەوتەکانی دووپاتکردەوە.

راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

"ئەو هێرشە بۆ سەر خانەسۆر ئەنجامدرابوو، پلانی دەوڵەتی داگیرکەربوو و ئەو هێرشە لەسەر دەستی پەدەکە ئەنجامدرا. هێرشەکەی سەر خاەنسۆر، دوای رزگارکردنی شەنگال ئەنجامدرا. شەنگال بە دەستی کچان و کوڕانی ئەم گەل بە پێشەنگایەتی هەپەگە، یەژاستار و لە لایەن هێزەکانی یەبەشە-یەژەشەوە رزگار کرابوو. لە رێگەی هاوپەیمانی هێزە دەرەکیەکان و هەندێک لایەنی جیاوازەوە نەهاتبووە ئاراوە. بە تەواوەتی بە داواکاری و ئیرادەی گەل و بە پێشەنگایەتیەکی سەربەخۆ ئەو سەرکەوتنە بەدەستهێنرابوو. دوای ئەو سەرکەوتنە هێدی هێدی هێزی گەل خۆی رێکخست و لەسەر ئەو بنەمایە خۆبەڕێوەبەری خۆی بەرەوپێش برد. بەڵام داگیرکەری بەرگەی ئەو هەموو سەرکەوتنەی نەگرت. خۆی لە خۆیدا لە سەر ئەو بنەمایە هێرشەکەیان ئەنجامدا. پەدەکەش هەر لە بەر ئەوە کەوتە جوڵەوە. پێویستە لە سەر ئەو بنچینەیە لە ناوەرۆکی هێرشەکەی ٣ی ئادار تێبگەین. بەتەواوەتی ئەو هێرشە بەرگەنەگرتن و پشوودرێژنەبوون بوو بەرامبەر ئیرادەی گەل. چونکە گەلێکی رێکخراو پێویستی بەوان نابێت. گەلی رێکخستنکراو بە تایبەتی لە بواری ئەمنی، کولتوری و سیاسیدا سەربەخۆ دەبێت. لەم رووەوە توڕەیی پەدەکە مایەی تێگەیشتنە. لەبەر ئەوەی چەندین ساڵە پەدەکە گەل دەخەڵەتێنێت. دەڵێت ' من ئیرادەی ئێوەم و هۆکاری پاراستنی ئێوەم'، بەڵامی دوایین فەرمان دەریخست کە بەم جۆرە نییە. کاتێک داعش هەبوو، پەدەکە هەڵاتبوو، کاتێک ئەو گۆڕەپانە ئازاد بوو، تازە بە تازە کەوتە خۆی و ئۆتۆمبێلە زریپۆشەکانی گواستەوە بۆ ناوچە رزگارکراوەکان. گەلەکەمان لەبەرامبەر ئەو خیانەتەدا هەڵوێستی هەبوو. گەل و گەریلاکانی شەنگال پێکەوەنە کەوتنە جوڵە. کاتێک مرۆڤ لەو حاڵەتانەی شەهیدبوون لە ٣ی ئادار دەڕوانێت، مرۆڤ دەبینێت کە خەڵکی شەنگال بە یەک دەنگ، بە یەک دەست بەریان بە داگیرکەری گرت. لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی هەڤاڵ نازێ، لە راگەیاندنی ئازاد هەڤاڵ نوژیان، لە هێزە سەربازییەکان بە پێشەنگایەتی بەرخودانی هەڤاڵ ئۆرهان، چەکدار، چیا، تێکۆشان و بە گشتی ١٢ هەڤاڵمان بۆ ئەوەی بەر بەو داگیرکارییە شومە بگرن، شەهیدبوون. ئەو ئەنجامە وەڵام و بەرپەرچدانەوەیەکی توند بوو لە دژی داگیرکەری، کاردانەیەوەکی گەورەبوو. لە ئەنجامدا ئەو جوگرافیایە بۆ پەدەکە چۆڵ نەکرا.

لەمرۆشدا لە پشت پەردەوە زۆر سات و سەودا لەسەر شەنگال دەکرێت. زۆر جار پەدەکە هەڕەشە لەسەر ئەم جوگرافیایە دروست دەکات. نەک هەر هەڕەشە، پلان و هەوڵدانیشیان هەیە. ئەوەی سەیر و مایەی سەرسوڕمانە پشت بەستنە بە دەوڵەتی تورک. ئەو دەوڵەتە لە هەموو مێژووی خۆیدا بەرپرسیارە لە چەندین فەرمان لە دژی شەنگال. پەدەکە باش دەزانێت کە ئێمە وەک خەڵکی شەنگال لە دژی داگیرکەری عوسمانییەکان چەندە هەستیارین. بەڵام دیسانیش ئەو هێزە دەست لە پلانە چەپەڵەکانی هەڵناگرێت. دەوڵەتی تورکی بۆخۆی کردووەتە مامۆستا و ئەمڕۆش وەک ئەو لە سەرناوی ئێزدییەکان قەیوم دەنێرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، پەرە بە سیخوڕی دەدات و هەروەها چەندین پلانی چەپەڵیان هەیە. بەڵام با پەدەکە باش بزانێت کە ئەو کاتە بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات ئێمە تا کۆتایی هەستیارانە جوڵاینەوە و بە وریاییەوە مامەڵەمان کرد. بەڵام ئەم جارە هەموو هەوڵەکانی پەدەکە بێ ئەملاولا و بێ مشتومر بەرپەرچدانەوەی توندی بەدواوە دەبێت. ئەم جارە لە هەموو کات زیاتر ئامادەین، کە هەم گەلەکەمان و هەم دەستکەوتەکانی خۆمان بپارێزین.

 لەسەرەتای فەرمانەکەوە تائەمڕۆ لەو پێناوەدا قوربانی زۆر بەنرخی وەک بەرخودان، مام زەکی، زەردەشت، ئارین، بێریڤان، سەعید، دژوار و ئازادی و لەم دواییەشدا سەعدونمان پێشکەش کردووە و پاشەکەشەمان نەکردووە لە ئامانجەکەمان کە بریتیە لە ژیان لە وڵاتێکی ئازاد. هێرشەکان دێنە ئاراوە با بێن، لە چ لایەکەوە دەبن با ببن، ئێمە لەسەر رێچکە و رێبازی شەهیدانمان کە داستانیان نوسیوەتەوە تا کۆتایی خۆڕاگری دەکەین و خەوت و ئامانجی ئەوان دەهێنینەدی. ئێمە ئەو بەڵێنەمان وەک چۆن لە رۆژی یەکەمەوە کە لە هەلومەرجی هەرەدژواردا ئەو بەڵێنەمان دا، ئەمڕۆ لە کەسایەتی شەهیدانی خانەسۆردا دووبارەی دەکەینەوە.

لەسەر ئەو بنەمایەش شەهیدانی خانەسۆر و لە کەسایەتی شەهیدانی خانەسۆرماندا سەرجەم شەهیدان کە لەپێناوی ژیانێکی مرۆڤانە، یەکسان و ئازاددا گیانی خۆیان بەختکرد، بە رێزەوە یاد دەکەینەوە و بەژنی خۆمان لە بەردەم یادەوەری ئەواندا دادەنەوێنین. دەڵێین سەرکەوتن لە روناکی ئەو پاکڕەوانانەدا، بۆ ئێمە و گەلەکەمان دەبێت".

هـ . ب