ئێران و توركیا لە ململانێدان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێم

لەچوارچێوەی كردنە ئامانجی خوێندکاران و دەستەبژێری هەرێم لە لایەن وڵاتانی بیانییەوە، كۆماری ئیسلامی لەڕێگەی كونسوڵخانەكەیەوە لە سلێمانی و لە ژێر پەردەی كردنەوەی خولی فێربوونی زمانی فارسی، هەوڵی ڕاپێچكردن و بەكارهێنانیان خوێندکاران دەدات بۆ بەرژەوەندیەکانی.

دەستبەژێر و توێژی ئەكادیمی، بە گەورەترین سامانی هەر وڵات و نەتەوەیەك دادەنرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بە ئاسانكاری و ڕێگەپێدانی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم، وڵاتانی بیانی بەتایبەتی توركیا و ئێران هەوڵ دەدەن، هەستیارترین ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندن بكەنە ئامانج.

بە پێی هەواڵێکی رۆژ نیوز لەو چوارچێوەیەدا كونسوڵخانەی ئێران، لە ژێر ناوی كردنەوەی خولی یەك مانگەی فێربوونی زمانی فارسی، لە كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی، هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی درێژخایەن لەگەڵ خوێندكاران دەدات.

بەپێی بانگەوازێكی كردنەوەی خولەكە، ئەو خولە پەروەردەییە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژە و ١٥٠ خوێندكار دەتوانن تێیدا بەشداربن و مامۆستا و پڕۆگرام و سی دی و سەرجەم پێداویستییەكان هەر لە لایەن كونسوڵخانەوە دابین دەكرێت، ڕەنگە تا ئێرە ئاسایی بێت، بەڵام وەك ئۆفەرێك ئاماژە بەوەكراوە، كە بەشداربووانی خولەكە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ كونسوڵخانەكە بۆ دروست دەكرێت.

وەك هاندانێكیش بۆ بەشداربووانی خولەكە، بەمەبەستی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لە ئێران قبوڵیان بۆ وەردەگیرێت.

هەڵبژاردنی كۆلێژی یاسا، بۆ ئەو خولە مایەی سەرنجە بەو پێیە دەرچوانی ئەو بەشە لە دواڕۆژدا وەك پاڕێزەر، دادوەر، شارەزای یاسایی و چەندین پیشەی دیكە دەتوانن، لە بەشە هەستیارەكانی دامودەزگاكانی حكومەت بەرپرسیارێتیان پێبدرێت.

تەنیا ئێران نییە، كە لە ڕێگەی پەرەپێدان بە زمان و كلتوری خۆیەوە، دەیەوێت پێگەی خۆی زیاتر لە هەرێم قاییم بكات و دەستەبژێرەكانی بۆلای خۆی ڕابكێشێت، توركیاش چەندین خوێندنگە و زانكۆ و پەیمانگای لەهەرێمی كوردستان هەیە، كە لە ڕێگەیانەوە هەوڵی شێواندنی كەسایەتی و بیركردنەوەی دەستەبژێری كورد دەدات، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بكەونە خزمەت سیاسەتەكانی.

ئەو دوو وڵاتە هاوكات لەگەڵ ئەو هەوڵانەیان، میدیاكاران و دەزگاكانی ڕاگەیاندنیشیان كردووەتە ئامانج و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان، بیانخەنە خزمت وتاری میدیایی خۆیانەوە، ئەمە جیالەوەی هەر لە ڕێگەی راگەیاندنەكانی نزیك لە خۆیانەوە، هەوڵ بۆ زاڵكردنی كلتوری خۆیان دەدەن لە ڕێگەی میوزیك و سینەماوە.

لەسەرجەم ئەو هەوڵانەی توركیا، ئێران و وڵاتانی دیكەش دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم هاوكار، ڕێگەخۆشكەر و یارمەتیدەریانن و ئاسانكاری تەواویان بۆ دەكەن.

هـ . ب