لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) سەبارەت بە سیانزەهەمین ساڵرۆژی شەهیدبوونی یەک لە پێشەنگەکانی داستانی قەندیل شەهید سمکۆ سەرهەڵدان رایگەیاندووە: " ئەوە داڕشتەیەکی نوێی کەسایەتی کوردە کە چەکی مانا و ئەندێشە و چەکی شەڕ و گورز وەشاندن بەیەکەوە لەکاردەکا. شەهید سمکۆ سەرهەڵدان شاگردی نموونە و هەڵکەوتووی ئەو فێرگە هزرێیە و بەوپەڕی لێهاتوویی و داهێنەری لە حیماسەی قەندیلدا هونەری شەڕی پێشانی گەلی کورد، دوژمنان و هەموو جیهاندا."
هەر لە راگەیەندراوەکەدا یەرەکە بەم جۆرە باس لە ژیان، تێکۆشان و فەرماندەیی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان دەکات: " فەرماندەیەک کە عەقڵ و هونەری شەڕی بۆ بەرزکردنەوەی چۆنێتی جەنگ و مەیدانداری لەکاردەکرد. رەمزی سەرکەوتنی حیماسەی قەندیل بەرامبەر سپایەکی پردەرفەت و هەژمار و پڕچەک دەرکی نوێیە لە ئازادی و ژیان. وەک شەهید سمکۆ دەیگوت: “ئەنجامی شەڕ بەر لە شەڕ دیاردەکا و لە چۆنێتی ژیاندا شاراوەیە”. سمکۆ سەرهەڵدان ئەمڕۆ زانکۆ و فێرگەیەکی ژیان و خوێندنگەیەکی هونەری پاراستن و جەنگاوەری و بەرەنگاربوونەوەیە."
دەقی راگەیەندراوەکە:
بۆ رای گشتی
شەهید سمکۆ سەرهەڵدان فێرگەیەکی ژیان و خوێندنگەیەکی هونەری پاراستنە
سێزدە ساڵ بە سەر شەهادەتی پێشەنگی فەرماندە سمکۆ سەرهەڵداندا تێپەڕی. بەو بۆنەیەوە لە کەسایەتی شەهید سمکۆدا هەموو شەهیدانی داستانی قەندیل و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان وەبیردێنینەوە و سەری رێز و نەوازش لە بەرامبەریان دادەنەوێنین و بەڵێنی بەردەوامی تێکۆشان لە رێبازی ئازادیدا تا سەرکەوتن دووبارە دەکەینەوە.
کاتێک مێژووی هەبوونی کورد رادەخەینە بەرچاو یەکجار دژوارە کە شەڕ و ژیان لەیەک جیابکەیەتەوە. هەموو بوارەکانی بوون و مانەوە لەگەڵ بەربەست، لەمپەر و کۆسپ رووبەڕوون و دوژمنان بۆ بێدەرتانهێشتنەوەی گەلەکەمان رێیەک نەماوە کە سەریان لێنەدابێ و تاقیان نەکردبێتەوە. لەوەها دۆخێکدا شەڕ ناتوانێ لە واتای پێکدادان و تێکهەڵچوون و بەرپەچدانەوەیەکی ساکاردا سنووردا بمێنێ. لە وەها هەڵومەجێکدا کە سنوورەکانی مانا و واتای ژیان و بوون بەرتەسکراونەتەوە شەڕێکی بەواتا و راستەقینەش بەڕێوەناچێ. یانی بە هەمان ئەندازە کە ژیان بێناوەڕۆک دەکرێ، شەڕیش بێئاست و ناکاریگەر دەبێ. جەنگاوەری لێهاتوو، شارەزا و بەزەبریش راناهێنرێ. خۆڕاگری و بەرخۆدان ریشەی لە واتای ژیاندایە. چەندە مانای ژیان و مانەوە لەناو نەتەوەیەکدا بەرینتر بێ، ئەوەندە جەنگاوەر و فەرماندەی چازان و لێزان و مەیداندار پەروەردە دەکرێن. بێ شەڕ لە گۆڕپانی واتادا ناکرێ و نابێ شەڕێکی بەهێز لەتەک دوژمندا بەڕێوەبەرین. لێرەدا شەڕ دەبێتە هونەری بەرینکردنەوە و پاناییبەخشین بە سنوورەکانی بوون و ژیان. شەڕێک کە ئاستی تێگەیشتن و واتاداری لە ئازادی دەگۆڕێ.
کەمترخەمی تێکۆشان لە گۆڕەپانی مانادا، بە درێژایی مێژوومان نەیهێشتووە هێز و توانامان یەکانگیر بی و لە شێوازی شەڕدا فێری داهێنان و خوڵقکاری ببین. بزووتنەوەی ئاپۆیی بە تێگەیشتن لەو خاڵە بەردەوام هەوڵیداوە بە پڕواتاکردنی ژیان لە چۆنێتی شەڕ و مەیدانداری کورداندا گۆڕانکاری دروست بکا. لەسەر ئەو بنەما و پێوەرە فەرمانداری ژیان و شەڕی ئاوێتە کردووە. ئەوە داڕشتەیەکی نوێی کەسایەتی کوردە کە چەکی مانا و ئەندێشە و چەکی شەڕ و گورز وەشاندن بەیەکەوە لەکاردەکا. شەهید سمکۆ سەرهەڵدان شاگردی نموونە و هەڵکەوتووی ئەو فێرگە هزرێیە و بەوپەڕی لێهاتوویی و داهێنەری لە حیماسەی قەندیلدا هونەری شەڕی پێشانی گەلی کورد، دوژمنان و هەموو جیهاندا. فەرماندەیەک کە لە هەستوسۆزە بگرە تا قین و تووڕەیی، لە توانکاری و بڕستەوە بگرە تا دەگاتە هزر و رەفتار و هەڵمەتبەری و هێرش و تاکتیک؛ مرۆڤێکی بەڕێکخستنكراوی بەئامانج و پڕئاسۆ بوو. فەرماندەیەک کە عەقڵ و هونەری شەڕی بۆ بەرزکردنەوەی چۆنێتی جەنگ و مەیدانداری لەکاردەکرد. رەمزی سەرکەوتنی حیماسەی قەندیل بەرامبەر سپایەکی پردەرفەت و هەژمار و پڕچەک دەرکی نوێیە لە ئازادی و ژیان. وەک شەهید سمکۆ دەیگوت: “ئەنجامی شەڕ بەر لە شەڕ دیاردەکا و لە چۆنێتی ژیاندا شاراوەیە”. سمکۆ سەرهەڵدان ئەمڕۆ زانکۆ و فێرگەیەکی ژیان و خوێندنگەیەکی هونەری پاراستن و جەنگاوەری و بەرەنگاربوونەوەیە.
دیارە ئەو رێچکەی تێکۆشانە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە پێشەنگایەتی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان و نوێنەرانیتری وەک ئارییەن ئارێ، رێناس رۆژ، هیوا سنە، هەورام ئاویەر، لەشکەر سەلماس، ئاخین ورمێ، رۆژهات شەڕ، عادل سەقز، ئاوات مەهاباد، دڵگەش بۆکان، جیهان ئازاد و ڤیان پەیمان بەردەوامی کردووە و درێژە بەو رێبازە دەدا. خوێندکارانی ئەو فێرگەیە نەتەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکوو لە هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشانی نەتەوەیی و بۆ پاراستنی هەموو دەسکەوت و نرخ و بەهاکانی نەتەوەییمان و پاراستنی هەبوون و ناسنامەی گەلەکەمان گیانفیدایانە لە تێکۆشاندان. لە باکورە وە هەتا مەخموور، کەرکووک و شەنگاڵ و رۆژئاوا بەوپەڕی لەخۆبوردوویی شەڕی ژیانیان بەڕێوەبردووە و دەبەن. هەر ئێستاش لە جەنگی پڕ فەخەر و شانازی، شەڕی ژیان و ناژیان، شەڕی سەرفیرازی و خیانەت لە زاپ و مەتینا و برادۆست بە هەمان هونەری مەیدانداری لاپەڕەی زێڕین تۆمار دەکا. فێرگەیەک کە وانەکانی بەردەوام بەپێزتر و بەهێزتر دەبن و بێپسانەوە و بێپشوو جەنگاوەری وێرای بەبڕوا رەوانەی رێگای سەربەزی و سەرکەوتن دەکا.
لە کاتێکدا سێزدەیەمین ساڵوەگەڕی فەرماندەی نەمر و جەنگاوەری هەتایی شەهید سمکۆ سەرهەڵدان بەرز رادەگرین کە هێرشی بەربڵاو و هەمەلایەنە لەسەر گەلەکەمان و لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێ. ئێمەی کورد مەحکوومین بە تێکۆشان و سەرکەوتن. بەختەوەرین بەوەی کە نەوەک رابروو دەژین و نەوەک رابردوو شەڕدەکەین. لە هونەری شەڕ و ژیاندا هەنگاوی گرینگمان هەڵگرتووە. هەموو دوژمنان و نەیاران و خاینان لەوە دەترسن. لە کوردێک کە دەزانێ چۆن خۆی بپارێزی و چۆن شەڕ بکا. لە کوردێک کە ئەرکی پاراستنی ناسپێرێتە هیچ کەسێک. گەلێک کە دەزانێ بێ لەناوبردنی خەتی خیانەت سەرکەوتن مسۆگەر نابێ. نەوەی نوێی کورد دەبێ ئەو دەرفەتە بە هەند وەگرێ و بەشداری لە رێشەکێشکردنی بەرەی خیانەتدا بکا. خۆی لە هۆنەری شەڕ و تێکۆشان و پاراستندا رابهێنێ. دەبێ گەنجی کورد بزانێ بێ پارێزوانی لە دەسکەوتەکانی نەتەوەیی لە هەر چوارپارچە کوردستان هیچ هەنگاوێک بەرەو داهاتوو هەڵناگیرێ. دەبێ بە هەموو هێزەوە بەشداری شەڕی ئازادی ببەن. جارێکی دیکە یاد و بیرەوەری فەرمانداری هێژای نەتەوەیی شەهید سمکۆ بەڕز رادەگرین و بەڵێنمان دوپات دەکەینەوە هەتا سەرکەوتن رێ و رێبازی شەهیدان بەردوام دەکەین.
فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK