ئەندامی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژا ستار شەڕدا مەزڵوم گابار بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەریکرد و هەڵسەنگاندی بۆ شەڕی گەریلا دژ بە دووژمن کرد.
لە قسەکانیدا شەڕدا مەزڵوم گابار ئەوەی باسکرد لە هەموو جێگەیەکی وڵاتدا شەڕێکی سەخت لە ئارادایە، هەرەوەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش شەڕ هەیە و کوردستان بووە بە ناوەندی شەڕی سێهەمی جیهانی.
شەڕدا مەزڵوم گابار باسی لەوەکرد، شەڕەکان بەرلە ٣ی تەمموز تەنها لە هەندێک ناوچەی دیاریکراودا بوو، وە بە شێوەیەکی ناوچەیی بەڕێوەدەبرا و وتی: "بەرلە ٣ی تەمموز لە ٢٢ی نیساندا ئەردۆغان سەردانی عێراقی کرد و پەیمانێکی ٢٦ خاڵی مۆرکرد. لە ناوەڕۆکی پەیمانەکەدا بابەتی شەڕی دژ بە ئێمە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەبوو. لەو ڕۆژەوە هەم خیانەتی پەدەکە زیاتر دەرکەوت و هەمیش لە لایەن خیانەتی پەدەکەوە لە هەموو ڕوویەکەوە ڕێگە بۆ داگیرکارییەکانی سوپای تورک کرایەوە. جەنگ لە هێڵەکانی زاپ، گارەی ئامێدی، شاخی جودی، شەهید یونس، شەهید چەکدار بە سەختی ڕوودەدات. هەروەها شەڕ لە هەرێمی ڕۆژئاوای زاپ دژوار بوو."
شەڕدا مەزڵوم گابار کارە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی لەسەر خاکی باشووری کوردستان چواند بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ١٩٩٠ لەسەر باکووری کوردستان و وتی: "وەک چۆن ئەوەی لە باکوور بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی گوندەکانی باکووری کوردستان چۆڵکران، وا لە ئێستاشدا دوای ٣٠ ساڵ هەمان کار لەسەر گوندەکانی باشووری کوردستان دەسەپێنێت و گوندەکان دەدات بە چۆڵکردن و دیانسوتێنێت. گوندی ئاشووریەکان دەسوتێنێت. گوندی موسڵمانەکان دەسوتێنێت. لە کورستاندا تەنها شەڕی کۆڵۆنیالیزم نیە؛ پێویستە ئەمە ببینرێت. پێشتر ئەو شەڕەی دەکرا لە دژی کۆڵۆنیالیزمی بوو. بەڵام لە ئیستادا شەڕەکە لە دۆخێکی هاوشێوەی کۆڵۆنیالی، داگیرکاری و لکاندن پێناسەی دەکەین. شەڕی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت.
ناوێرن ڕووبەڕووی گەریلا ببنەوە
ڕێژەیەکی زۆری چەکی کیمیاوی بەکاردەهێنن. جگە لەمە لە تاکتیکی دووژمندا گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە هەبوو. وەک ئەوەی لە پێشتردا ڕاستەوخۆ هێزەکانی دەناردە سەر تونێلەکانی گەریلا. لە ئێستادا تێگەشتووە لەوەی کە ناتوانێت تونێلەکان تێکبدات، چی دەکات؟ لە جێگەی دوور لە تونێلەکان، لەو جێگایەنی کە هاوڕێکانمانی لێ نین، لەو جێگایانەی کە تونێلەکانی شەڕمانی لێ نیە، هێزەکانی جێگیر دەکات.
وەک ئەوەی لە هێڵی زەرگەلێ جێگیربوون. دەیەوێت چی بکات؟ ویستی پەیوەندی نێوان هەرێمەکان لێکتر دا ببڕێت. زانیاریش لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی خنێرە هەیە. قسەوباسی ئەوە هەیە دەوترێت، دوای ماوەیەک پەدەکە و عێراقیش بەشداری ئەم هەوڵە داگیرکارییە ببن، هێڵی گۆشینە کۆنترۆڵ بکەن، هەموو لۆلان داگیربکەن. هێڵی قەندیل و خنێرە ببڕێت، وە هێڵێ گارەش لە قەندیل داببڕێ، هەروەها هێڵی گارە، مەتینا و زاپ لێکتر داببڕێت. دابڕینی پەیوەندییەکان، ئاستەنگردنی هێزەکانی پشتیوانی و چەندین ئامانجی دیکەی دووژمن هەیە. ڕیبازێکی وا دەگرێتە بەر کە زۆر شەڕی هەڤاڵان نەکات و خۆی لە شەڕی ڕووبەڕوونەوەی ڕاستەخۆ بە دوربگرێت.
فشارێکی زۆر دەکرێتە سەر گەل. پێشتر لە گۆڕەپانەکاندا گەریلا و گەل پێکەوەبوون. گەل دڵخۆشبوو کە گەریلا لەم چیایانەدا بوون. هەستی بە دڵنیایی خۆی دەکرد. بەڵام دوای هێرشی سوپای تورک، خەڵکی ئەو ناوچانە بە ناچاری کۆچبەربوون.
پێویستە ناڕەزایەتییەکان لە بەرامبەر داگیرکارییدا زیاتر ببێت. بە تایبەت لە گەلی باشوورمان؛ خەڵکی ئامێدی، بامەڕنێ، شیلادزێ، پێویستە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕن. وەک چۆن لە نێو خەڵکی شیلادزێدا کولتوورێكی بەهێزی بەرخۆدان بوونی هەیە. هەموو کەسێک ناڕەزایە لەبەرامبەر ئەم داگیرکارییەدا. بەڵام ئەم ناڕەزایەتییانە نەگۆڕاوە بۆ چالاکی و ناڕەزایەتییەکی بەهێزتر.
بێگومان ڕۆڵی پەدەکە لەمەدا هەیە. هەوڵدەدات ئەوە لە ناوخەڵکیدا بڵاوبکاتەوە بەوەی بۆیە لەم دەڤەرانەدا شەڕ هەیە چوونکە پەکەکەی لێییە. خۆی گەریلا سەردەمێکە لەم دەڤەرانەیە، ٤٠-٥٠ ساڵە گەریلا لە جێگانە بوونی هەیە. ئەو ماوەیە هێرش لەسەر گەل نەبوو، کەچی لە ناو ئەم دووساڵەی کۆتاییدا ئەم پروپاگەندانەی کە پەدەکە دەستیپێکردووە بڵابووەتەوە. پێویستە باش لەمە تێبگەین.
هەڵوێستی گەریلا لە شەڕەکاندا
لە بەرانبەر ئەم شەڕەدا هەڵوێستی گەریلا چۆنە؟ هەرخۆی گەریلا لە بابەتی پێوانەکانی گەریلایەتی مۆدێرنێتەی دیموکراتیکیدا خۆی قوڵکردووەتەوە. بەم هۆکارەشە لەسەر ئەرز و ژێر ئەرزدا تیمەکانی ئامادەیە، لە ئاسمانیشدا چالاکی گەریلا ئەنجام دەدرێت. وە تایبەتر چالاکییە ئاسمانییەکانمان کاریگەری زۆری دروستکردووە. یەکینەی شەهید ئاخین موش دامەزێنرا. لە هەمان کاتدا چالاکیەکانی یەکینەی شەهید دۆغان زنار بوونی هەیە. لە ئاسمان و زەمینیشەوە گورز لە دووژمن دەدرێت. بەم شێوەیە سیاسەتە پراکتیکییەکانی دووژمن لە گۆڕەپانەکەدا تێک دەشکێنرێت.
پەدەکە بە خۆویستانە کۆیلایەتی دەکات
لە ڕاستییدا دەوڵەتی تورک لە شەڕدا کۆتایی هاتووە. بەتایبەت لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ کۆتایی پێهاتووە. لەبەر ئەم دۆخە تێکشکاوییەی ناچاربووە لەگەڵ هێزی جیاوازدا پەیوەندی و هاوپەیمانێتی دروستکات. هەر بۆیە ئەوەندە دەوروخولی عێراق دەدا. لە پێشدا هەر سڵاوێکی لە عێراق نەدەکرد، کەچی لە ئێستادا لە دۆخێکدایە کە دەستییان ماچ بکات. هەموو هەوڵ و مەرامێکی بۆئەوەیە عێراق بەشداری شەڕی داگیرکاری بکات.
پەدەکەش خۆویستانەو بە دڵخوازییەوە کۆیلایەتی بۆ دەوڵەتی تورک دەکات. پەدەکە هەر خۆی لە نێو ئەم هێرشە داگیرکارییانەدا بوو. ویستی ئەوەی هەیە زیاتر بەشداربێت. لەبەرامبەر گەریلادا شکستی هێنا، لە دۆخێکی هاوشێوەی زۆرانبازێکی شکستخواردوودایە کە لە پێشبڕکێدا تێرنەبووە و دان بە دۆڕانەکەیدا نانێت. لە ئێستادا چی دەکەن؟ لە ڕۆژئاوا، لەسوریادا چەتەکان دێننە باشووری کوردستان هەموو ڕێگەیەکیان تاقیکردەوە. ئیدی نازانین لە داهاتوودا چیتر دەکەن."
لە بەردەوامیدا شەڕدا مەزڵوم گابار ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی قڕکەرە و وتی: "دەوڵەتی تورکی فاشیستی قڕکەر چی دەکات؟ لە کوردستاندا قڕکردنی ئایدۆلۆژی بەڕێوەدەبات، بیر و هۆشی مرۆڤەکان قڕدەکات، قڕکردنی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدات، قڕکردنی ژنان بەڕێوەدەبات. هەموو کەس و شتێک قڕ دەکات. لەبەرامبەر ئەم ئامانجانەیاندا، تاکە هێزێک سەری دانەنواندووە، جەخت لەسەر بەرخۆدان دەکاتەوە و بە هەموو جۆرێک تێکۆشان دەکات گەریلاکانی ئاپۆیین."
'ئێمە و پەدەکە بەراورد بەیەکتر ناکرێین'
شەردا مەزڵوم گابار دەسنیشانیکرد، گەر بە تەنهاش بمێننەوە و هەموویان شەهیدبن ڕێگە بە مانەوەی دووژمن نادەن و کوردستان ناکەن بە یار و دۆستیی دووژمن و وتی: "با ئێمە و پەدەکە تێکەڵ بە یەکدی نەکرێن و براوردمان نەکەن لەگەڵ پەدەکە. هەر خۆی لە ڕاستیشدا هیچ کاتێک ناتوانرێت ئێمە و پەدەکە بەراورد بە یەکتر بکرێن. با نەچوێنرێینە ڕێکخستنەکانی دیکە. ڕۆحی ئاپۆیی لە دڵ و هۆشی ئەو گەنجانەدا جێگیربووە.
ئێمە هێزی دڵنیایی ژیانی ڕێبەرایەتیین. ئێمە هێزی سەرەکین کە بەرپرسیاریین لە ڕێگریکردن لە قڕکردنی گەلی کورد. هەر لەبەر ئەمەش لەمڕۆدا زاپ، خنێرە، ئاڤاشین، حەفتانین ئەوەی گەریلا بەهێز و بە ئیرادە دەیکات؛ باوەڕبوون و بەهێزبوونی دڵسۆزی خۆیەتی، ڕوونە لە ئامانجەکانی. هەرگیز لە ئامانجەکانی ناکشێتەوە. سەرچاوەیەکی بنەڕەتی هەیە کە هێزی لێوە وەردەگرین. هەر بۆیە نە بە تانک و تۆپ، نە بە سیخوڕی، نە بە هاوپەیمانی بەستنی خیانەتکاران ناتوانن لە دژی گەریلا بوەستنەوە و گەریلا ناچار بە کشانەوە بکەن.
گەریلا ئەو هێزەیە کە فکر و چەکی یەکانگیر کردووە
لەمڕۆدا بەرخۆدانێکی بێهاوتا لە کوردستاندا بەڕێوەدەبرێت. بەرخۆدانێکی گەورەیە. لە ڕاستیدا پێویستە ئەم بەرخۆدانە ببینرێت. ناتوانین بە تەواوەتی ئەم بەرخۆدان و شەڕە بە مرۆڤایەتی ڕاگەیەنین. بەرخۆدانێکە کە هەر ڕۆژێکی شایستەی ڕۆمانێکە. وەزیرێکییان بەناوی یەشار گولەر چەند رۆژ پێش ئێستا لە تەلەڤزیۆنەوە قسەیکرد. هەرخۆی ناشزانی قسەکات. ئەم شەڕەی چواند بە شەڕی سەربەخۆبوون. ئاماژەی بەوەدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کە ئەوان وەک هەرێمی پەنچە کیلیت ناوی دەهێنن. لە ئێستادا شەڕی سەربەخۆبوون بەڕێوەدەبردرێت. وەک شەڕی ڕزگاری دەیبینن. پێویستە ئێمەیش بەشێوەیەکی یەکگرتوو لەم شەڕە بڕوانین. هەرخۆی گەریلا لەبەرخۆداندایە و بەردەوامیش دەبێت.
دەزانین و دەڵێین پلانیان ئەوەیە؛ کە گەریلا بچوک بکەنەوە، یان دووریانخنەوە. ئەمە پلانی دووژمنە. ئەوانەی دووژمنایەتی دەکەن پلانی ئەمەیان هەیە. بەڵام گەنجەکانمان دڵخوازی چەکەکانی خۆیانن. دەشزانن ئەم چەکە بۆچی بەکاردەهێنن. هێزەکانی گەریلامان هێزێک نین تەنها بە چەک لە دژی دووژمن شەڕبکەن، بەڵکو هێزێکن کە چەک و فکریان یەکانگیرکردووە. گەریلا ئەو هێزە نیە کە تەنها بۆ ئامانجی تاکتیکی و تەنگ دروستکرابێت. ڕێبەر ئاپۆ گەریلای وەک پارێزەری ژیانی ئازاد هەڵسەنگاند. ڕێبەرایەتی لەو کاتەی گەریلای دامەزراند زۆر گرنگی بە کەسایەتی گەریلا دا. وە کەسایەتی گەریلای وەک ژیانی ئازاد و ژیانی گەریلای وەک نمونەیەکی ژیانی ئازاد دروستکرد.
پەدەکە کوردستان دەفرۆشێت
پێویستە بەرامبەر پەدەکە ئەم پەندە بوترێتەوە؛ 'کڵاوەکە کەوتە خوارەوە، کەچەڵێکەی دەرکەوت.' هێشتا هەندێک هێز هەیە بەتەواوی پەدەکە ناناسن. بەڵام ئێمە باشییان دەناسین. لە کوردستاندا دوو هێڵ هەیە؛ هێڵی خیانەت و نۆکەری کە پەدەکە نوێنەرایەتی دەکات و هێڵی وڵاتپارێزی و شۆڕشگێڕیی ئاپۆیی. پەدەکە پێشتریش نوێنەرایەتی هێڵی خیانەت و نۆکەرایەتی کردووە، وا ئێستایش دەیکات و نمونەیەکی ڕوون لە گۆڕەپانەکاندا دەبینرێت. هەر خۆی ناوەکەیان هەڵەیە. بە خۆیان دەڵێن پارتی دیموکراتی کوردستان. بەڵام نە دیموکراتیین نە کوردستانیین. کوردستانیبوون بە قسە و جلی کوردی نیە. خۆ لە ڕاستیشدا کاتێک دەچنە ئەنقەرە و چاوپێکەوتن دەکەن بە ئینگلیزی قسەکانیان دەکەن. هەر ناتوانرێت بە پەدەکە بوترێت هێزێکی کوردستانی. هێزی کوردستانی هیچ کاتێک کوردستان نافرۆشێت. ئەمان کوردستان دەفرۆشن و دەیکەنە بابەتی بازرگانی."
پەدەکە دەیەوێت عێراقیش تێکەڵ بە داگیرکارییەکانی بکات
دەڵێن تەنها لەبەرامبەر پەکەکەدا ڕێبازێکی وا پیشان دەدەن. دەڵێن هێرشە داگیرکارییەکان لەسەر کوردستان نیە، تەنها لە دژی پەکەکەیە. پێویستە لێیان بپرسرێت؛ مێژووی پەدەکە چۆنە و چی تێدایە؟ ئایە عەلی عەسکەری پەکەکە بوو؟ سەعید ئەلچی پەکەکە بوو؟ دکتۆر شڤان پەکەکە بوو؟ چ شتێک بە ناوی کوردستانی ئازادەوە هەبێت پەدەکە دووژمنی ئەوەیە. لە ئێستاشدا پەدەکە جەخت لەوەدەکاتەوە کە هێزە عێراقییەکان بەشداری ئەم پیلانگێڕییە بکات. چونکە دەیانەوێت هەموو هێزێکی هەرێمی و نێونەتەوەیی بەشداری پلانی قڕکاری گەلی کورد بکەن. بۆچی پەدەکە ئەوەندە جەخت لەسەر بەشداریپێکردنی عێراق دەکات؟ چونکە گەر عێراق بەشداری داگیرکارییەکان ببێت، ئەوە ڕەوایەتیدانە بە خیانەتی پەدەکە. عێراق جێگەکەیە کە لانکەی مرۆڤایەتییە. بەڵام بەم هەوڵانەی ئێستا دەیانەوێت عێراق بکرێت بە گۆڕستانی مرۆڤایەتی."
لە کۆتاییدا شەڕدا مەزڵوم گابار سەرنجی خستەسەر ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر و وتی: "ڕەهەندی مەترسیداری ئەم ڕێکەوتنە هەیە. پێویستە هەموو کەسێک لە جدییەتی ئەو مەترسیانە بگات. بەتایبەت هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ناوەوەی عێراق ئاگاداری ئەمە ببن و ناڕەزایەتی بەهێز پیشان بدەن. پێویستە ئەم ڕێککەوتننامانە قبوڵ نەکەن و لەدژی بوەستنەوە."