ئێشکگری ئازادی کە ٢٠ ی تەمموزی ٢٠٢٣ لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی بە ئامانجی هەڵگرتنی گۆشەگیری و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێ کرد، لە ڕۆژی ٢٢٥ لەگەڵ گرووپی ٤٥ هەمین بەردەوامە.
لە مەراسیمەکەدا، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان مەدینە کارا بەناوی گرووپی ٤٤ هەمین قسەی کرد.
مەدینە کارا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆ سەر چیاکانی کوردستان شەرمەزار کرد و گوتی: "ئامانجمان ئازادیی ڕێبەرێتی و کوردستانە، دوژمن هیچ کاتێک ناتوانێت ئێمە لەناو ببات، هەر ڕۆژێک بە شێوازێک هێرشمان دەکاتە سەر".
مەدینە دووپاتی کردەوە درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەن و گوتی: "چارەسەریی تەنها لە ئیمرالییە، بۆیە پێویستە کێشەی ئیمرالی چارەسەر بکرێت".
پاش بەرزکردنەوەی درووشمی "شەهید نامرێت" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" گرووپی ٤٥ هەمین دەستبەکاربوون.