'ئەو هاوکارییانەی رێکخراوەکانی تورک دەستیان بەسەردا دەگرن بۆ چەتەکان رەوانە دەکرێن'

نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان باسی لەوەکرد،ئەو هاوکارییانەی کۆدەکرێنەوە و رادەستی حکومەتەکانی تورک و سوریا دەکرێن ناگەنە دەست لێقەوماوانی بومەلەرزە و داوای کرد هەموو کەس هاوکارییەکانیان بگەیەننە دەست نوێنەرایەتیەکەیان بۆ ئەوەی بگەنە دەست لێقەوماوان.

نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە باشوری کوردستان ناهیدە ئەرمیش باسی لە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری لە ناوەندەکەیان کرد و ئاماژەی بەوەکرد بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگەنە دەست لێقەوماوان و ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی راستترین ناونیشان ناوەندەکەیان و بە دڵنیاییەوە ئەو هاوکارییانەی بگاتە ناوەندەکەیان دەگەن دەست لێقەوماوانی بومەلەرزە.

'ئامادەباشیان راگەیاندووە و بە زوترین کات هاوکارییەکان دەگەیننە زیانلێکەوتووان'

نوێنەری هەدەپە ناهیدە ئەرمیش باسی لەوەکرد کە لە سلێمانی و هەولێر و هەموو شوێنێک کوردانی خاوەن هەستی نەتەوەیی و نیشمانی دوای ئەو کارەساتە کەوتنە ئامادەباشییەوە و رایگەیاند، "ئێمە وەک هەدەپە ئامادەباشیمان راگەیاند. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە لە دۆخێکی بەپەلەدا و دەستبەجێ هاوکارییەکان بگەیەنینە دەست لێقەوماوان و ئەو کەسانەی هەموو شتێکیان لەدەستداوە".

'بەهەموو تواناوە پشتیوانی هەڵمەتەکە بکەن'

نوێنەری هەدەپە ئاماژەیە بەوەکرد کە تائێستا بڕێکی باش هاوکارییان کۆکردووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەساتەکە تەنیا شارێک و ناوچەیەکی نەگرتووەتەوە، پێویستە هەموو کەسێک بە هەموو تواناوە پشتیوانی هەڵمەتەکە بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات هاوکارییەکان بگەنە دەست زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان.

ئەرمیش باسی لەوەشکرد، کە جگە لە پەدەکە زۆر پارت و کەسایەتی باشوری کوردستان پشتیوانیان لە کەمپینەکەیان کردووە و تەنانەت لە راگەیاندنی کەمپینەکەشدا ئامادەبوون و پشتیوانی دەربڕیوە.

'رێگەیان نەدا ناوەندێکی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بکەینەوە'

نوێنەری هەدەپە ناهیدە ئەرمیش باسی لەوەکرد کە هاوکارییەکان لە بارەگاو ناوەندی نوێنەرایەتی پارتەکەیان کۆدەکەنەوە و بۆ ئەوەی ناوەندێکی تایبەت لە شوێنێکی قەرەباڵغی هەولێر بکەنەوە داوای مۆڵەتیان کردووە، بەڵام مۆڵەتیان پێنەدراوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو هاوکارییانەی بە شێوەی کەلوپەل دەچنە تورکیا لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، بۆیە بۆ باکوری کوردستان پارە دەنێرن و بۆ رۆژئاوای کوردستانیش کەلوپەل رەوانە دەکەن.

' باهەموان بزانن ئەو هاوکارییانەی رادەستی حکومەتی تورک دەکرێن ناگەنە دەست زیانلێکەوتوان'

ناهیدە ئەرمیش لەبارەی چارەنوسی ئەو هاوکارییانەی لە دەرەوە رەوانەی تورکیا دەکرێن وتی، "حکومەتی تورک سێ رێکخراوی ئافاد، وەقفی هاوکاری مرۆیی و مانگی سوری تورکی بۆ ئەو مەبەستە ئەرکدار کردووە و هەر هاوکارییەک لە دەرەوە رەوانە بکرێت ئەو سێ رێکخراوە دەستی بەسەردا دەگرن و دەیدەن بە لایەنگرانی دەسەڵات و نایدەن بە لێقەوماوان. ئەمە شتێکی ئاشکرایە، هەموو بەرهەڵستکارانیش ئەوە دەڵێن. راگەیاندنی تورکیا باس لەوە دەکات. هەربۆیە دەبێت هەموو کەس دڵنیا بن لەوەی هەر پارە، کەلوپەل و پێداویستییەک کە بە هەڵمەتەکەی هەدەپەی دەبەخشن بە دڵنیاییەوە دەگاتە دەست لێقەوماوان.

'ئەو هاوکارییانەی رێکخراوەکانی باشور کۆیانکردوونەتەوە و رادەستی دامودەزگاکانی تورکیایان دەکەن، رەوانەی چەتەکان دەکرێن'

نوێنەری هەدەپە لە باشوری کوردستان ناهیدە ئەرمیش وتی، ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن رێکخراوەکانی باشورەوە کۆدەکرێنەوە و رادەستی دامودەزگاکانی تورکیا دەکرێن، ئەو دامەزراوانەش دەیانگەیەننە چەتەکان. هەموو کەس ئەوە دەزانێت و رەوانەی ناوچەکانی بومەلەرزەی ناکەن. بۆ نمونە ئافاد، لەو ناوچانەی کورد و عەلەوی تێدان، هاوکاریان پێنادات، ئەو گەڕەکانەی کە لایەنگری ئەوانن پڕن لە شت، بەڵام لە گەڕەکەکانی کورد و عەلەوی هیچ شتێکی تێدانییە. دەمانەووێت هەموان ئەو راستیە ببینن. باسی بابەتێکی سیاسی ناکەین. ئەمە بابەتێکی مرۆییە. رەنگە ئەمە بەسەر هەموو کەسدا بێت. رەنگە سبەینێ لە ئیستەنبوڵ، ئیزمیر و ئەنقەرە رووبدات. هیچ کوردێک بەم جۆرە دوژمنکارانە مامەڵە ناکات".

'چەندە کەسوکارەکانمان بە هۆی بومەلەرزەوە مردن دوو هێندەی ئەوە بە هۆی کەمتەرخەمی و دوژمنکاری دەوڵەتەوە گیانی لەدەستدا'

نوێنەری هەدەپە لە باشور ناهیدە ئەرمیش سەرنجی راکێشا بۆ سەر دوژمنایەتی حکومەتی تورک لەم دۆخەدا بەرامبەر بە کورد و عەلەویەکان و وتی، " ئێمە باشی کەمتەرخەمی حکومەت ناکەین، باسی سیاسەتی دوژمنایەتی حکومەت بەرامبەر بە کورد دەکەین. دوژمنکارانە مامەڵە دەکات و رۆژانە ئەم دووبارە دەبێتەوە. چەندە کەسوکارمان بە هۆی بومەلەرزەوە گیانیان لەدەستدا دوو هێندەش بە هۆی کەمتەرخەمی و دوژمنکاری دەوڵەتەوە گیانیان لەدەستدا. دەکرا ژمارەی قوربانیان کەمتر بوایە، بەڵام ئەو مامەڵەکردنە دوژمنکارانەیە گەلەکەمانی کوشت".

'وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، مرۆیی، ئایینی و ویژدانی دەستی هاوکاری درێژ بکەن'

ئەرمیش لەبارەی بەردەوامی کەمپینەکەیانەوە قسەی کرد و وتی، "سەرەتا بۆ هەفتەیک کەمپینەکەمان دەستپێکردبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی پێویستی زۆرە رەنگە مانگێکیش بەردەوام بێت. داوا لە گەلی باشور دەکەین، زیاتر پشتگیری و هاوکاری بکەن. پێویستی بە هەموو شت هەیە. وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و ویژدانی بەو جۆرە مامەڵە بکەن و دەستی هاوکاری درێژ بکەن".

هـ . ب