زەینەب موراد: پێویستە گەلی کورد بۆ چارەسەری پەرە بە تێکۆشان بدات

زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند، ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێتە بنەمای چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و ڕایگەیاند: پێویستە گەلی کورد بۆ چارەسەری تێبکۆشێت.

لە نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە بەشداری زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم) و میوانانی بیانی کە لە دەرەوەی وڵات هاتبوون بەڕێوەچوو. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا داوا لە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان کرا، بۆ چارەسەریی پرسی کورد تێکۆشان بکەن.

زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند: "کێشە و گرژییە هەرێمیەکان زیادیان کردووە". ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پرسی گەلی کورد لە باکور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەیە. ئێستا مەترسی لەسەر مانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە".  هاوسەرۆکی کەنەکە سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هێرش و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورک و ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان هەڕەشەی لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد کردووە. بۆیە تا چارەسەرێک بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد نەدۆزرێتەوە، هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەر گەلی کورد بەردەوام دەبێت. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردە. دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان لەناو ببات و شەڕی ناوخۆ لەنێو کوردان هەڵبگیرسێنێ. بۆیە گرنگە لایەنە کوردییەکان هەوڵی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی بدەن".

زەینەب موراد هەروەها باسی لە ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئازادی فیزیکی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد دەبێتە بنەمای پرۆسەی ئاشتی".

'ئەگەر عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت، هێرشەکان کۆتایی دێت'

 بە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کۆتایی پێدێت. هیچ بیانوویەک بۆ هێرش و ئۆپەراسیۆنەکان نامێنێت. ئەرکی ڕێکخراو و ڕاگەیاندنەکانە کە ڕۆڵی خۆیان لە پێناو ئازادی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان بگێڕن".

'دژی گۆشەگیری ببنەوە'

موراد باسی لەوەشکرد، گۆشەگیری قورس لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە مانای چارەسەرنەکردنی کێشەی گەلی کورد دێت و لە کۆتاییدا وتی: "هەر بۆیە ئەمە زیان بە گەلی کورد و هەرێمەکە دەگەیەنێت. بۆیە داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و تاکەکان دەکەین تا دەتوانن هەڵوێستی خۆیان لە دژی گۆشەگیریی ئیمرالی نیشان بدەن.

'عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان بۆ ئاشتی هەمیشەیی دەکات'

 ئوگماندەر یونسون وەزیری پێشووی دادی ئایسلەنداش قسەی کرد و وتی: "دەزانین دەوڵەتی تورک هەزاران سیاسەتمەدار و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دەستگیرکردووە. سەرەتا بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە ئیمرالی دەستبەسەر کراوە. زیندانی ئیمرالی بۆتە ناوەندی گوشار و هەڕەشە بۆ سەر وڵاتپارێزان. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامە. تورکیا دەیەوێت ئاژاوە لە ناوچە کوردییەکان دروست بکات.بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام تێکۆشان بۆ ئاشتی هەمیشەیی و کۆتایی هاتنی شەڕ دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە کورد یەکگرتوویی خۆی لە چوار پارچەی کوردستان پێکبهێنێت و دژی ستەم بوەستێتەوە. یونسون ڕاشیگەیاند، هەوڵدەدەن پێشێلکاری و تاوانەکانی سوپای تورک بەرامبەر گەلی کورد پیشانی وڵاتانی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا بدەن و وتی: "هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر گەلی کورد دەخەینە بەرنامەی کارمانەوە".