زیندانی سیاسی جاهید ئابوکان لە زیندانی ئەمنیی ئاستبەرزی جۆری ئێف لە وان زیندانیکراوە.
ئابوکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخستن" و "پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخستن" سزای ١٢ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرابوو. لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا ئەو سزایە کۆتایی پێهات، بەڵام سەرباری ئەوەش بە پاساوی راپۆرتی "چاودێریی گشتی و ئیداری زیندانەکە" ئازاد ناکرێت.
پارێزەر ئۆزکان: تاوان ئەنجام دەدرێت
سەروەت ئۆزکان پارێزەری جاهید ئابوکان ڕایگەیاند، ئەو سزایەی بەسەر موەکیلەکەیدا سەپێنرابوو کۆتایی پێهاتووە، بۆیە دەبوایە ئێستا ئازاد بکرایە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکە تاوانی بەرامبەر ئەنجام دەدەن و هێشتا لە زینداندا رایانگرتووە.
"سکاڵامان تۆمار کردووە"
ئۆزکان وتی: "موەکیلەکەم بە بیانوی میزاجیانە ئازاد ناکرێت. ئێمە لە دژی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکە وەستاوینەتەوە و سکاڵامان لە دژی ئەندامانی لیژنەکە تۆمار کردووە. ئێمە تاوەکو ئازادکردنی موەکیلەکەم بەردەوام دەبین لە بە دواداچوونەکانمان بۆ ئازادکردنی".
ژ.ت