زیندانیی سیاسیی کورد، شاهین گەلەداری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

زیندانیی سیاسیی کورد، شاهین گەلەداری کە لە زیندانی ناوەندیی ئورمییە سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، بە هۆی گوشار و ئەشکەنجەی بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعاتی دەوڵەتی ئێرانەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ ی شوبات ئەم زیندانییە سیاسییە لە زیندانی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ئورمییە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە کاتی گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ ناوەندی تەندرووستیی زیندانەکە، یەحیا سوڵتانی و حەمیدعەلی حیکمەتی، بەرپرس و یاریدەری ئەم زیندانە، پەلاماری زیندانییە سیاسییەکانیان داوە و هەڕەشەی کوشتنیان لێ کردوون.

بە گوتەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، شاهین گەلەداری بەم دواییانە چەندین جار ڕەوانەی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو زیندانە و هەروەها دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمییە کرابوو و لەلایەن بەرپرسە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی فشار و ئەشکەنجە بۆتەوە تا هاوکاری دەزگا ئەمنییەکە بکات، هەروەها وەک بێڕێزییەک سمێڵیان تاشیبوو. هەروەهاا چەند جارێک بانگهێشتی کەسوکارەکەی کراوە و هەڕەشەیان لێ کراوە.