ئامەد شاهۆ: پرۆژەکەمان ڕێبازی چارەسەرەییە

ئامەد شاهۆ رایگەیاند، دەسەڵاتی ئێران بۆ پاراستنی خۆی لە ناوخۆی ئێران و لە ناوچەکە پەنای بردووەتە بەر سیاسەتی لەسێدارەدان، گرتن و بە سەربازیکردنی کۆمەڵگای ئێرانی، ئەو جۆرە سیاسەتانە قەیرانەکان قوڵتر و ئالۆزتر دەکات، پێوستە ئێران بیر لەچارەسەری بکاتەوە.

ئامەد شاهۆ ئەندامى ئەنجوومەنى بەڕێوەبەریى پارتى ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) دەربارەی دوایین پێشکەوتن و گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و پرۆژە چارەسەرییەکانی پەژاک و کۆدار بە ئاژانسی هەوالێ فورات (ANF)ی راگەیاند، ئێران بەرەو ئاقارێکی نادیار دەڕوات، ئەگەری ئەوە هەیە وەک سوریای لێ بێت.

لەسەرەتای قسەکانیدا ئامەد وتی، بەگشتی دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بە دۆخێکی دژوار و قەیراناویدا تێپەڕ دەبێت، بیگومان ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تووشی فشاری نێودەوڵەتی و ناو خۆیی بووەتەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەو فشارانەش ئەوەیە ئێران نەێتوانیوە ببێتە وەڵام بۆ داخوازی و پێوستییەکانی گەلانی ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

"دەسەڵاتى ئێران بۆ پاراستنی قەوارەکەی پەنای بردووەتە بەر سێدارە"

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پەژاک وتیشی، دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامیی ئێران بۆ پاراستنی قەوارەی خۆی لە ناوخۆی ئێران و ناوچەکە پەنای بردووەتە بەر سیاسەتی لەسێدارەدان، گرتن و بە سەربازیکردنی کۆمەڵگای ئێرانی، ئەو جۆرە سیاسەتانە قەیرانەکان قوڵتر و ئالۆزتر دەکات، ئەگەری ئەوە هەیە ڕووبەڕووی توند و تێژی و شەڕ بێتەوە لە ناوخۆی ئێراندا، چونکە ئەمریکا کۆمەلێک گەمارۆی ئابووری و فشاری لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران داناوە، ئەو فشارانەش کۆماری ئیسلامیی ئیران ناچار بەوە دەکات کە هەنگاوی بوێرانە هەڵگرن، بۆ دێموکراتیزەکردنی ئێران و بەتایبەتی کوردستان.

ئامەد شاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئەگەری ئەوەی ئێران بیر لە ڕێگای تر بکاتەوە کۆمەڵێک بژاردەی تر دێنە پێش کۆماری ئیسلامی ئێران، بێگومان ئەو بژاردانەش مەترسیدارن، بەڵام ئێمەش وەکو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویمان لەسەر شانە، بۆ ئەوەی گەلانی ئیران و گەلی کوردستان ڕووبەڕووی ئەگەری نە خوازراو نەبێتەوە، پرۆژەیەکی چارەسەریمان لە ١٢ی تەمووزی ٢٠١٨ / ٢١ى پووشپەڕی ١٣٩٧ پێشکەشکرد بۆ چارسەرکردنی کیشەی کورد و گەلانی ئیران.

"پرۆژەکەمان ڕێبازی چارەسەرەییە"

ئامەد شاهۆ ئەندامى ئەنجوومەنى پەژاک لە بەردەوامی قسەکانیدا دەربارەی پرۆژە چارەسەرییەکەیان وتی: ناوەڕۆکی پرۆژەکە پیکدێت لە ڕێبازی چارەسەری بۆ دیموکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران، بۆ ئەوەی بەیەکەوە پرۆژەی خۆبەڕێوبەریی نەتەوەی دێموکراتیک بۆ گەلانی ئیران دەستەبەر بێت، بەبێ جیاوازیی مافی ئازادی بۆ هەموو تاک و کۆمەڵگایەک بەدەست بهێنرێت، پرۆژەکەی ئێمە هەڵگری ناوەڕۆکێکی چارەسەریە.

"ئێران بەرەو ئاقارێكی نادیار دەڕوات"

لە کۆتای قسەکانیدا ئامەد وتی "تێنگەیشتن و خوێندنەوەی پێچەوانە بۆ پرۆژەکەی ئێمە مەترسیدارە، چونکە ئەو خوێندنەوە پێچەوانەیە ئێران بەرەو ئاقارێکی نادیار هەڵ دەدات، ئێمە لە پرۆژەکەی خۆشمان ئاماژەمان بەوە کرد بوو، هێزی خۆپاراستن مافی گەلانە، لە ئێستاشدا ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئیران بە شیوازێكی جیاواز یاخود بە هێرش و توندوتێژی وەڵاممان بداتەوە. ئەوە ئەو کاتە یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) وەڵامی پێوست دەدەنەوە، چالاکیی مەریوان نموونەیەکە لەو وەڵامانە، بۆیە هیوادارین کۆماری ئیسلامی ئێران خوێندنەوەیەکی ڕاستی بۆ دۆخەکە هەبێت، پێش لەوە بگێرێت کە لە ناوچەکەدا کاولکاری ڕووبدات و ئێران ببێتە سوریایەکی تر".

ر.م