ئاکەپە تاڤگەى بێگرێ دەفرۆشێت!

شارەوانیى وان کە لەلایەن ئاکەپەوە دەستى بەسەردا گیراوە، لە وان هیچ نەهێشتووەتەوە و هەموو شتێکى فرۆشتووە. ئێستا قەیوم و شەرۆک شارەوانییە سەپێنراوەکەى ئاکەپە دەیەوێت لەم هەفتەیەدا تاڤگەى بێگرێ، کە بەشێک لە سروشت و موڵکى گشتیى وانە، بفرۆشێت.

تاڤگەى بێگرێ یەکێکە لە جوانترین شوێنە رازاوە و جوانەکانى وان. چەندین ساڵە لرفەى دێت. تاڤگەى بێگرێ دەکەوێتە ٨٠ کیلۆمەتریى شارى وانەوە. سەرچاوەى ئاوەکەى شاخى تەندورەکە لە زنجیرە چیاى ئاگرییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەرزیى تاڤگەکە ٥٠ مەترە.

بەڵام ئێستا ئاکەپە چاوى بڕیوەتە ئەو تاڤگەیە. سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٤دا لە نزیک تاڤگەکە وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبای دروستکرد و بەوەش مەترسیى زۆرى لەسەر تاڤگەکە و سروشتى ئەو ناوچەیە دروستکرد. سەربارى ئەوەش ئێستا قەیوم و سەرۆک شارەوانییە سەپێنراوەکەى ئاکەپە دەیەوێت تاڤگەکە بکات بە پارویەک و ئەویش بخوات.

بەڕێوەبەرایەتیى شارەوانیى گەورە شارى وان، کە لەلایەن ئاکەپەوە دەستى بەسەردا گیراوە تاوەکو ئێستا ئەوەى لە دەستى هاتووە لە دژى هاووڵاتییان و مێژوو و شوێنەوارەکانى وان ئەنجامیداوە و زۆربەى شوێنە گشتی و مێژووییەکانى تێکداوە و فرۆشتوونی. هەموو رێکخراوە مەدەنی و جەماوەرییەکانى داخستووە. ئێستاش ئامادەکارى دەکات بۆ ئەوەى تاڤگەى بێگرێ بفرۆشێت. پرۆژەى فرۆشتنى تاڤگەکە بە ناوى "مۆدێڕنکردنى تاڤگەکە" ئامادە کراوە. ئەو پرۆژەیە لەلایەن پارێزگارى دەوڵەتى تورکیا و قەیومە داگیرکەرە سەپێنراوەکەی ئاکەپەوە قبوڵ کراوە.

بۆ ئەوەى پرۆژەکەیان جێبەجێ بکەن و تاڤگەکە بفرۆشن، رۆژى چوارشەممەى داهاتوو پرۆژەکەیان دەخەنە مەزادەوە.

تاڤگەى بێگرێ لەسەر رووباری بەندی ماهی بە شکۆ و گەورەییەوە لرفەى دێت. جوانییەکی سروشتى زۆر و زیندبوونێکى زۆرى بە ناوچەکە و دەورووبەرى خۆی بەخشیوە. بەپێى هەر وەرزێک بە جوانییەکى سەرنجڕاکێش خۆى دەڕازێنێتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆى ئەو پرۆژەیە و مەزادەکە و فرۆشتنەکەى نیگەرانییەکى زۆر لەبارەى زیان گەیاندن بە تاڤگەکە لە ناو هاووڵاتییان و ژینگەپارێزاندا دروستبووە.

"ئیتر ناهێڵن وەک شوێنێکى سروشتى بمێنێتەوە"

سەحەر کادیرۆئۆغڵۆ ئاتەش هاوسەرۆکى کۆمەڵەى ژینگەپارێزی میزۆپۆتامیا راگەیاند، بەپێى ئەو پرۆژەیە هەموو مافەکانى ئاوى تاڤگەکە بۆ ماوەى ٤٩ ساڵ دەفرۆشرێت.

ئاتەش راشیگەیاند، بە فرۆشتنى ئاوى تاڤگەکە، ئیتر نە ژینگە دەمێنێت و نە جوانیى سروشتیى ئەو ناوچەیەش وەک خۆى دەمێنێتەوە.

هاوسەرۆکى کۆمەڵەى ژینگەپارێزی میزۆپۆتامیا وتی "بەو پرۆژەیە وا دەکەن، کاتێک مرۆڤ بچێت بۆ سەردانى تاڤگەکە دەبێت پارەیەکى زۆر بەو کەسانە بدەن،کە ئاوى تاڤگەکەیان کڕیوە. یانى موڵکى هاووڵاتیان بە پارە بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێتەوە".

ئەوەشى وت "بتۆن و چیمەنتۆ بەکاردەهێنن. بتۆن خۆی بۆ خۆى دوژمنى سروشتە، ئیتر بەو شێوەیە ناهێڵێن تاڤگەکە وەک شوێنێکى سروشتى و بەشێک لە سروشت بمێنێتەوە".

ر.م