ئاکەپە شوێن و کارە زەوتکراوەکان دەبەخشێتە لایەنگرانی خۆی

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، ئاکەپە ئەو شوێنانەی کار کە لەژێر سایەی دەبەپەدا دروست کرابوون و دواتر   بەزۆر دەستی بەسەردا گرتن، دەکاتە دیاری و دەیدات بە لایەنگرانی خۆی.

حکومەتی ئاکەپە ئیرادەی ملیۆنان کەس لە گەلی کوردی قبوڵ نەکرد و دەستی بەسەر شارەوانیەکانی دەبەپەدا گرت، ئێستا ئەو شوێن و دەزگایانەی کە سەر شارەوانیەکانن دەکاتە دیاری بۆ لایەنگرانی خۆی. شارەوانیی گەورە شاری وان لەلایەن قەیومەکەى ئاکەپەوە دەستى بەسەردا گیراوە، ئەو قەیومە هیچ شوێنێکى شارەوانى و شارى وان نەماوە نەیفرۆشێت و هەموو دەزگاکانی گەلیان داخستووە، پاشان قەیومەکەى ئاکەپە لە ئێستادا لە شارەوانیی گەورە شاری مێردین هەمان شتەکانى قەیومەکەى وان دووبارە دەکاتەوە.

قەیومی بەزۆر داسەپێندراو کە لەلایەن حکومەتی ئاکەپەوە بەسەر شارەوانیی گەورە شاری مێردیندا سەپێندرا و دەست بەکار بوو، سەرەتا ناوی بارەگای سەرۆکایەتیی فەرمانگەکانی سیاسەتی ژنانی گۆڕی کە پرۆژەیەکی دەبەپە بوو لە مێردین و ناوەکەی کردووە بە فەرمانگەی خزمەتگوزاریی بۆ ژنان و گەنجان. ئێستاش ئەو شوێن و دەزگایانەی تێیدایە دەفرۆشێتە لایەنگرانی خۆی.

قاوەخانەی داون و دوکانی عەمبەری پێشکەش بە لایەنگرانی خۆی کرد

قاوەخانەی داون، بۆ منداڵانی نەخۆشی سێندرۆم داون دروستکراوە و سەر بە سەرۆکایەتیی فەرمانگەی خزمەتگوزاریی ژنان و منداڵانە لە شارەوانی مێردین و هەروەها دوکانی عەمبەر کە بە ڕەنجی ژنان بەرهەمەکانی دروست کراون، لەلایەن قەیومی بەزۆرداسەپێندراوی ئاکەپەوە ڕادەستی کەنت (ئا.ش) کراوە.

کارمەندێکی شارەوانیی شاری مێردین بەناوی بی کەی، ڕایگەیاند، ئەوەی قەیومی بەزۆرداسەپێندراوی ئاکەپە دەیکات دزییە و وتیشی "پاش ئەوەی قەیومی بە زۆرداسەپێندراو، ناوەڕۆکی پرۆژەی ژنان دەگۆڕێت، لە ئێستاشدا ئەو شوێنانەی کە گرێدراوی پرۆژەکەن، دەفرۆشێت بە لایەنگرانی خۆی. ئەو شوێن و دەزگایانەی نێو ئەم پرۆژەیە، لەلایەن ئەندامانی پرۆژەکەوە بەڕێوەدەبران و قازانجەکەشی بۆ ئەو کەسانە بوو کە پێویستیان پێی بوو، بەڵام ئێستا قەیومی ئاکەپە ئەو شوێن و دەزگایانەی بە لایەنگرانی خۆی فرۆشتووە. فرۆشتنی ئەو دوو شوێن و دەزگایە، خۆی لە خۆیدا دزییە. هۆکاری ئەوەش نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنى شارەوانییەکانە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە چەند دەنگێک بۆ خۆى کۆبکاتەوە".

ر.م