'ئێران بە خوێنڕشتن ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات'

ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی کژار ڕایگەیاند: ئێران لە ڕێگەی شەڕ، توندوتیژی و خوێنڕشتنەوە ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، ئێران بە دیموکراسیبوون دەتوانێت لە کێشەکان ڕزگاریبێت.

دوای بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری هەموو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژران و برینداربوون و هەزاران کەسیش دەستگیرکران، لەسەر ئەم بابەتە گوڵان فەهیم ئەندامێکی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان- کژار بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد.

گولان فەهیم ئاماژەی بەوەدا کە، لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لوبنان، عێراق و ئێران خۆپیشاندان دەکرێت و وتی: هۆکاری خۆپیشاندانەکان، بەرگە نەگرتنی گەل بەرامبەر سیستمی دەوڵەت نەتەوەیە کە هەمیشە کێشە دەخولقێنێت.

"خۆپیشاندان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت"

فەهیم خۆپیشاندانەکانی ١٩٩٦-٩٧ی ئێرانی بەبیرهێنایەوە و وتی: گەل تەحەمولی نەماوە، ئەمساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندان دروست بوو، بەڵام لە بنەمادا خۆپیشاندانەکان هۆشدارییەکە بە ئێران، ماوەیەکی درێژە گەل بۆ سیستمێکی دیموکراتی و ژیانێکی ئازاد داواکارییەکانی دێنێتە زمان، هەموو نەتەوەکانی ئێران تەنگاوبوونی خۆیان لە بەرامبەر ڕژێم هێنایە زمان، ئێران لەجێی ئەوەی گوێی لە داخوازییەکانی گەل بگرێت و چارەسەری پێشبخات، هەوڵیدا زیاتر دەنگی گەل کپ بکات و هێرشەکانی توندتر کردەوە، لەوانەیە لەمەودوا خۆپیشاندانی گەورەتر دروست بێت، چونکە گەل هەموو شتێکی لەبەر چاو گرتووە، سەرەڕای هەموو هێرشەکان گەل پاشەکشێیان نەکرد و خۆپیشاندان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لەخۆ دەگرێت.

"ئێران بە ژیانێکی ئازاد دەتوانێت لەناو ئارامیدا بژیت"

فەهیم ئاماژەی بەوەدا، کە گەل لە کاتی شای ئێرانیش داواکارییەکانیان بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکراتی هێنایە زمان، "بەڵام ئەو کاتەش بەپێی خواستی گەل هەنگاوێک نەنرا، ئێران بە چارەسەرکردنی کێشەکانی گەل، بە دیموکراتی کردنی کۆمەڵگا و پێشخستنی ژیانێکی ئازاد، دەتوانێت لەناو ئارامی بژیت و خۆی لە کێشەکان ڕزگاربکات، بەڵام بە پێچەوانەوە کەشوهەوایەکی سەربازی دروست دەکات".

"ژنان ڕۆڵێکی هاوبەشیان هەیە"

گوڵان فەهیم بۆ هەڵویستی ژنان لە ئێران، وتی: لە کۆمەڵگادا هێزێکی پێشەنگ کە ڕژێمی پێی قبوڵ نییە ژنانن، لەو خۆپیشاندانانەدا ڕۆڵێکی هاوبەشی ژنان هەیە، لەم ساڵانەی دواییشدا ژنان داواکارییەکانی خۆیان بە شێوازی جیاواز هێناوەتە زمان، هەوڵی ژنان بۆ جێیگرتن لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی سیاسی زۆر پێشکەوتووە.

لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان، گوڵان فەهیم، سەرنجی ڕاکێشایەسەر پرۆژەکەی کژار و کۆدار و ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانجیان زیاتر چارەسەرکردنی کێشەی گەلانی ئێرانە و، وتیشی: ١٣ خاڵ لە پرۆژەکە هاتووە، هێزێک کە دەبێتە جێگرەوە، هێزی گەلە و پێویستە ئێران باش ئەمە بزانێت کە ڕێگای ڕزگاربوون لە کێشەکان بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگایە، چارەسەری لە ڕێگەی شەڕ، توندوتیژی و خوێنڕشتنەوە نابێت، هیچ گەلێک لایەنگری ئەم ڕێگایانە نییە، هەڵویستی گەل ئاشتیانە و دیموکراتییە، لە ئێران، ئەوانەی زیاتر بۆ پاراستنی کۆمەڵگا و ژینگە کار دەکەن دەستگیر دەکرێن، ئێران هەڵبژاردنێکی لە پێشدایە، بەڵام پێویستە بزانێت کە چەندە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بدات ئەوەندەش دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵان فەهیم ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی کوردستان- کژار، لەسەر ڕۆڵی ژنان لە خۆپیشاندانەکاندا، وتی: لە خۆپیشاندانەکاندا ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان گێڕا، بۆیەش ئێران لە هێزی گۆڕانکاری ژنان دەترسێت، پێویستە ژن لەسەر ئەو ڕۆڵە کاربکات و تێکۆشانی خۆی بەهێزتر بکات، ژنان پێویستە لە هەموو ئاستەکاندا ڕۆڵبگێڕن و خۆیان پێشبخەن، وەک کژار لەم دواییانەدا بۆ شێوازی تێکۆشان چەندین خاڵمان دەستنیشان کرد، بۆ هەر مانگێکیش خاڵێکی جیاوازمان ڕیزکردبوو، پێویستە وەک ژن، لە یەکێتی کورد-یش لە زۆرێک لایەنی دیکەوە وەک ژیان و کۆمەڵگا ڕۆڵبگێڕین، ئەمە تێکۆشانی ژنان بەرەو سەرکەوتن دەبات.

ف.ق