ئەنگین: جەژنى ژیانەوە کوردى هێنایەوە سەر خۆ

قاسم ئەنگین رایگەیاند، ئەو کارەکتەرە چەوتانە، کە چەوسێنەر - داگیرکەر بەسەر گەلەکەماندا سەپاندبووی، لە سایەى ١٥ى ئاب دا تێکشکێنران.

قاسم ئەنگین ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بە بۆنەى قەڵەمبازی ١٥ى ئابی ١٩٨٤ / ٢٤ى گەلاوێژ، کە پەکەکە لە دژى دەوڵەتى تورکیا لە دهێ بە پێشەنگایەتیى مەعسوم کۆرکماز (عەگید) یەکەمین چالاکیى چەکدارى ئەنجامدا، بۆ ئاژانسەکەمان (ئاژانسى هەواڵى فوارت - ANF) قسەى کرد.

 

 

 ئەنگین ١٥ى ئابی وەک رۆژی ژیانەوە پێناسەکرد و وتى "بۆ ئێمەى کورد هەم جەژن و یادکردنەوەیە و هەم شاییە. ئەگەر رۆژی ١٥ى ئاب وەک رۆژی ژیانەوە لێکبدرێتەوە، ئەوا پێش ئەو قەڵەمبازە ژیانێکى تر بوونى هەبووە و پێویستە بە باشی لەو ژیانە تێبگەین".

"تێزی توانەوە بەشی خستنەڕووی دۆخى کورد ناکات"

قاسم ئەنگین رایگەیاند، بۆ ئەوەى لە ماناى ١٥ى ئاب تێگەیشتنێکى دروست بێتە ئاراوە، پێویستە لە دۆخی پێش ١٥ى ئاب تێبگەین. راشیگەیاند "پێش ١٥ى ئاب دۆخى گەلی کورد بە تایبەتى لە باکووری کوردستان چۆن بوو؟ سەدان ساڵ بوو هێرشى قورس دەکرایە سەر کۆمەلگەى کورد. بە تایبەتى لە سەدەى بیستەمدا کوردیان خستە ناو پرۆسەى سڕینەوەى بەردەوام. ئەو سڕینەوەیە بووە هۆى ئەوە لە ناو کۆمەڵگەى کورد دا گۆڕانکاریى زۆر خراپ روو بدەن. ئەمڕۆ ئەو سڕینەوە هەر چەند وەک توانەوە لێکدەدرێتەوە، بەڵام تێزى توانەوە بەشی خستنەڕووی ئەو دۆخە ناکات. توانەوە تەنها لە رووی زمانەوە ئەنجام نەدراوە. راستە ئێمە دەزانین هێزى دوژمن زمانى قەدەغەکرد، رێگاى نەدا کورد بە زمانى خۆى بدوێت. ئەوە تەنها یەکێک لە بابەتەکانە. لە بنەڕەتدا ئەو سڕینەوەیەى لە رووی رۆشنبیری، جەستەیى و رۆحییەوە بەسەر کۆمەڵگەى کورد دا سەپێنرابوو بووە هۆی ئەوە هەموو کارەکتەرەکانى ئەو کۆمەڵگەیە کە لە قوڵایى مێژووەوە سەرچاوەیان گرتبوو، بگۆڕدرێن. کۆمەڵگەیەک کە لە بنەڕەتدا ئافرێنەرى شۆڕشى گوند، شۆڕشی کشتوکاڵ و شۆڕشى نیۆلیتیک (شۆڕشى چاخى نوێى بەردین)ە دەخەنە ژێر چەپۆکەی سرینەوە و هەموو کارەکتەرەکانى پێچەوانە دەکەنەوە و  دەیانگۆڕن".

کۆمەڵگە کەتبوو ناو سوڕی ئۆتۆئاسیمیلاسیۆنەوە (توانەوەى خۆڕسک)

ئەنگین لەبارەى گۆڕانکارییە خراپەکانى سڕینەوەوە وتی "کۆمەڵگەیەکى بڕوامەند بە خۆی کردە کۆمەڵگەیەک کە بڕواى بە خۆى نەمێنێت. کۆمەڵگەیەکى داهێنەرى کردە کۆمەڵگەیەکى بەرخۆر. تاکەکانى کۆمەڵگەى هەرەوەزیی کردە تاکى من من. کۆمەڵگەیەکى یەکگرتووی کردە کۆمەڵگەیەکى پارچەبوو. کۆمەڵگەیەک کە لە رووی عەقڵییەوە کراوەیە دەیکەنە کۆمەڵگەیەکى عەقڵ داخراو. کەسایەتى لە رووی موراڵی و مەعنەویى و رۆحییەوە تێکدەشکێنن و دەیکەنە کەسایەتییکی بێ ئاگا لە خۆی. راستییەکى پارچەپارچەکراو لە گۆڕێدایە. ئەستەمە ئەو مرۆڤانە هەست بە ئارامى و ئاسوودەیى بکەن و بتوانن خۆیان پێشبخەن. ئەستەمە بتوانن لەگەڵ یەکتر هاوئاهەنگ بن. ئەستەمە مرۆڤێکى لەو شێوەیە بتوانێت بەشێوەیەکى دروست و ژیرانە بیربکاتەوە. ئەستەمە لە رووی رۆشنبیرییەوە خوڵقکار بێت. پرژوبڵاوی هەیە، ئەو کەسایەتییەش لەلایەن چەوسێنەر -  داگیرکەرەوە دروستکراوە.

 سوڕی داگیرکەری لەسەر کوردستان و سڕینەوەى رۆشنبیری لەسەر گەلەکەمان وایکرد کۆمەڵگەیەک بۆ داهاتوو کۆمەڵگەیەک دروست بێت، کە بڕوای بەخۆى نەبێت. مرۆڤێک بڕواى بەخۆى نەبێت، دودڵ و ڕاڕا بێت، لە خۆى دوورکەوتبێتەوە لە راستیى خۆى رابکات. لەو دۆخەدا مرۆڤ لە بنەماى مرۆڤایەتیبوونى خۆى هەڵدێت. بیگومان ئەوە لە رووی رۆحییەوە چەندین گرفت و نەخۆشیى لێدەکەوێتەوە. ئەوە وادەکات مرۆڤ لە ناخی خۆیدا مرۆڤێکى تر و جیاوازتر بێت لە راستیى خۆى. ئەوەش لە کەسایەتیى مرۆڤدا رێگا بۆ تێشکاندنى گەورە کردەوە. ئەو تێکشکاندنە هەم لە رووی کۆمەڵایەتى هەم لە رووی کەسییەوە روویدا. هێزە داگیرکەرەکان بە سیاسەتەکانیان لەسەر کۆمەڵگەى کورد، نەک تەنها توانەوە، نەک تەنها قەدەغەکردنى زمان، بەڵکو بە ڕادەیەک چوونە پێشەوە کە ئیتر کۆمەڵگە خۆی خۆی ئاسیمیلە بکات و خۆى خۆى بتوێنێتەوە. بەوە دەوترێت ئۆتۆئاسیمیلاسیۆن (توانەوەى خۆڕسک)، توانەوەى خۆڕسک لە هەموو روویەکەوە هەموو کارەکتەرەکانى مرۆڤ، جا ئە مرۆڤە هەر کەسێک بێت، دەگۆڕێت. ئەوە سیاسەتێک بوو کە داگیرکەر سەدان ساڵ بەسەر کۆمەڵگەکەى ئێمەیدا دەیانسەپاند. بۆ نمونە لە باکووری وڵاتەکەماندا، کاتێک ئێمە سەرنجى ساڵانى ١٩٧٠ کان بدەین، ئیتر بەپێى تێگەیشتن و ڕوانینى خۆیان، پرۆسەى سڕینەوە تەواو و کامڵ بوو بوو. ئیتر کورد نەماوە، تەنها جەستەیەک و چوارچێوەیەکی ماوە. رۆح و موراڵ و مەعنەویەتى نەماوە و ئیتر لە تورکیا رۆحی بووە بەوە کە بە دواى تورکبوون و کەمالیزمدا بگەڕێت. ئەو رۆحە کە لە خۆى رادەکات، ئیتر بە تەواوی ئامانجەکانى داگیرکەری جێبەجێ دەکات. هەڵهاتن لە هەموو بەها باشەکانى کوردایەتى روویدا. بۆ؟ لەبەر ئەوە ئیتر کوردبوون، بەها، سوود و خێری نییە، چونکە لە ئاستى ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتى، رۆشنبیری و هەموو ئاست و جومگەکانى ژیاندا کوردبوون باجی زۆر قورس بوو. بۆ ئەوەى مرۆڤ بتوانێت بژی، هەڵهاتن دەکاتە بنەما بۆ خۆی".

١٥ى ئاب جەژنى ژیانەوەیە

قاسم ئەنگین ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى پەکەکە گولـلەى یەکەمى فرانتز فانۆن (فەیلەسوفی فەرەنسیى دژ بە داگیرکاری و خاوەنى تیۆریى یەکەم گولـلە) بە بیرهێنایەوە و وتیشی "ئەو گولـلەیە سەرەتا نەک بۆ داگیرکەر، بەڵکو بۆ ئەو کەسانەیە کە تواونەتەوە. لە دەستپێکدا بۆ ئەو کەسانەیە کە داگیرکەرییان قبوڵ کردووە و لە خۆی هەڵدێت. گولـلەى یەکەم دەبێتە گولـلەى ئافراندن و ئازادکردنى ئەو کەسە. ئەو لە هەموو تەون و چەپۆکەکانى سڕینەوە زرگارى دەبێت. ئێمە دەزانین فرانتز فانۆن تیۆریى یەکەم گولـلەى بۆ گەلی جەزایر نووسیوە. ئەوەى لە جەزایر روویدا و هەر چەند ئاسان نییە و قورسە، بەڵام ئەوەى لە کوردستان روویداوە لە هەمووئاستەکاندا هەنگاو بە هەنگاو و زۆر زیاترە. ١٥ى ئاب بۆ کەسێکى داڕماوی لەو شێوەیە، بێ سوود، ک هەموو بوونى خۆى بۆ ئەرکێک، یان بۆ خزمەتکارییەکی باش بۆ سیستمى داگیرکەر بەکار دەهێنێت، رێگاى رزگاربوون و دەستبەرداربوونە لەو تایبەتمەندییانە. واتە ١٥ى ئاب گولـلەى یەکەمە کە رێى خۆبوون و بوون بە خۆ دەکاتەوە. ١٥ى ئاب سەرلەنوێ بونیاتنانەوەى مرۆڤێکى بەخۆباوەڕە. سەرلەنوێ دۆخى داڕمان تێدەپەڕێنێت بۆ دۆخی بونیاتنان و ئافراندن. ئەو کۆمەڵگە پارچەکراوە رێگاى یەکگرتوویى دەگرێتەبەر. پێش هەموو شتێک شۆڕشى کۆمەڵاتییە. شۆڕشى رۆشنبیرییە و پێش ئەوانەش شۆڕشێکى ڕۆحییە و موراڵییە، شۆڕشێکى سیاسی و پێشڕەوترین شۆڕشى ژنان، گەنجان و شۆڕشی کولتوری ئومێد و گەشبینییە.

لەو مانایەدا ١٥ى ئاب وەک رۆژی ژیانەوەیە، چونکە هەموو ئەو کارەکتەرانە کە دوژمن بەسەر کۆمەڵگەى کورد دا سەپاندبوونی، تێکیشکاند و لایبردن. ئەو کوردەی لەسەر مریشکێکێک یەکتریان دەکوشت، لەسەر بستێک خاک یەکتریان دەکوشت، لەسەر شتى بچووک دەیان کەسیان دەکوشت، گۆڕانگاریى بەسەردا هاتووە. لە عەقڵییەت و رامانى بەرتەسکى بنەماڵە، عشیرە و خێڵ، ئابووریی بەرتەسک رزگاریکرد و بەستییەوە بە رامان و ئامانجى نەتەوەییەوە. ئەوانە پێش هەموو شتێک بەها ئافرێنراوەکانى ١٥ى ئابن. پێش ١٥ى ئاب کورد باشترین سەربازی کەسانى تر بوون، بەڵام ١٥ى ئاب رێگاى بۆئەوە کردەوە کە کورد ببێت بە سەربازی خۆی. رێگاى بۆ ئەوە کردەوە، کە لەگەڵ هەموو گەلاندا ببێت بە یەک و پێشەنگایەتییان بۆ بکات. ئەو کوردەى کە بە بیر و رامانى بەرتەسەکى نەتەوەپەرستیى بەرتەسک رادەپەڕی، لە ١٥ى ئابدا بووە پێشەنگى رێگاى کۆمەڵناسی و سۆسیالیزم. بووە پێشەنگی فەلسەفەى نەتەوەى دیموکراتیک. ئەوانە گشت نیشانەى ئەوەن کە ١٥ى ئاب کارەکتەرى نوێى خوڵقاندووە. کارەکتەری کۆمەڵگەى کورد، کە داگیرکەر بە هێرش و چاوترساندن و کۆمەڵکوژکردن گۆڕیبووی، جارێکیتر لە ١٥ى ئابدا خرایەوە سەر رێگاى راستى خۆى و بونیاتنرایەوە. لەو چوارچێوەیەدا کە ١٥ى ئاب وەک جەژنى ژیانەوە شیکاریى بۆ دەکرێت، دەبێت پێناسەیەکى دروستى لەو شێوەیەشی بۆ بکرێت. بەڕاستیش جەژنى ژیانەوەیە. ئەو جەژنە لە گەلی کورد بە تایبەت و لە هەموو گەلانى تر پیرۆز بێت".

ر.م