هه‌رچه‌نده چه‌ند لایه‌نێكی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی دواخستنی هه‌ڵبژاردنیان دا، به‌ڵام سه‌ره‌نجام كۆمسیۆن ڕایگه‌یاند كه هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مڕۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌فه‌رمی له سنووری پارێزگه‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه ده‌ستی پێكرد.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ٣٠ی ئه‌یلوولی ٢٠١٨ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ٢٩ لیست و ٧٧٣ كاندید ململانێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ١١١ كورسیی په‌رله‌مان.
ته‌ڤگه‌ری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كه به‌فه‌رمی داوای به‌شداریكردنی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان پێشكه‌شی كۆمسیۆن كردبوو، مۆڵه‌تی به‌شداری كردنی پێنه‌درا. محه‌مه‌د عه‌بدوڵا هاوسه‌رۆكی ته‌ڤگه‌ری ئازادی پێشتر ڕایگه‌یاندبوو هۆكاری ڕێگرتن له ته‌ڤگه‌ره‌كه‌یان به بڕیاری سیاسیی پارتیی دیموكراتیی كوردستان (په‌ده‌كه) بووه. هاوكات هاوپه‌یمانیی دیموكراتی و دادپه‌روه‌ری به سه‌رۆكایه‌تیی به‌رهه‌م ساڵح بڕیاری بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنی دا.
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، له ئه‌مڕۆ به‌دواوه هه‌موو لیست و كاندیده به‌شداربووه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌توانن ده‌ست به بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن له چوارچێوه‌ی ڕێنماییه‌كان.
به‌هۆی نوێنه‌كردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و هه‌لومه‌رجی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، گومانی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌یه و چاودێران پێیان وایه له‌م دۆخه‌دا هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراتیانه و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌ناچێت.
s.m