بۆ نیشاندانی تواناکانیان، پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ کچانی کەرکوک کرایەوە
لە شاری کەرکوک پێشانگایەکی وێنەکێشان و شێوەکاری بۆ کچانی شارەکە کرایەوە بۆ ئەوەی تواناکانیان لە وێنە کێشان و شێوەکاریدا نمایش بکەن.
لە شاری کەرکوک پێشانگایەکی وێنەکێشان و شێوەکاری بۆ کچانی شارەکە کرایەوە بۆ ئەوەی تواناکانیان لە وێنە کێشان و شێوەکاریدا نمایش بکەن.
ئێوارەی دوێنێ لە سەنتەری رۆشنبیریی شاری کەرکوک، پێشانگایەکی وێنەکێشانی تایبەت بە کچانی کەرکوک کرایەوە. لە پێشانگاکەدا ژمارەیەک کچانی وێنەکێش و شێوەکار بە تابلۆ و وێنەکانیان بەشداربوون، بەشێکی زۆری ئەو کچانە بەشداری پێشانگاکە بوون قوتابیی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوک بوون. ژمارەیەکی بەرچاویش لە کەسایەتیی رۆشنبیری شاری کەرکوک بەشدار بوون لە کردنەوەی پێشانگاکە و هەروەها ژمارەیەکی زۆری کچانی کەرکوک بۆ بینینی تواناکانی کچانی شارەکە ئامادەی پێشانگاکە بوون.
هانا شێرزاد قوتابییەکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوکە لە بەشی شێوەکاری کە بە سێ تابلۆ بەشداری لەو پێشانگایە کردووە و یەکێک لە تابلۆکانی تابلۆی ژنە شەڕڤانێکی یەپەژەیە، هانا شێرزاد دەربارەی پێشەنگاکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "لە ماوەی کەرەنتینەکردن بەهۆی پەتای کۆرۆنا ئێمە کچانی شێوەکار لە کەرکوک کاتەکانمان بەفڕۆ نەدا و کۆمەڵێک کاری جوانمان ئەنجامدا لەم ماوەیەدا، ئامانجی ئێمەش لە کردنەوەی ئەمجۆرە پێشانگایانە ئەوەیە، کە کارەکانمان نمایش بکەین بۆ زیاتر دەرخستنی توانا و بەهرەکانی کچانی کەرکوک."
هەروەها سەبارەت بە کاریگەری کردنەوە ئەمجۆرە پێشانگایانە لەسەر پەرەپێدان و هاندانی کچانی کەرکوک، هانا شێرزاد ڕاشیگەیاند: "کردنەوەی ئەمجۆرە پێشانگایانە پاڵپشت دەبێت بۆ کچانی شێوەکار و هونەرمەند بۆ زیاتر پەرەپێدانی تواناکانیان و نەشاردنەوەی بەهرەکانیان."
یەکێک لەو تابلۆیانەی هانا شێرزاد بەشداری پێکردبوو تابلۆی ژنە شەڕڤانێکی یەپەژە بوو، سەبارەت بە هۆکاری کێشانی تابلۆی شەرڤانێکی یەپەژە، هانا شێرزاد پێی ڕاگەیاندین: "لەم تابلۆی ژنە شەڕڤانەدا ژنێکی بەهێز و جوانم بینی، ئەم تابلۆیە وەکو سیمبولێک باس لە کەسایەتی و بەهێزی ژنێکی شەڕڤان دەکات، بۆیە هەڵمبژارد بۆ بەشداریکردن لەم پێشانگایەدا."
ژ.ت