بۆ ڕێپێوانی درێژی زینی وەرتێ بانگەوازی بەشداریکردن کرا

ڕێپێوانی مەودادرێژی زینی وەرتێ ١٦ی ئایار بە پشتگیری ١٠٥ ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی ئەنجامدەدرێت. بۆ بەشداریکردن لە ڕێپێوانەکەش بانگەوازی بەشداریکردن کرا.

دەستپێشخەری گەنجانی باشووری کوردستان، بەهۆی ناکۆکیەکانی زینی وەرتێ بە دروشمی 'ئێمە بۆ یەکێتی نەتەوەیی ڕێپیوان دەکەین' ١٦ی مانگ لە ڕانیە بەرەو زینی وەرتێ دەست بە ڕێپێوانێکی مەودادرێژ دەکەن.

لەبارەی ئاڵۆزیەکانی دەڤەری زینی وەرتێ و ڕێپێوانی مەودادرێژ کە بە پشتگیری دەستپێشخەری گەنجانی باشووری کوردستان لە ١٦ی مانگدا دەستپێدەکات. هەردی ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فیچەر بۆ ئاژانسەکەمان دوا.

هەردی ئەحمەد لەبارەی ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ کە دوای ناردنی هێزی پەدەکە بۆ هەرێمەکە دروست بوون، وتی، "دۆخێکی مەترسیدارە و قبوڵناکرێت، گەلی باشووری کوردستانیش ئەم دۆخە قبوڵ ناکەن و لەبارەی پلانەکانی دەوڵەتی تورکیش وتی، "ئێمە باش دەزانین کە ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستانە. یەکێک لە ئامانجەکانیشی ئەوەیە کە ڕێگا نەدات تێکۆشانی پەکەکە لە چوار پارچە بڵاوببێتەوە."

'گەلی باشووری شەڕی ناوخۆ قبوڵ ناکات'

هەری ئەحمەد ڕاشیگەیاند، لەگەڵ ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ مەترسی شەڕی ناوخۆ دروست بووە و وتی،"بەڵام گەلی باشووری کوردستان ڕێگا بە شەڕی ناوخۆ نادات. ئێمە ١٠٥ ڕێکخراوی کۆمەلگای مەدەنین و ڕایدەگەیەنین کە لەم قۆناغەدا شەڕی ناوخۆ قبوڵ ناکەین و هەڵوێستمان دەردەبڕین. پێویستە لەبەرانبەر ئەم دۆخە تایبەتە گەنجان و هەموو گەلی باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆیان بە شێوەیەکی ئاشکرا پیشان بدەن و چالاکی ئەنجام بدەن.

'ئێمە پشتگیری لە ڕێپێوانی مەودادرێژی زینی وەرتێ دەکەین'

هەردی ئەحمەد لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی ڕێپێوانەکەی زینی وەرتێ وتی، "ئێمە پشتگیری لە ڕێپێوانەکەی ١٦ی مانگی زینی وەرتێ دەکەین. پەیام و ئامانجەکەیان لەدژی شەڕی ناوخۆیە. ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوەکنی مەدەنی و خەڵکی ناوچەکە قسەمان کرد. ئەگەر دۆخێکی مەترسیدار دروست ببێت، ئێمەش دەست بە چالاکی قەڵقانی مرۆیی دەکەین."

مەروان مەندوح ئوزدەمیر یەکێک لە بەرخودێرانی چالاکی مانگرتن لە خواردنیش لەبارەی ئاڵۆزیەکانی زینی وەرتێ قسەی کرد و داوای کرد هەموو کەسێک بەشداری لە ڕێپێوانەکەی زینی وەرتیدا بکەن.

'ڕێپێوانەکە لەدژی داگیرکردنی کوردستانە'

مەروان وتی، "لە زینی وەرتێ بە پێشەنگایەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەوڵێکی تێکدەری هەیە. دەیەوێت بەم شێوەیە باشووری کوردستان داگیر بکات. ڕێگری لە یەکێتی نەتەوەیی کورد بگرێت. لەبەرانبەر ئەم هەوڵە تێکدەریانە کە لە زینی وەرتێ بەردەوامن، لە چوار پارچەی کوردستان، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران هەستیاریەک دروست بووە. بۆ ئەوەی هەوڵە تێکدەریەکان نەبێتە هۆی شەڕی ناوخۆ ١٦ی ئەم مانگە بە پشتگریی گەنجان لە شاری ڕانیە ڕێپێوانێکی مەودادرێژ بۆ زینی وەرتێ ئەنجامدەدرێت و بانگەوازی من بۆ هەموو گەنج و ژنان ئەوەیە بەشداری بکەن و ڕێگری لە داگیرکردنی کوردستان بکەن."

ف.ق