بە عەرەبکردنى نوێ و بێخەمیى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک

ناوچەی تاڵەبانی سەر بە قەزای داقوق لەژێر هەڕەشەی داگیرکاری و بەعەرەبکردنیکی نوێدایە. ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش بێباکانە دەوام ناکەن.

ناوچەی تاڵەبانی سەر بە قەزای داقوق لەژێر هەڕەشەی داگیرکاری و بەعەرەبکردنیکی نوێدایە. ئەندامە کوردەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش بێباکانە دەوام ناکەن. خەڵکی گوندی ئینگیجەش دەڵێن، دەوام نەکردنی ئەندامانی ئەنجوومن "خزمەت بە درێژە پێدانی سایسەتی تەعریب و تەبعیس دەکات".

لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ئەکتۆبەر پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان بووە هۆی ئەوە، کە دووبارە سیاسەتی تەعریبکردن بە پشتگیریی پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووک لە ناوچە کورد نشینەکان دەستی پێبکاتەوە. کۆمەڵیک لەو عەرەبە هاورادانەی سەردەمی حوکمی بەعس پێشوو، زەویی کوردیان داگیر کردبوو جاریکیتر لە هەوڵی ئەوەدان ئەو زەوییانە بەدەست بهێننەوە، کە لە دوای رووخانی ڕژیم بەعس لە دەستیان چوو بوو و گەڕێندرابوونەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان. ئەوەش هۆکارە بۆ درووستبوونی ئاڵۆزی لە نێوان خەڵكی ناوچەکە و عەرەبە هاوردەکان. یەک لە ناوچانەی کە زۆرترین ئاڵۆزیى تیادا دروست بوو، گوندی ئینگجەی سەر بەقەزای داقوقە.

بۆ بەدوا داچوون لە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکی لە ناوچەیە ڕوومان کردە گوندی ئێنگجە، کە دەکەوێتەوە دووریی ١٠ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای قەزای داقوق. ئەو گوندە بەپێی وتەی دانێشوانەکەی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥ سەد ساڵ پێش ئیستا و لە سەردەمی حوکمی عوسمانییەکان لە سەر دەستی کوردەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە ئاوەدانکراوەتەوە، کە ناوچەی تاڵەبانی پێ دەگوترێت.

لە سەردەمی حوکمی ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حوسین دا ناوچەکە ڕوو بەڕوو شاڵاوی بە عەرەبکردن هات و دەست بەسەر زەوی و زاری خەڵکی ناوچەکەدا گیرا و ڕادەستی عەرەبە هاوردەکان کرا. ئەوەش بووەتە هۆکاریک بۆ دروستبوونی ناکۆکی و تاوەکو رۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە. لە مانگی ڕابردوو چەندین جاری شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاوڵاتیانی گوندی ئینگجە و عەرەبە هاوردەکان دا ڕوویداوە.

هیوا تاهیر جوتیارێکی خەڵكی ئینگجەیە و باسی هۆکاری شەڕ و ئالۆزییەکان بۆ ئاژانسی هەوالێ فورات (ANF) کرد و وتی:  ناوچەکەی ئێمە لە دێر زەمانەوە هەر ناوچەیەکی کورد نشین بووە، بەڵام لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی حکومەتی بەعس لە سەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حوسین دا ڕژێـم  دەیان ماڵی عارەبی هێنا و لەسەر زەوییەکانی ئێمە نیشتەجێیان کردن، ئەو عەرەبانەی هێنرابوون هیچ ناسنامە یەکیان نەبوو،  پێان دەگوترا "بدون جنسیە" واتا بێ ناسنامە، بەڵام لە دوای نیشتە جێووبن لەسەر زەوییەکانی ئێمە ڕژێم ناسنامەی بۆیان کرد و زەوییەکانی ئێمەی بەسەریان دا دابەش کرد.

ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەشدا: بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ، واتە لە ١٩٧٣ تاکو ٢٠٠٣ زەوییەکانی ئێمەیان داگیر کردبوو و بۆ خۆیان بەکاریان دەهێنا، بەڵام لە دەوای کەوتنی ڕژێم، ئەو عەرەبە هاوردانە ڕایانکرد وو زەوییەکان گەڕێندرایەوە دەستی خاوەنە ڕەسنەکانی خۆیان، بەڵام جارێکی تر لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ئەکتۆبەر، ئەو کەسانە (عەرەبە هاوردەکان)  جاریکیتر هێنرانەوە بۆ ناوچەکە و لە ڕێی ئەو گریبەستانە، کە پێشتر ڕژیمی بەعس بۆیانی کردبوو دەیانەوێت دەست بە سەر زەویەکانماندا بگرن.

هێوا  تاهیر  وتیشی: راکان سەعید پاریزگاری بە وکالەتی کەرکووک لە پشت سیاسەتی دووبارە بەعەرەبکردنی ناوچە کوردنشینەکانی  ناوچەی داقوقەوەیە. هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە  "ئەم کارە بەرنامە بۆ دارێژڕاوە".

"نەهاتنەوەی ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگا هۆکارە بۆ تەعریب کردنی ناوچەکانمان"

 ئەو جوتیارە لە دڕیژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لەو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزاگاری کەرکووک کرد، کە دەوامی فەرمیی خۆیان ناکەن و دەبنە ڕیگر بۆ ئەوەی پارێزگاریکی نوێ بۆ کەرکووک هەڵبژێردرێت و وتی: بە دەوام نەکردنیان  "خزمەت بە درێژەپێدانی سیاسەتی تەعریب و تە بەعیس دەکەن".

"عەرەبە هاوردەکان پێشتر قەرەبوو کراونەتەوە"

تەیب حەمید  جوتیاریکی دیکەی جەڵکی ئینگجەیە و دەڵیت: لەگەڵ ئەوەی ئەو عەرەبە هاوردانە زەوییەکانی ئێمەیان داگیر کردبوو، بەڵام بۆ گەڕانەوەیان بۆشوێنی خۆیان حکومەتی عیراقی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ قەربووی کردنەوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوینەکانی خۆیان، نووسراوی فەرمیمان لایە، کە ڕاستی قسەکانمان دەسەلمێنن، کە ئەو کەسانە قەربوویان وەرگرتوە، بەڵام لە ڕێی دادوەریکی  سەربەخۆیان دەیانەوێت بە نایاسایی زەوییەکانیان بۆ بگەڕێنیتەوە.

تەیب حەمید لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئەوەشی وت، ئەندامانی ئەنجوومەنی کوردی  پارێزاگای کەرکووک بێ خەم و کەمترخەم زانی و وتیشی :ئەوان دەڵێن، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، باشە ئەی ژیانی خەڵكی کەرکووک  لە مەترسیدا نییە؟

"ئیستا نەمان پارێزن، مافی ئەویان نییە خۆیان بکەن بە خاوەنمان"

تاهیر بەکر جوتیارێکی تری ئینگجەیە و دەڵیت: لە ڕابردوو حکومەتی عێراق هەر ١٠ ساڵ جاریک سەرژمێریی دانێشتوانی دەکرد، لە سەر ژمێری ساڵانی ٢٧ تا ٦٧ هەر کورد و لە ئینگجە زۆرینە بووە و ئەو زەوییانەمان بەدەستەوە بووە، بەڵام هەمیشە دەسەڵات لە دژمان بووە هەوڵی داوە کورد لە ناوچەکە نە هێڵیت".

ئەو هاووڵاتییە ئەوەشى خستەڕوو "ئەو کەسانەی کە ئێستا دێن زەویەکانمان داگیر دەکەن پێشتر لە کوێت بوون و دەوڵەتی کوێت دەری کردوون، چونکە ناسنامەیان نەبوو و لە ئەسڵیشدا عەرب نین، بەڵام سەدام حوسێن لە خۆی گرتن و خۆی ناسنامەی عەرەبیی بۆیان دەرکرد و لە ناوچەکانی ئێمە نیشتەجێیکردن بە مەبەستی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردیەکان".

 هەروەها وتیشی "ئیستا پێویستمان بەوە هەیە لایەنە سیاسییەکان خاوەنداری لە خەڵکی ناوچەکە بکەن و ئەگەر ئێستا خاوەندار و پشتیوانیمان لێنەکەن ئەوا لە داهاتوودا مافی ئەوەیان نییە خۆیان بە خاوەنی ناوچەکە بزانن".

ر.م