بە ڕێپێوانێکی جەماوەری شەهیدکردنی شەهیدانی کورتەک شەرمەزار کرا

لە شارۆچکەی چوارقوڕنە و بە بەشداریی هەزاران کەس شەهیدکردنی شەهیدانی کورتەک لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە شەرمەزار کرا.

ئێوارەی دوێنێ شەممە لە شارۆچکەی چوارقوڕنە و لە رێپێوانێکی جەماوەریدا، کە هەزاران کەس تیایدا بەشداربوون شەهیدکردنی شەهیدانی کورتەک شەرمەزارکرا.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم بینای قائیمقامیەتی چوارقوڕنە دەستیپێکرد و هەتاکو ئەو مزگەوتەی پرسەی شەهیدانی تێدا بەرێوەدەچوو بەردەوامیى هەبوو.

 هەریەک لە کەسوکاری شەهیدان و هاوسەرۆکی گشتیی تەفگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و کۆمیتەی شەهیدان وتاری خۆیان پێشکەشکرد و ئەم هێرشەیان شەرمەزار و ڕیسواکرد و داوایان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کرد بێدەنگ نەبن لە ئاستی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

ئارام حسێن  بەناوی هەر دوو بنەماڵەی شەهیدانی کورتەک قسەی کرد و وتی: "بێدەنگی و خەمساردیی حکومەتی هەرێم جێگای داخە بۆ ئێمەی خەڵکی باشوور. ئێمە دەزانین حکومەتی تورکیا بێ مۆڵەتی حکومەتی هەرێم ناتوانێت ئەم هێرشانە بکات. جێگای شەرمەزارییە بۆ حکومەتی عێراق کە بەمشێوەیە لە بەرامبەر پێشێلکاری بەرامبەر هاووڵاتییانی بێدەنگ بێت."

هەروەها ئارام حسێن دەربارەی بەیاننامەکەی حکومەتی هەرێم وتیشی: " حکومەتی هەرێم ئەو بەیاننامەیەی بڵاونەکردایەتەوە باشتر بوو، ئەو بەیاننامەیە جێگای شەرمەزاری بوو و دڵی ئێمەی زیاتر ئێشاند. روو رەشی بۆ حکومەتی هەرێم و روو رەشی بۆ دەوڵەتی تورک."

لە کۆتایدا ئارام حسێن ئەوەشی وت: "داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەکەم هەڵوێستی مەردانە و کوردانەیان هەبێت بەرامبەر ئەم بۆردوومانانە، چونکە ئەم یەکەم بۆردوومان نییە کۆتا بۆردومانیش نابێت ."

شیلان شاکر هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان وتی: " پێویستە هیچی تر خەڵکی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بێدەنگ نەبن و لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی حکومەتی هەرێم، کە لە پێناو بەرژەوەندیی ئابووری و مانەوە لە دەسەڵات سەری خۆی شۆڕکردووە بۆ دەوڵەتی تورک. "

هەروەها شیلان شاکر وتیشی: " ئامادەین لە بەرامبەر هەر هێرشیک کە دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بەرخۆدان بکەین تا شەهید بوون بەرگری بکەین ."

ر.م