بەرەی عەرەبی: ئیدارەی ئیستای پارێزگای کەرکوک ئیدارەیەکی گەندەڵە

بەرەی یەکگرتووی عەرەبی لە شاری کەرکوک ئیدارەی شارەکەی بە گەندەڵکار ناودەبات و دەلێن'هەموو گەندەڵکاران لەکاتی گونجاودا ئاشکرا دەکەین'.

دوای ئەوەی لە چەندین بۆنەی جیاوازدا شیخ وەسفی عاسی سەرۆکی بەرەی یەکگرتووی عەرەبی ئیدارەی پاریزگای کەرکوک و پارێزگارەکەی ڕاکان سەعیدی بە گەندەڵکار ناوبرد و خۆپیشاندانی رێکخست دژی پارێزگاری کەرکوک و ئیدارەکەی، لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شێخ وەسفی عاسی سەرۆکی بەرەی یەکگرتووی عەرەبی دەرکرا.

ئەمرۆ لە بارەگەی سەرەکی بەرەی عەربی لە شاری کەرکوک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدرا، لە کۆنگرەکەدا محەمەد ساڵح رەیاشدی بەناوی بەرەی عەرەبی بەیاننامەی بەرەکەی خوێندەوە و ووتی: "بەرەی یەکگرتووی عەرەبی دەیەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونی بکاتەوە کە لێکەوتەکان و هۆکارەکانی بە ئامانجکردنی شێخ وەسفی عاسی سەرۆکی بەرەی یەکگرتووی عەرەبی ئەمانەن:هەلوێستی شێخ وەسف عاسی و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لە کەنالێکی عێراقی سەبارەت بەو پێشەلکاریانەی دژی هاووڵاتیانی ناوچەکانی تازەخورماتوو و داقوق و ڕەشاد دەکرێت لەلایەن سێ گروپ و لایەن کە لای گشتی ئاشکران کە ئەو لایەنانە کێن، ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لەو پێشەکارییانەی لەو ناوچانە دەکرێت ئیستا شێخ وەسفی عاسی-یان کردووتە ئامانج."

هەروەها محەمەد ساڵح رەیاشدی ووتیشی: ''هۆشداری دەدەین کە بەئامانج کردنی کەسایەتیە نشتیمانی و عەشایرەکان دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ئاشتی کۆمەلایەتی شارەکە و دروست بوونی ئاژاوە، ئێمە نامانەوێت بارودۆخی شارەکە خراپتر بێت بەتایبەتی لەم کاتە سەختەی کە عێراق تیدا تێپەر دەبێت."

لە کۆتایدا محەمەد ساڵح رەیاشدی ووتی: "بەلێن دەدین کە بەئامانجکردنی بەرەی عەربی رێگرنابێ لە پارێزگاری کردن لە پێکاتەی عەرەب و عێراق بوونی شاری کەرکوک وە دەستکەوتەکانی سەپاندنی یاسا لە کەرکوک دەپارێزین، وە بەرەی یەکگرتوووی عەرەبی هەلوێستی دەبێت لە گەندەل و گەندەڵکاران لە پارێزگای کەرکوک، وە لەکاتی گونجاودا هەموو گەندەڵکاران ئاشکرا دەکەین."

ڕ..ح