تەونی ژیان لە شەنگال بەردەوامە

سەرباری کەمیی دەرفەتەکان، بەڵام لە شەنگال تەونی ژیان بەردەوامیی هەیە. لەلایەک تێکۆشان لە دژی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەلایەکى تر کاری خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بەرێوەدەچێت.

لە ناوچەى شەنگالی ژێر سەروەریی بەرێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکدا شانبەشانی رێوشوێنە ئەمنی و تەندروستییەکان ژیان بەردەوامیی هەیە. دواى  ئەوەی پەتای نەخۆشیی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهاندا گەیشتە ئاستێکى مەترسیدار، بەرێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە شەنگال لە چوارچێوەی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەى ئەو نەخۆشییە هەندێک رێوشوێنى گرتەبەر.

  رێوشوێنەکان توندکران

رۆژی ١٦ی ئادار دەستەى بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری شەنگال رایگەیاند، جگە لە پێویستییە ژیانییەکان و دۆخی لە ناکاو هاتوچۆکردن لە بۆ دەرەوەى شەنگال و هاتوچۆکردن لە نێوان کۆمەڵگەکاندا راگیراون. هاوکات تیمەکانى تەندروستی لە خاڵەکانى پشکنین و لە گەڕەکەکان و نەخۆشخانەکاندا پشکنین و چاودێرییەکان چڕتر کردەوە، بۆیە بەپێی ئاماری فەرمی تاوەکو ئێستا یەک تووشبو بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە ناوچەکە تۆمار نەکراوە.

ئەنجوومەنى گەل سەفەربەر بووە

ئەنجوومەنى گەل لەپێناو رێگریکردن لە زیان گەیشتن بە گەل بە هەموو توانا و دەرفەتی خۆییەوە و بەشێوەی هەمە لایەنە دەستبەکار بووە و تواناکانی خۆی خستووتە خزمەتى گەلەوە. بەپێی تواناکانیان هاوکاریی ژیانی و تەندروستی پێشکەشی ئەو بنەماڵانە دەکەن، کە پێویستیان بە هاوکاری هەیە.

گەل خۆیان هاوکاریی یەکتر دەکەن

لە ناوەندی شەنگال و هەموو کۆمەڵگەکان و گوندەکاندا، شارەوانی و ئەنجوومەن و خەڵکی ناوچەکان بە هاوبەشی تواناکانی خۆیان یەکدەخەن و بەرەنگاری کەمیی دەرفەت و پێداویستییەکان دەبنەوە. لەلایەک کارەکانى پاککردنەوە و لەلایەکی ترەوە کاری دەرمانڕێژکردنی شەقام و کۆڵانەکان بەڕێوەدەچێت.

شارەوانییەکانى گەل بە هاوکاریی ئەنجوومەنەکان و بەپێی تواناکانی خۆیان لە هەوڵدان خزمەت پێشکەشی هەموو کۆمەڵگە بکەن. هەم پاککردنەوەى شەقام و گەڕەکەکان  هەمیش بەشێوەیەکى رێکوپێک کارەکانى ئاوەندانکردنەوە و کاری پاراستنى ژینگەش بەرێوەدەچێت.

لەو چوارچێوەیەدا خەباتکارانی شارەوانی نەک تەنها لە ناو گەڕەکەکاندا، بەڵکو لە پارکەکان و هەموو ناوچەکاندا لەگەڵ هاتنی بەهاردا بەشێوەیەکى رێکوپێک کارەکانی بواری ژینگەش بەڕێوەدەبەن.

شانبەشانی هەموو رێوشوێنە ئەمنی و تەندروستییەکان و بەردەوامیدان بە کاری ژینگەیی، لە رووی کشتوکاڵیشەوە کارەکان بەردەوامییان هەیە و هاووڵاتییان لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا سەرقاڵ چاندن و جوت و کاروبارەکانى تری بواری کشتوکاڵن.

ژ.ت