خولێکى تری پەروەردەى هێزەکانى ئاسایشی ئێزیدخان لە شەنگال بەڕێوەچو

ئاسایشی ئێزیدخان خولێکى نوێى پەروەردەى بۆ ١٦ ئەندامی نوێى هێزەکانى بەڕێوەبرد و لە دواى تەواوبوونی خولەکە، ئەو کەسانە لە ناو هێزەکانى ئاسایشی ئێزیدخان لە شەنگال دەستبەکار بوون.

لە شارۆچکەى خانەسۆر لە شەنگال و لە ئەکادیمیاى شەهید شەنگال خولی شەهید بروسک بۆ ١٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ئێزیدخان بەرێوەچوو و کۆتایی خولەکەش بە مەراسیمێکى سەربازی و بەشداریى هێزەکانى ئاسایشی ئێزیدخان بەڕێوەچوو.

ئەندامانى نوێى بەشداربوو لە خولەکەى ئاسایشی ئێزیدخان خەڵکى گوندەکان و شارۆچەکانى شەنگالن.

مەراسیمى سەربازیى ئەو هێزەى ئاسایشی ئێزیدخان بە خولەکێک رێزگرتن بۆ شەهیدانى تێکۆشانى ئازادیى کوردستان و شەهیدانى ٧٤هەمین فەرمانی سەر ئێزیدییەکان لە شەنگال دەستیپێکرد.

ئەو خولەى ئاسایشی ئێزیدخان بۆ ئەندامە نوێکانى ئاسایشی ئێزیدخان ماوەى ٢٥ رۆژ بەردەوام بوو و لەو ٢٥ رۆژەدا پەروەردەیان لەسەر دیسیپلینى سەربازی، مێژووی ئێزیدخان و خۆپاراستن بینی.

لە مەراسیمەکەدا سەبەح جردۆ بە ناوی فەرماندەیى ئاسایشی ئێزیدخان وتەیەکى پێشکەشکرد و سەرەتا کۆتایهێنانى خولەکەى لە ئەندامانى نوێى ئاسایشی ئێزیدخان پیرۆز  کرد و وتى "وەک دەزانرێت لە کاتى فەرمانەکە بۆ سەر شەنگال تاوەکو ئێستا هێرشەکان بۆ سەر شەنگال بەردەوامییان هەیە. بۆ ئەوەى رێگری لەو هێرشانە بکرێت، پێویستی بە پەروەردە هەیە. لە کاتى فەرمانەکەدا ژمارەیەکى زۆر لە هەڤاڵانمان بەرخودان و خۆڕاگرییان کرد و لە سایەى ئەواندا ئێمە توانیمان خۆمان بپارێزین. رۆڵەکانى ئێزیدی لە ناو ریزەکانى یەکینەکانى بەرخودانى شەنگال (یەبەشە - YBŞ) و یەکینەکانى ژنانی شەنگال (یەژەشە - YJŞ) خۆیان رێکخستووە".

سەبەح وتیشی، سەرباری ئەوەى لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانى ئاسایش، بەڵام هێزەکانى ئاسایش دەیانەوێت ئارامیى هەرێمەکە بپارێزێن. ئەو هێزەى ئێستا بووەتە هۆی پاراستنى گەل، کە بە بەردەوامی هێرش دەکرێتە سەر ئەم گەلە.

سەبەح ئەوەشی وت "ئێمە ئومێد دەکەین، ئەم هەڤاڵانەمان کە پەروەردەیان تەواوکردووە، بە هەموو توانایانەوە خزمەتى ئێزیدخان بکەن".

ر.م