دادگای دهۆک بڕیاری ئازادکردنی بەدەل بەرواری نەدا
دادگای دهۆک بڕیاری ئازادکردنی بەدەل بەرواری نەدا و پارێزەرەکەشی دەڵێت: ئازادنەکردنی بەرواری، جگە لە بابەتێکی سیاسیی، هیچی دیکە نییە.
دادگای دهۆک بڕیاری ئازادکردنی بەدەل بەرواری نەدا و پارێزەرەکەشی دەڵێت: ئازادنەکردنی بەرواری، جگە لە بابەتێکی سیاسیی، هیچی دیکە نییە.
لە کۆی هەشت دەستگیرکراو، دادوەری دادگای دهۆک ئەمڕۆ بڕیاری ئازادکردنی حەوت لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکەی دهۆکیدا.
ڕێڤینگ یاسین، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوان بە ڕۆژنیوزی وتووە، هەریەک لەو کەسانە بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار بڕیاری ئازادکردنیان دراوە و وتیشی: "لەناو ئەو حەوت کەسەدا تا ئێستا سیانیان ئازاد کراون، کە هەریەک 'شڤان بەروشکی و غازی نێروەی'یان لەناودایە."
ئەو پاریزەرە ئاشکرایکرد، کە تاکە کەسێک بڕیاری ئازادکردنی نەدرابێت بەدەل بەرواری-یە، کە مامۆستایە و یەکێک لە ڕیکخەرانی خۆپیشاندانەکەیە، بەڵام شەوی پێش ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە لەلایەن هێزەکانی ئاساییشەوە دەستگیرکرا.
سەبارەت بە هۆکاری ئازادنەکردنی بەدەل بەرواری، ڕێڤینگ یاسین، وتی: هۆی ئازادنەکردنی جگە لە بابەتێکی سیاسیی، هیچی دیکە نییە.
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە لە شاری دهۆک سەدان کەس لە چالاکوان، مامۆستا و فەرمانبەر خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان دژ بە دابەشنەکردنی مووچە ئەنجامدا، هێزەکانی ئاسایشیش هەڵیانکوتایە سەر خۆپیشاندەران و نزیکەی ١٠٠ کەسیان دەستگیرکرد، دواتر بەشی زۆریان سەربەست کران و ١٥ کەسیان لە زیندان هێڵدرانەوە.
لەناو ئەو ١٥ کەسەشدا هەشتیان تا ئەمڕۆ لە زینداندا بوون و ئێستا تاکە کەسێکیان، کە بڕیاری سەربەستنەکردنی نەدرابێت مامۆستا بەدەل بەرواری-یە، کە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان داروەتە پاڵی.
ز.ش