دانیشتوانی قەندیل: دیارغەریب بە دەستی هاوکارانی دەوڵەتی تورک شەهید کرا

خەڵکی بناری قەندیل: دیارغەریب بە دەستی دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی شەهید کرا. دەبێت گەلی کورد ڕێگە بەو شتانە نەدات.

لە ٥ی تەمووزی ٢٠١٩/١٤ی پووشپەڕ فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست هەرێمی قەندیلیان بۆردومان کرد. لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) دیارغەریب و دووهاوڕێی شەهید بوون. خەڵکی بناری قەندیل ناڕەزاییان دەربڕی و بە یەکدەنگیی وتیان: "دەوڵەتی تورک تەنها بە فڕۆکەکانی ناتوانێت هەڤاڵێکی وەکو هەڤاڵ دیارغەریب شەهید بکات. ئەو کارە بە هاوکاریی سیخوڕە کوردە خۆفرۆشەکان کراوە".

هاوڵاتییەک بەناوی شاخەوان مەعروف ڕەسووڵ قسەی بۆ ئێمە کرد و وتی: "شەهیدبوونی هەڤاڵ دیار غەریب قەبوڵ ناکەین. ئەوە شەرمەزارییە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ دەوڵەتی تورکی فاشیستیش. چونکە تورکیا هەر شتێک بکات بە ئاگاداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیکات. ئەوەش زۆر جار کراوە، بەڵام دیسانیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە سەردانی تورکیا و خەڵکی قەندیل دەبنە قوربانیی ئەو شتە".

شاخەوان ڕایگەیاند کە دیار غەریب ٢٥ ساڵ تێکۆشاوە و وتی: "دەوڵەتی تورک هەتا هەڤاڵ دیارێک ڕیشەکێش دەکات، هەزاران هەڤاڵ دیاری دیکە سەوز دەبن. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتییەکەی بیانەوێت هەرێمی قەندیل چۆڵ بکەن، دەبێت باش بزانن کە خەڵک دەستبەرداریی ناوچەکانیان نابن."

حکومەتی هەرێم شەرمەزار دەکەین

شاخەوان سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو شتەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئێمە دەبینە دەوڵەت، بەڵام هەموو ڕۆژێک ڕژێمی تورکی فاشیست ناوچەکانی هەرێم چۆڵ دەکات و لە شوێنیاندا میتی تورک نیشتەجێ دەکات. شاخەوان وتیشی: "لەبەر ئەو شتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەو شتە و وادەکات داگیرکەر بێتە سەر خاکەکەمان. هەڤاڵ دیار غەریب ٢٥ ساڵ بوو تێدەکۆشا، شەهیدێکی نەمرە. بانگەوازی بۆ هەموو کوردی بەشەرەف دەکەم کە ئەو شتە شەرمەزار بکەن".

خدر فه‌قێ برایم: هه‌ڤاڵ دیار كه‌سێكی زۆر بەڕێز بوو

خدر فەقێ برایم کە چەندین جار دیار غەریبی لە نزیکەوە بینییوە، باسی دیار غەریبی کرد. خدر فەقێ وتی: "هەڤاڵ دیار کەسێکی باش و بەڕێز بوو. هەمیشە دەهاتە لای ئێمە و دەیگوت ئاگاداریی سیخوڕەکانی دوژمن بن، دوژمن هەمیشە دەیەوێت هێرش بکات. هەڤاڵ دیار ٢٥ ساڵ بوو تێدەکۆشا، بەڵام فڕۆکەکانی تورک بۆمبارانیان کرد. دەبێت گەلانی باشووری کوردستان دەنگ هەڵبڕن و دەوڵەتی تورکی فاشیست لەوێ وەدەر بنێن".

بەهار ئە‌حمه‌د: سیخوڕەکان شه‌رمه‌زار دەكەین

هاوڵاتییەک بەناوی بەهار ئەحمەدیش وتی کە: "هەڤاڵ دیار جێگەی خۆی لەدڵی هەموو کەسێکدا کردبووەوە. با کەس نەڵێت هەڤاڵ دیار ئیتر نەماوە، هەزاران دیار غەریب ماون و ئێمە هیچ کات ڕێگەی دیار غەریب بەرنادەین. ئەوانەش شەرمەزار دەکەم کە بۆ پارە خۆیان دەفرۆشن و ناپاکیی لە گەلی کورد دەکەن. لەبەرئەوەی کەسایەتییەکی وەکو دیار غەریب هەرگیز لەبیر ناکرێت. دەوڵەتی تورک بە بیانووی ئەوەی کە پەکەکە لێرەیە، هەموو ڕۆژێک خەڵکی سڤیل دەکوژێت".

گەنجێک بەناوی کاوە تاکوریش ڕایدەگەیەنێت کە دەبێت گەلی کورد لەبەرانبەر شەهیدکردنی دیار غەریب بێدەنگ نەبێت و وتی: "بە دەستی جاش و خۆفرۆش هەڤاڵ دیار شەهید بوو. پەیوەندی هەڤاڵ دیار لەگەڵ خەڵکی باشوور زۆر باش بوو. لەگەڵ گەل کۆ دەبووەوە و گەل و گەنجانی پەروەردە دەکرد. تاکور وتی: "تۆڵەی هەڤاڵ دیار دەکەینەوە. وەکچۆن لە ڕۆژئاوا شۆڕش کرا، هەتا ئەو کاتەی لە باشووریش شۆڕش دەکرێت لەسەر ڕێبازەکەی هەڤاڵ دیار بەردەوام دەبین".

ک-ش